Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 01:21

نوێژی خوتبه‌م چوو

ساوار به‌ گۆشتی قازمان ھه‌بوو
کوردستان TV
100%

ن/ عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهاد

نیوه‌ڕۆ گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ خوانه‌كه‌ به‌ كفته‌ی سۆر ڕازابۆوه‌ كه‌ لای من یه‌كێكه‌ له‌ خواردنه‌ نایابه‌كان، ته‌ماشام كرد منداڵه‌كانم لالووتن، تومه‌ز حه‌زیان لێی نییه‌، ناچار له‌سه‌ر داوای خۆیان تڕومبێله‌كه‌م به‌گڕ خسته‌وه‌ و چووم فه‌لافلم بۆ ھانین، ڕۆژی پاشتر دۆڵمه‌مان ھه‌بوو ھه‌ر نه‌یانده‌خوارد و سه‌عات یازده‌ زه‌نگیان بۆ لێدام و داوایان كرد له‌گه‌ڵ خۆم پیتزایان بۆ ببه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌شم كرد. دووشه‌ممه‌ سه‌عات یه‌ك گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، بینیم نیسك و شفته‌ مابۆوه‌ و شتاقیان ده‌میان نه‌گه‌یاندبووێ، ناچار چووم له‌حم بیلعه‌جینم بۆ كڕین.

 سێشه‌ممه‌ له‌سه‌ر داوای خۆیان و بێزار له‌ خواردنی ماڵه‌وه‌، سه‌نده‌ویجم له‌ گه‌س غازی بۆ ھێنانه‌وه‌. چوارشه‌ممه‌ ده‌عوه‌تی ڕێستورانتی ئه‌بوشه‌ھابم كردن كه‌ پێچه‌وانه‌ی خۆم زۆریان حه‌ز له‌ ڕێستورانتانه‌.

 پێنجشه‌ممه‌ ساوار به‌ گۆشتی قازمان ھه‌بوو كه‌ قه‌ت دڵیان بۆی ناچێ، چاوه‌ڕێ بوون تا دایكیان فینگه‌ری بۆ ساز و ئاماده‌ كردن.

 ھه‌ینی دره‌نگ له‌ خه‌و ڕابووم و ئه‌وان خه‌وتبوون و به‌ر له‌وه‌ی بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ داوام كرد داندۆكم بۆ لێنێن، سه‌عات نزیكی دوازده‌ بوو گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ بۆنی داندۆك منی سه‌رسام و ئه‌وانی دڕدۆنگ كردبوو، به‌ داوای دایكیان و حه‌زی خۆیان، ناردمیانه‌ فاست فوودێك تا ھه‌مبه‌رگه‌ریان بۆ بكڕم و ئه‌وه‌شم كرد و كه‌ گه‌یشتمه‌ ماڵه‌وه‌ و بینییان ھه‌مبه‌رگه‌ر مایۆنیزی تێدایه‌، نه‌یانخوارد و ناردمیانه‌وه‌ بۆیان بگۆڕم به‌ ھیی بێ مایۆنیز، به‌و جومعه‌ی موباره‌كه‌ زۆر ماندوو بووم و كه‌ نزیكی ماڵه‌وه‌ بوومه‌وه‌ بینیم نوێژكه‌رانی جومعه‌ له‌ مزگه‌وت ده‌ھاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و منیش نوێژی خوتبه‌م چوو!

ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ولادی عه‌سڕ و چیڕۆكی ژیانی ڕۆژانه‌م.

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.