Erbil 7°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 05:03

 شانۆی مۆنۆدراما له‌ ئێستادا 

هیچ ئه‌كته‌رێك له‌سه‌رشانۆ نابێته‌ به‌دیل بۆ ئه‌كته‌ره‌كانی تر
کوردستان TV
100%

ن/ د.ژیلوان تاهیر

ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌مێژووی شانۆدا بده‌ینه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ لای گریكه‌كان (تیسبس )یه‌كه‌م كه‌س بوه‌ له‌سه‌ر گالیسكه‌كه‌ی شانۆی مۆنۆدرامای پێشكه‌ش كردوه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شانۆ بوو،وه‌له‌و سه‌رده‌مه‌دا نوسه‌رو ده‌رهێنه‌رو ته‌كنیكی هونه‌ری بوونی نه‌بووه‌ وه‌شانۆنه‌یه‌ك نه‌بووه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی و هونه‌ری به‌رجه‌سته‌ كرابێت.

له‌ دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و ئابوری شانۆی مۆنۆدراما سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی تاك به‌ڵام نه‌بووه‌ شانۆیه‌كی گشتگیر ،وه‌له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م و ده‌ركه‌وتنی شانۆی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی چه‌ندین تیۆرو قوتابخانه‌و ستایلی شانۆیی له‌سه‌رده‌ستی ستانسلافسكی و مایرهۆڵدو برێخت و ماكس راینهاردو ئارتۆو بینه‌ر بروك و كرۆتۆفسكی .. هتد،به‌ڵام هیچ كام له‌م بلیمه‌تانه‌ میتۆدێكی دیاری كراویان بۆشانۆی مۆنۆدراما دانه‌نا به‌ڵكو دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌شانۆ كارێكی هاوبه‌شه‌و سه‌رجه‌م هونه‌ره‌ جوانه‌كان له‌خۆی ده‌گرێت له‌سه‌ربنه‌مایه‌كی فیكری و هونه‌ری و ئیستاتیكی،وه‌له‌مێژوی شانۆی ئه‌كادیمیدا هه‌ر له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م تاكو ئه‌مرۆش له‌زانكۆ هونه‌ریه‌كانی تایبه‌ت به‌شانۆ شانۆی مۆنۆدراما وه‌كو وانه‌یه‌كی تایبه‌ت ناخوێندرێت چونكه‌ شانۆی مۆنودراما گێرانه‌وه‌ی چیرۆكه‌ و ناتوانێت سه‌رجه‌م ره‌گه‌زه‌كانی نمایشی شانۆیی به‌رجه‌سته‌ بكات و ململانێ یه‌كلا بكاته‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی شانۆ ململانێیه‌ و له‌ ئه‌نجامی ململانێ چه‌ندین روداو وێنه‌ی درامی له‌ خۆی ده‌گرێت به‌ئاراسته‌ی لوتكه‌.

