Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 08:50

قادر دیلان ،ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی سروودی نەورۆزی داناوە

ئه‌مرۆ 20 ساڵ بەسەر كۆچی دوایییدا تێپه‌رده‌بێت
کوردستان TV
100%

گۆرانی بێژ و ئاوازدانەر و موزیكژەن و ئەكتەری كورد " قادر دیلان " هەر لە تەمەنی چرۆدا بە ئەشقەوە تێكەڵ بە كاری هونەری بوو، ئه‌مرۆ 20 ساڵ بەسەر كۆچی دوایییدا تێپه‌رده‌بێت .

قادر دیلان ناوی تەواوی قادری كوڕی مەلا ئەحمەدی دیلانە و لە ساڵی 1928 لە خێزانێكی ناسراوی شاری سلێمانی لە دایك بوە و لە ماوەی تەمەنیدا كۆمەڵێك بەهرەی هونەری تێدا بوە وەك گۆرانی بێژی و ئاوازدانان و مۆسیقا ژەنین و كاری نواندن و شانۆ.

ئەو بەهرەمەندە كۆچكردووە خاوەنی چەندین گۆرانی بە جۆش و خرۆشە كە دیاترینیان فریشتە و جوانی بێ ناو و چەندین گۆرانی دیكەیە، هەروەها شارەزایەكی باشی هەبوە لە ژەنینی چەندین ئامێری مۆزیكی وەك عود و كەمانجە و شمشاڵ و ساكسیفۆن و كلارنێت، بەڵام زیاتر ئامێری كلارنێتی ژەنیوە و دڵی بەو ئامێرە ئاوی خواردۆتەوە .

دیلان لە ساڵی 1948 تیپی مۆسیقای (دیلان) ی دامەزراندوە، دواتر بەهۆی ڕێز و شكۆی شاعیری پایە بەرز (مەولەوی) ناوی تیپەكەی گۆڕیوە بۆ تیپی مۆسیقای (مەولەوی) و یەكێك بوە لە كەسە هەرە چالاكەكانی ئەو تیپە مۆسیقیە و هەر لەو ساڵەش ئاوازی بۆ سروودی نەورۆز داناوە، هونەرمەندی كۆچكردوو لە ساڵی 1962 دەچێتە دەرەوەی وڵات و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە براغی پایتەختی ئەوسای وڵاتی جیكۆسلۆڤاكیا دەگیرسێتەوە و لەوێدا بە كاریگەرییەوە و بە شێوەیەكی ئەكادیمی وانەی موزیكی خوێندوە تا بە شێوەیەكی هونەری باش ماف بە ئامێرە موزیكیەكان بدات .

دیلان زۆر بە زیرەكی توانی دەست پێشخەر بێ لە بەكارهێنانی ئامێری ڕۆژئاوایی لە گۆرانی كوردیدا، بەڵام بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە لە ڕۆژی 18 ی ئاداری ساڵی 1999 بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە كە بەهۆیەوە دەیناڵاند تا دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت و كۆچی دوایی كرد و هەر لە براغ تەرمەكەی بە ئەمانەت نێژرا، بەڵام دواتر لە ساڵی 2007 تەرمەكەی هێنرایەوە شاری سلێمانی و لە زێدی لە دایك بوونی جارێكی دیكە لە ڕێو ڕەسمێكی شایستەدا سپاردەی خاك كرایەوە .

هه‌ولێر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.