Erbil 15°C سێشەممە 07 ئایار 15:38

مەرجە هەموو کەسێک ساڵانە 1 جار ئەم پشکنینە ئەنجام بدات

له‌راگه‌یاندراوی تەندروستی
کوردستان TV
100%


بەپێ‌ ی ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەناو نەخۆشخانەی هەناوی فێركاری شەهید د.هێمن ، لەماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا 962 كەس سەردانی بەشی پشكنینی چڕی ئێسك یان بە ئامێری ( DexaScan ) كردوە لەناو ئەو نەخۆشخانەیەدا، لەو ڕێگەیەشەوە سەرجەمیان پشكنین و چارەسەری پزیشكی پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە.

بۆ ئەو مەبەستەش لە لێدوانێكدا بۆ سایتی " تەندروستی" د.تەها ئەحمەد قەرەداغی بەڕێوبەری بەشی ناوبراو ڕۆڵ و گرنگی ئامێری پشكنینی چڕی ئێسكەكان (DexaScan) لە ژیانی مرۆڤدا دەخاتەڕوو دەڵێت:" ئامێری دیاریكردنی چڕی ئێسك بەكاردێت بۆ ڕووپێوكردنی چڕی و بڕی ماددەو پێكهاتە كانزایییەكانی كە لە ئێسكەكاندا هەن، ئەم ئامێرە ئاراستەكردنی لەڕێگای دوو تیشكەوەیە بە دوو لەرەلەری جیاواز كەڕووی دەكرێتە ئەو ئەندامەی لەشی كەسەكە كە پێویستە پشكنینی چڕی ئێسكەكەی بۆ ئەنجام بدرێت، بە دەركردنی جیاوازی نێوان هەردوو تیشكەكە ئەو چڕییە دەردەكەوێت كە لە ئێسكەكەدا بوونی هەیە بەجۆرێك بڕی ئێسك و ماسولكەو چەوری دیاری دەكات، مەرجە هەموو كەسێك ساڵانە یەك جار ئەم پشكنینە بكات بۆ دڵنیا بوون لە پتەوی و خۆگری ئێسكەكانی.
 
ئەو پسپۆڕە ووتیشی بە پێی پێوەرو زانیارییەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی باشترین و گرنگترین ئامێرە كەتا ئێستا داهێنرابێت بۆ ئەو مەبەستە، بۆیە لەم بەشەدا ڕێژەی بەرزو نزمی و باش و خراپی و لاوازی یان فشەڵی ئێسك بەدەر دەكەوێت، بۆ خۆی ئەم پشكنینە زۆر گرنكە بۆ زانینی ئەو ڕێژانە كە بەهۆیەوە دەتوانرێت ڕێگری بكرێت لە كاریگەرییە خراپەكانی كە ڕووبەرووی ئێسك دەبێتەوە بەهۆی نەزانین و ئەنجام نەدانی ئەم جۆرە پشكنینەوە، چونكە لەڕێیەوە دەتوانرێت هەم چارەسەرو هەم ڕێگاكانی خۆپاراستنیش ڕوونبكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، تێچووی ئەم پشكنینە زۆرە ئەگەر لە دەرەوە ئەنجام بدرێت ، بەڵام لە كوردستان بێ‌ بەرامبەر و بەنرخێكی كەم چارەسەركردن و پشكنینەكان ئەنجام دەدرێت كە تەنها پێنج هەزار دینارە بۆ هەر پسوڵەیەك.

ئەو كەسانەی كێن كە پێویستە پشكنینی چڕی ئێسك ئەنجام بدەن؟

1- بۆ پیاوان لەتەمەنی 70 ساڵی زیاتر بێت و بۆ ژنان و كچانیش لەدوای تەمەنی 65 ساڵییەوە.
2- ئەو كەسانەی نەخۆشی (جومگە، ڕۆماتیزم،حەساسیەت و ڕەبۆ)یان هەیە مەرجە ئەم پشكنینە بكەن.
3- ئەو كەسانەی تووشی پوكانەوەو فشەڵی ئێسك هاتوون دەبێت پشكنینی چڕی ئێسك بكەن.
4- ئەگەر هاتوو ڕووپێوی باڵات كرد بەرزبوو بۆ ساڵی داهاتوو هەمان ڕووپێویت ئەنجام دایەوە باڵات ڕووی لە نزم بوونەوە كردبوو، ئەوا پێویستە بە زووترین كات پشكنینی چڕی ئێسك بكەیت.
5- ئەو كەسانەی تووشی شكانی ئێسك یان شكانی ئێسكی حەوز یان بڕبڕەی پشت بوون مەرجە پشكنین بكەن.

لەكۆتایدا د.تەها ئەحمەد قەرەداغی ڕوونیكردەوە، هەركەسێك پێش وەختە پشكنینی چڕی ئێسك ئەنجام بدا ئەوا خۆی و كەس و كاری دڵنیا دەبن لە پتەوی ئێسك و ئەو ڕێنمایی و چارەسەرانەی كە پێش ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێك لە ئێسكدا ڕێگری دەبێت.

سه‌رچاوه‌ -  تەندروستی سلێمانی
دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.