 بیته‌ر برۆك هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ شانۆی مۆنۆدراما به‌شانۆیه‌كی ناكامل له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و پێی وایه‌ هیچ ئه‌كته‌رێك له‌سه‌رشانۆ نابێته‌ به‌دیل بۆ ئه‌كته‌ره‌كانی تر وه‌له‌ روی سایلۆلۆژیه‌وه‌ تاكه‌ ئه‌كته‌رێك ناتوانێت له‌روی سۆسیۆلۆژیه‌وه‌ ببێته‌ هه‌ڵگری بۆماوه‌یی و سیفاتی ئه‌كته‌ره‌كانی تر به‌تایبه‌تی خۆگۆرینی ره‌گه‌زیك بۆ ره‌گه‌زێكی تر ، ته‌نانه‌ت( فرۆید) زانای زانستی ده‌رونی پێی وایه‌ هه‌ر مرۆڤێك گوزارشت له‌خۆی ده‌كات كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ باری فسیۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و ده‌رونی ، هه‌روه‌ها (بێكت) ده‌ڵێت: كه‌س ناتوانێت له‌جیاتی كه‌سێكی تر ئازار بكێشت و بگریت ،هه‌مدیسان ده‌رهێنه‌ری گه‌وره‌ی عێراقی دكتۆر سه‌ڵاح قه‌سه‌ب له‌ پێناسه‌ی شانۆی مۆنۆدرامادا ده‌ڵێت: مۆنۆدراما وه‌كو خۆشه‌ویستی یه‌كلایه‌نه‌یه‌ و هه‌رهاوار ده‌كات نه‌كه‌س به‌لای دادێت و نه‌كه‌سیس فریای ده‌كه‌وێت وه‌پێی وایه‌ تاكه‌ ئه‌كته‌رێك له‌سه‌ر شانۆ تانوابێت وێنه‌ی تابلۆیه‌ك دروست بكات كه‌ ته‌كوین و ته‌وازن و میزانسین و ریتمی دیمه‌نه‌كان بپارێزێت ،منیش پێم وایه‌ له‌سه‌رده‌می ئیستادا چه‌ندین ئه‌كته‌ری كورو كچ و مناڵ و پیرمان هه‌یه‌ حیكمه‌ت چیه‌ تاكه‌ ئه‌كته‌رێك له‌جیاتی هه‌موان رۆڵ ببینێت ،شانۆی مۆنۆداما ده‌كرێت وه‌كو نمونه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌وه‌ پێشكه‌ش بكرێت له‌ خۆیان به‌ته‌واوی جیاكردته‌وه‌و ته‌رخان كردوه‌ بۆئه‌م جۆره‌ شانۆییه‌ به‌ڵام نه‌وه‌ك بكرێت به‌ دیارده‌یه‌كی زه‌ق و ساڵانه‌ لێره‌و له‌وێ ڤیستیڤاڵی بۆسازبكرێت ،ئێمه‌ له‌ كوردستان رۆژ له‌دوای رۆژ بینه‌ری شانۆیمان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین نه‌ك بینه‌ری ئاسایی به‌ڵكو به‌شێك له‌و ده‌رچوانی په‌یمانگه‌و كۆلێژی هونه‌ر كه‌ شانۆ ته‌واو ده‌كه‌ن دوای ده‌رچونیان له‌شانۆ داده‌برێن و نه‌ كاری شانۆیی ئه‌نجام ده‌ده‌ن نه‌ده‌بنه‌ بینه‌ری شانۆیی هه‌ربۆیه‌ پێویستمان به‌وه‌هه‌یه‌ شانۆیی جه‌ماوه‌ری پێشكه‌ش بكه‌ین له‌ زۆرترین ئه‌كته‌ری دێرین و گه‌نجه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر شانۆ رۆڵی خۆیان ببینن ،له‌ماوه‌ی چوارساڵی شه‌ری سه‌پێنراوی داعش شانۆ زۆر زه‌ره‌رمه‌ند بوو ده‌رگای تیپه‌كان داخران به‌ڵام ئه‌مرۆ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌ جیاتی سازدانی ڤیستیڤاڵ و هێنانی میوانی بیانی و خزمه‌ت كردنیان باشتر وایه‌ خه‌مێك له‌ تیپه‌ هونه‌ریه‌كانی كوردستان بخورێت و ده‌رگای تیپه‌كانیان واڵا بكرێته‌وه‌ و هۆڵه‌كان نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌و ته‌كنیكی نوێی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان بۆ دابین بكرێت و ساڵانه‌ بودجه‌ی به‌رهه‌می خۆماڵی بۆ به‌رهه‌می شانۆیی ته‌رخان بكرێت تاكو زۆرترین ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌ر بتوانن رۆڵی خۆیان له‌سه‌رشانۆ ببینن ئه‌مه‌ش به‌نمره‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ .

كوردستان تیڤی/ كامران  

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.