بەهۆی پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕەكانی ناوخۆ لەلایەن كێڵگە پەلەوەرییەكانەوە و گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی، بڕیار درا رێكاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ رێگرتن لە هاوردەكردنی بەرهەمی مرییشكی دەرەكی بۆ ناو پارێزگای سلێمانی و هاندانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ بەكارهێنانی مریشكی ناوخۆیی.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 2019.1.24 لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا، بەبەشداری نوێنەری چاودێری بازرگانی و ئاسایشی ئابوری و ڤێتێرنەری و كۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووی پلاستیكی و ژوری بازرگانی و هاوردە و هەناردەكاران كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.
رزگار حەمەد خدر- جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی زۆربوونی پرۆژە پەلەوەریەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەكردنی بەرووبومە پەلەوەریەكان كەمكراونەتەوە و هاوردەی مریشكیش لە سەرەتای مانگی شوباتەوە بۆ ماوەی مانگێك بەتەواوی قەدەغە دەكرێت، چونكە لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا (750) هۆڵی پەلەوەری هەیە كە توانای بەرهەمهێنانی (25-30)ملیۆن مریشكیان هەیە.
وتیشی: بەرێوبەرایەتی ئاسایش و بازگەكان ئاگادار دەكرێنەوە لەم ماوەیەدا بە هەموو شێوەیەك رێگەنەدەن بە هاوردەكردنی مریشك و لایەنە پەیوەندیدارەكان و لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیش چاودێری عەمبارەكانی هەڵگرتنی گۆشتی مریشك دەكەن.
جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد كە لەسەر ئاستی بەكارهێنان لە ناوخۆدا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پرۆژەیەك ئامادە دەكەن بۆ هاندانی هاوڵاتیان و چێشتخانە و شوێنە شتییەكان بۆ ئەوەی پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستن.
رزگار حەمەد ووتیشی: لە بڕی بەروبومە هاوردەكراوەكان رەچاوی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و كەمبوونەوەی بەكارهێنان لەوەرزەكاندا كراوە، بۆیە بڕیاردرا بە هاوردەكردنی بڕی 800 تۆن ماسی و 500 تۆن گۆشتی سور و 510 تۆن هێلكە و (5000)سەر ڕەشە وڵاخ بۆ مانگی شووبات.
شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.