Erbil 6°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 08:51

به‌های فیکری و ستاتیکی له‌ نمایشی شانۆیی (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خدا)

ئافره‌تی كردوه‌ به‌ چه‌مكێكی سه‌ره‌كی بابه‌ته‌ درامیه‌كه‌
کوردستان TV
100%

 ن/ د. ژیلوان تاهیر

نوسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له‌م شانۆییه‌دا پرسی ئافره‌تی كردوه‌ به‌ چه‌مكێكی سه‌ره‌كی بابه‌ته‌ درامیه‌كه‌،كاتێك ئاین و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات بۆمه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كان به‌ناوی دروشمی جۆراو جۆر به‌كارده‌هێنرێن سنوری به‌ها مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌به‌زێنێت له‌و نێوه‌نده‌دا سه‌دان ئافره‌تی نمونه‌ ی (دوعا) ده‌بنه‌ قوربانی،له‌شه‌ری نه‌گریسی داعش به‌سه‌دان ئافره‌تی یه‌زیدی و كریستان و موسڵمان كه‌وتنه‌ ده‌ست ئه‌ژدیكاكانی سه‌رده‌می تاوانی ره‌ش و ده‌ست درێژیان كرایه‌ سه‌رو سه‌دان تاوانیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجام دان كه‌ ئه‌سته‌مه‌ به‌ئاسانی ئه‌و برینانه‌ سارێژبن نوسه‌رو ده‌رهێنه‌ر هیوا سعاد له‌ میانی پێنج كاره‌كته‌ری ئافره‌ت له‌ناو درۆزه‌خێكی دونیایی په‌رده‌ له‌سه‌ر كاره‌ساته‌كان هه‌ڵده‌داته‌وه‌.

له‌قالبێكی فیكری و درامی و ستاتیكی به‌شێوه‌ی شانۆی ته‌عبیری و به‌پابردن بۆچه‌ندین رموزو ده‌لالات له‌ڕێگه‌ی ته‌وزیف كردنی سینۆگرافیایه‌ك كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هۆڵ بینه‌ران به‌ڕێڕه‌وی ڕێگاتاریكه‌كه‌ی جه‌هه‌نه‌مدا ده‌باته‌ ناو فه‌زای دۆزه‌خێكی بی سه‌ره‌تاو بێ كۆتایی .

ئه‌و پێنج ئافره‌ته‌ی ناو دۆزه‌خ هه‌ریه‌كه‌و باسی چیرۆكی ژیان و مه‌رگی خۆی ده‌كات له‌ناو دۆزه‌خدا به‌ڵام گێرانه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كان ناكه‌ونه‌ ناو ململانێ و ئافره‌ته‌كان به‌ریه‌ك ناكه‌ون له‌ دژه‌كرداری درامی به‌ئاراسته‌ی لوتكه‌ به‌ڵام سه‌رئه‌نجام هه‌موومان ژیانیان له‌ده‌ست داوه‌و له‌ دۆزه‌خ یه‌كیان گرتۆته‌وه‌ ....لێره‌دا پرسیارێكی فیكری و فه‌لسه‌فی سه‌رهه‌ڵده‌دات،ئه‌و ئافره‌تانه‌ هه‌موویان مرۆڤی سفیل و بێ تاوانن له‌پێناو خۆشه‌ویستی و هه‌ناسه‌كانی ژیان و داكۆكی كردن له‌مافه‌ره‌واكانی خۆیان گوژاون و له‌ژیان نه‌ماون هه‌ربۆیه‌ ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ مرۆڤی پاك و بێگه‌ردن به‌هیج یاسایه‌كی زه‌وی و ئاسمانی و خودای دڵۆڤانیش كه‌ حاكمی دنیاو قیامه‌ته‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ ناخاته‌ ناو ئه‌و دۆزه‌خه‌ی كه‌ به‌بڕوای ئیسلامی سیاسی لێدانه‌وه‌ی بۆكراوه‌ چونگه‌ مرۆڤی زوڵم لێ كراو پاداشته‌كه‌ی به‌هه‌شته‌ هه‌ربۆیه‌ من وه‌كو بینه‌رێك و سینۆگرافیای نمایشه‌كه‌ش ئاماژه‌ به‌و جیهانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌رهێنه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی فیكری و هونه‌ری و ستاتیكی خوڵقاندبووی به‌هه‌شتێكی میتافیزیقیه‌ ئه‌و دۆزه‌خه‌ نه‌بوو له‌ تاوانیاران به‌و نیازه‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌یان روانه‌كرد و پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته‌.

