Erbil 7°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 23:26

هاتنی نه‌ورۆز بازاڕی خه‌ڵوزی گه‌رمکردووه‌

ساڵانه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆری خه‌ڵوز هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت
کوردستان TV
100%

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ له‌ وه‌رزی به‌هار و جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خواست له‌سه‌ر كڕینی خه‌ڵوز بۆ برژاندنی گۆشت و خواردنه‌كانی دیكه‌ زیاد ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ساڵانه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆری خه‌ڵوز هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، دڵدار ده‌ڵێت: ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی به‌هار خواستی خه‌ڵك بۆ كڕینی خه‌ڵوز زیاد ده‌بێت ئه‌مه‌ش واده‌كات كوردستان ببێته‌ بازاڕێكی باشی ساخكردنه‌وه‌ی خه‌ڵوزی وڵاتان. 

له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ڕێنمایی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ خه‌ڵوز به‌رهه‌م ده‌هێندرێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌باره‌ی ڕێنمایی به‌رهه‌مهێنانی خه‌ڵوز له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: به‌رهه‌مهێنانی خه‌ڵوز له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ڕێنمایی ژماره‌ 10 ی ساڵی 2012 پاڵپشت به‌ یاسای دارستان تایبه‌ت به‌ دروستكردنی خه‌ڵوز ژماره‌ 9 ی ساڵی 2013 ڕێنمایی پێدانی مۆڵه‌ت بۆ به‌رهه‌مهێنانی خه‌ڵوز و ڕێكخستنی به‌ر‌هه‌مهێنانی به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی ڕێگه‌ ده‌دات به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ڕێگه‌ی نوێ و له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی كارگه‌ خه‌ڵوز به‌رهه‌مبهێنن و ڕێگه‌ی كۆن كوره‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا پێشتر به‌رهه‌مهێنه‌رانی خه‌ڵوز له‌ ڕێگه‌ی كوره‌ و بڕینی داری باغ و دارستانه‌كان خه‌ڵوزیان به‌رهه‌م ده‌هێنا كه‌ ئه‌مه‌ش زیانێكی زۆری به‌ ژینگه‌ و دارستانه‌كان گه‌یاندبوو بۆیه‌ به‌پێی یاسا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌. له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو له‌ پارێزگاكان ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ندین كوره‌ی نایاسایی گیراوه‌ و بڕێكی زۆری داری بڕاوه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا دوو كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی خه‌ڵوز هه‌ن

له‌باره‌ی ئه‌و دارانه‌ی كه‌ له‌ كارگه‌كان ده‌كرێن به‌ خه‌ڵوز دڵدار رونیكرده‌ووه‌: نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خاوه‌ن كارگه‌كان داری دارستانه‌كان و باغ ببڕنه‌وه‌ ته‌نیا ئه‌و دارانه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ كه‌ڵكی بڕانه‌وه‌ دێن به‌ڵام ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌بێت. باسی له‌وه‌شكرد له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا دوو كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی خه‌ڵوز هه‌ن كه‌ ئه‌وانیش ڕێژه‌یه‌كی كه‌م خه‌ڵوز به‌رهه‌مده‌هێنن كه‌ به‌شی پێویستی ناوخۆ ناكات بۆیه‌ ڕێگه‌ به‌ هاورده‌كردنی خه‌ڵوز دراوه‌. 

هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی هاورده‌كردن به‌ پارێزگاكانیش دراوه‌ به‌ڵام به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ساڵانه‌ له‌ وڵاتانی ئێران و توركیا و چین ئۆكرانیا ئه‌نده‌نوسیا خه‌ڵوز هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت،ساڵی 2016 له‌ ڕێگه‌ی مه‌رزی باشماخ 1080 تۆن خه‌ڵوز هاورده‌ كراوه‌ له‌ مه‌رزی ته‌مه‌رچین 400 تۆن و سنوری ئیبراهیم خه‌لیل 500 تۆن هاورده‌كراوه‌. ساڵی 2017 له‌ ڕێگه‌ی مه‌رزی باشماخ 2 هه‌زار و 863 تۆن و له‌ ڕێگه‌ی مه‌رزی ته‌مه‌رچین 100 تۆن هاورده‌ كراوه‌. ساڵی 2018 له‌ ڕێگه‌ی مه‌رزی باشماخ هه‌زار و 75 تۆن هاورده‌ كراوه‌. به‌ڵام له‌ 3 مانگی ئه‌مساڵ كه‌ زیاتر له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی بڕی 6 هه‌زار تۆن خه‌ڵوز هاورده‌ كراوه‌.

ڕه‌مه‌زان فازل كه‌ ماوه‌ی 10 ساڵه‌ كاری فرۆشتنی خه‌ڵوزه‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر ڕێگای سه‌یرانگاكان له‌باره‌ی فرۆشی خه‌ڵوز ده‌ڵێت: من هه‌موو ساڵێك ته‌نیا له‌ مانگی ئادار زیاتر له‌ 100 فه‌رده‌ خه‌ڵوز ده‌فرۆشم . ئاماژه‌ به‌ جۆر و نرخی خه‌ڵوزه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: ئێمه‌ دوو جۆر خه‌ڵوز له‌ بازرگانان ده‌كڕین پێش نه‌ورۆز فه‌رده‌یه‌ك خه‌ڵوزی جۆری داری كایته‌مان له‌ بازرگانان به‌ 8 هه‌زار دینار ده‌كری به‌ڵام ئێستا بووه‌ته‌ 11 هه‌زار دینار، هه‌روه‌ها فه‌رده‌یه‌ك له‌ جۆری داری به‌ڕوومان ده‌كڕی به‌ 12 هه‌زار دینار ئێستا بووه‌ته‌ 15 هه‌زار دینار. هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ هاتنی نه‌ورۆز نرخه‌كان به‌رز ده‌بنه‌وه‌ پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌مساڵ زیاتریش به‌رز بێته‌وه‌.

ئاماده‌كردنى : سیامه‌ند كه‌ریم

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.