Erbil 8°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 23:39

له‌ ئوردن باس له‌ رۆڵی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی وه‌ک رێبه‌ری گه‌لی کوردستان کرا 

پێویسته‌ رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب خوێندنه‌وه‌ی دروستیان بۆ پرسی كورد هه‌بێت
کوردستان TV
100%

دوێنێ ئێواره‌ رێكه‌وتی  ٢٦ / ١ / ٢٠١٩ له‌ عه‌مانی پایته‌ختی ئورده‌ن، غه‌فوور مه‌خمووری سكرتێری گشتیی YNDK له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی (الدستور)ی ئورده‌نی میوانداری كرا و، بابه‌تێكی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی سیاسی كوردستان و رۆڵی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی وه‌ك رێبه‌ری گه‌لی كوردستان له‌ ئێستاو داهاتوودا پێشكه‌شكرد.

  له‌  كۆره‌كه‌دا غه‌فوور مه‌خمووری به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌سایه‌تی سیاسی و ئه‌كادیمی و نووسه‌رو رۆشنبیرو رۆژنامه‌ڤان كۆڕێكی سیاسی له‌ژێر ناوی (ره‌وشی سیاسی كوردستان و رۆڵی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی وه‌ك رێبه‌ری گه‌لی كوردستان له‌ ئێستاو داهاتوودا) بۆ رێكخرا، له‌سه‌ره‌تادا رۆژنامه‌نووس (ره‌نا حه‌داد) به‌ناوی رۆژنامه‌ی (الدستور) ومونته‌دای رۆشنبیری ده‌ستوور به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كردو، باسی له‌ گرنگی بابه‌تی كۆڕه‌كه‌ی مه‌خمووری كرد.

ktv
سه‌ره‌تا غه‌فوور مه‌خمووری  پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی سیاسی كوردستان خسته‌ڕوو، دواتر هاته‌ سه‌ر پێشكه‌شكردنی بابه‌ته‌كه‌ی و باسی له‌ گرنگی رۆڵی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی وه‌ك رێبه‌ری گه‌لی كوردستان له‌ قۆناخی ئێستا و داهاتووی خه‌باتی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان كرد
.

غه‌فوور مه‌خمووری له‌ كۆڕه‌كه‌دا باسی له‌ ره‌وشی سیاسی كوردستان كردو، وتی: (پرسی گه‌لی كوردستان له‌ پێشڤه‌چوونێكی به‌رده‌وامدایه‌ و قۆناخی پێشووی ده‌ربازكردووه‌و بۆته‌ پرسێكی جیهانی و له‌ چوارچێوه‌ی سنووری ده‌ستكردی "عێراق و ئێران و توركیا و سوریا" ده‌رچووه‌و، هه‌موو جیهان به‌ بایه‌خه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵی و هه‌نگاونان به‌ره‌و دواڕۆژێكی گه‌شه‌.).

ktv

له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم مه‌خمووری سه‌باره‌ت به‌ وتی: (سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌وا بۆ پاراستنی كوردستان و به‌رگرتن له‌ پیلانه‌كان، به‌ پشتبه‌ستن به‌ پره‌نسیپی "مافی چاره‌نووس" و بنه‌ماكانی "مافی مرۆڤ" بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بده‌ن، بۆئه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان بڕیاری خۆی بدات، بێگومان له‌ مێژووی ژیانی سیاسی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی یه‌كێك له‌ كاره‌ هه‌ره‌ باشه‌كانی كه‌ جێگه‌ی شانازییه‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌.)، هه‌روه‌ها وتی: (ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم سه‌ركه‌وتوو بوو، بێ كێشه‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یشت و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری گه‌لی كوردستان به‌ ته‌واوی پێكهاته‌كانه‌وه‌ به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ روویان له‌ سندۆقی ده‌نگدان كردو، گه‌ل به‌ رێژه‌ی ٩٢.٧٣% ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن بوو بۆ گه‌لی كوردستان و پرۆسه‌ی ریفراندۆم.)، مه‌خمووری ئه‌وه‌شی وت كه‌وا: (له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆمدا؛ سه‌رۆك بارزانی و گه‌لی كوردستان زۆر باشتر دۆست و دوژمنه‌كه‌كانیان ناسی، لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین كه‌وا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆو ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی خیانه‌تی لێكرا.).

 غه‌فوور مه‌خمووری سه‌باره‌ت به‌ رۆڵ و ئه‌ركی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی وه‌ك رێبه‌ری گه‌لی كوردستان له‌ ئێستاو داهاتووی كوردستان بۆ ئاماده‌بووان دواو وتی : (ئێستایش دوای ئه‌وه‌ی كه‌وا جه‌نابی بارزانی رازینه‌بوو په‌رله‌مانی كوردستان ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی بۆ درێژبكاته‌وه‌، له‌م كاته‌دا وه‌ك رێبه‌ری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌و ده‌توانێت هه‌نگاوی گرنگ بۆ گه‌یاندنی گه‌لی كوردستان به‌ كه‌نارێكی ئارام ئه‌نجام بدات، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ناو كایه‌ی سیاسی كوردستان وه‌كو رێبه‌رو و مه‌رجه‌عی باڵای گه‌لی كوردستان ده‌مینێته‌وه‌، بێگومان كه‌سایه‌تی كاریزمی سه‌رۆك بارزانی چۆن له‌ رابردوو و له‌ ئێستادا كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌داهاتووشدا كاریگه‌ری زیاتری خۆی ده‌بێت.).

ktv

 غه‌فوور مه‌خمووری له‌ كۆڕه‌كه‌دا داوای له‌ رۆشنبیرانی ئورده‌ن كرد كه‌وا هاوكارو پشتیوانی گه‌لی كوردستان بن و رێز له‌ قوربانیدانی نه‌ته‌وه‌ی كورد بگرن و وتی: (پێویسته‌ رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب خوێندنه‌وه‌ی دروستیان بۆ پرسی كورد هه‌بێت و به‌ ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.)، هه‌روه‌ها بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر كوردا هاتوون وتی: (ته‌نها سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كورستان زامنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك هاوكارو پشتیوانی كورد بن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.)، دوای ئه‌وه‌ی مه‌خمووری بابه‌ته‌كه‌ی پێشكه‌شكرد، ده‌رگای گفتوگۆ بۆ ئاماده‌بووان كرایه‌وه‌و، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئاماده‌بووان به‌گرنگییه‌وه‌ باسیان له‌ بابه‌ته‌كه‌ كرد له‌وانه‌ ( بیرمه‌ندی عه‌ره‌ب د. مونزر حه‌وه‌رات، بالیۆز د. فاروق العزه‌، په‌رله‌مانتار حه‌ماده‌ فراعنه‌، رۆژنامه‌نووس عه‌ونی داود جێگری سه‌رنووسه‌ری "الدستور" و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌) بیروڕاو سه‌رنجی خۆیان خسته‌ڕوو.

ktv

  له‌ كۆتایی كۆڕه‌كه‌دا رێوڕه‌سمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبی (مسعود البارزانی ... رمزاً للپێشمه‌رگایه‌تی والمقاومه‌ القومیه‌) له‌ نووسینی غه‌فوور مه‌خمووری سازكرا، ئه‌مه‌و مه‌خمووری كتێبه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كردو بۆی ئیمزاكردن.

شاینی باسه‌  كۆڕه‌كه‌ كه‌ زیاتر له‌ دوو كاتژمێری خایاند بووه‌ جێی خۆشحاڵی ئاماده‌بووان.

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.