ktv

ده‌رهێنه‌ر له‌میانی سینۆگرافیادا زۆر گرنگی به‌ڕه‌گه‌زه‌كانی پارچه‌كانی دیكۆری ته‌عبیری و جل وبه‌رگی سپی پاكیزه‌یی و میوزیك و كارێكه‌ره‌ ده‌نگیه‌كان دابوو هه‌رچه‌نده‌ له‌هه‌ندێك دیمه‌ندا میوزیك و سه‌ماو دیمه‌نه‌ درامیه‌كان ئاوێته‌ی یه‌كتر ببوون سه‌نته‌ری بینینی بینه‌ری كردبووه‌ دوو به‌ش له‌هه‌مان كات و ساتدا.. خانمه‌ ئه‌كته‌ره‌كان جگه‌ له‌ رۆڵی ئافره‌ت رۆلێ پیاویشیان ده‌بینی و به‌هه‌ست و سۆزێكی سایكۆلۆژیانه‌ هه‌وڵیان ده‌دا تۆڵه‌ی خۆیان له‌ و بكوژانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ هۆكاری مه‌رگیان ....ئه‌م نمایشه‌ یاریه‌ك بوو له‌نێوان مه‌رگ و ژیاندا هه‌رده‌م چاوه‌روان بوون جارێكی تر به‌ژیان شاد ببنه‌وه‌ چونكه‌ خێریان له‌ ژیانی خۆیان نه‌بینی و هیواو ئاواته‌كانیان خسته‌ ناو گۆڕه‌وه‌،ماوه‌ی نمایشه‌ یه‌ك كاتژمێر بوو به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر توانیبوی بینه‌ر بخاته‌ ناو جیهانێكی خه‌ون و خه‌یال و سۆزداری كه‌هه‌ست به‌ چێژی مه‌رگی بێ تاوانی بكات و ببێته‌ وانه‌یه‌ك بۆ مرۆڤه‌ دڕنده‌كان له‌سه‌ربنه‌مایه‌كی فیكری و هونه‌ری و ستاتیكی.

ktv

له‌ونمایشه‌دا سه‌ره‌تاو ناوه‌ڕاست كۆتایی به‌هێلێكی هاوته‌ریب تێپه‌ر نه‌ده‌بوو چونكه‌ روداوه‌كان پچر پچر بوون و جوله‌ی ئه‌ندازه‌یی ئه‌كته‌ره‌كان و ته‌كوین و ته‌وازن و میزانسێنی ته‌شكیلاته‌كان شێوه‌یه‌كی شێوه‌كاری له‌ناو چوارچێوه‌ی چوارگۆشه‌یه‌كدا ده‌خولایه‌وه‌ به‌سترابۆوه‌ به‌چوار پارچه‌ تابوته‌كه‌ی سه‌فه‌ری مه‌رگ و ده‌رهێنه‌ر هه‌ناسه‌ی له‌بینه‌ر برێبوو كه‌ نه‌توانێت چاو له‌ وێنه‌ كان بنوقێنیت ئه‌مه‌ش كارامه‌یی ده‌رهێنه‌ر ده‌رده‌خات هه‌رچه‌نده‌ فه‌زای نمایش و ته‌وزیف كردنی ره‌نگه‌كان هێنده‌ كاریگه‌ر بوون ده‌توانرا زیاتر یاری به‌ پانتایی فه‌زا بكرێت و ده‌لاله‌ته‌كان قولتر بكرێته‌وه‌ وئازادی زیاتر به‌ گه‌مه‌ی نێوان ئه‌كته‌ره‌كان بدریت،ده‌رهێنه‌ر سه‌رجه‌م دیمه‌نه‌كانی ئاوێته‌ی ریتمه‌ موزیكیه‌كان كردبوو كه‌ ئه‌كته‌ره‌كانی راهێنابوو له‌سه‌ر ریتمی میوزیك جوله‌ بكه‌ن و هه‌ناسه‌بده‌ن له‌كۆتایی نمایشدا ده‌رهێنه‌ر رێره‌وی چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بینه‌رانی به‌لایه‌كی تردا بردو نه‌گه‌راوه‌ بۆ خالی ده‌ست پێكی چونه‌ ژوره‌وه‌ ئه‌مه‌ش هێمایه‌كه‌ كه‌ نمایشه‌كه‌ كۆتایی بی نه‌هاتوه‌و ئه‌و رێگایه‌ی مه‌رگ هه‌ر به‌رده‌وامه‌و هه‌تاكو ڤایرۆسه‌كانی كۆمه‌لگا له‌ناو نه‌چم په‌تای مه‌رگی بی تاوانی كۆتایی پێ نایه‌ت و مه‌رگ و چاوه‌روانیه‌كان هه‌ر به‌رده‌وامن .

نوسین و ده‌رهێنانی/ هیواسوعاد بوو به‌رهه‌می به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆ/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.