وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ سێشەممە 23\10\2018، لە راگەیاندراوێکدا، ئاشكرى كرد، كه دواى ئەوەى وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، پلانى وەرگرتنى لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) زیاد كرد، به‌شێوه‌یه‌ك به‌هۆی پلانه‌كه‌وه 16 هەزار کورسى خوێندن بۆ ئەو قوتابیانە خرایه به‌رده‌ست، کە لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراون، لە ئەنجامدا 5 هەزار و 200 سکاڵا تۆمار کرا، به‌ڵام نزیكه‌ی 11 هه‌زار کورسی بەبەتاڵى مانەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ڕەخساندنى دەرفەتی زیاتر بۆ دەرچوانى خولى دووەمى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى، وەزارەتەکەیان چه‌ند بڕیاری داوە، وەک جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە جیاوازی كه‌مترین كۆنمره‌ی وه‌رگرتن له نێوان خولی یه‌كه‌م و خولی دووه‌م به‌شێوه‌یه‌ك بێت له سێ نمره زیاتر تێپه‌ڕ نه‌كات. سیستەمى سكاڵاکەش بەشێوەیەک ڕێکخراوە لە هەر بەشێک بەپێى پێویست سیستەمەکە خۆى کورسى بۆ دەرچوانى خولى دووەم زیاد دەکات، تا جیاوازى نێوان کەمترین کۆنمرەى هەردوو خول دێتە کەمتر لە سێ نمرە.
لە خاڵێکی دیکەدا، ئاماژە بەوە دراوە، ئەو 50 شوێنەى دەرچوانى خولى دووەمى 12ی ئامادەیى پێشتر داواکارییان لێى پێشکەش کردووە، بەپێى کەمترین کۆنمرەى وەرگرتن دەبێتە بنەما بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، واتە ئەگەر نمرەى دەرچوو بەپێى ئەو 50 شوێنەى هەڵی بژاردووە وەرگیرا بێت ئەوا بەپێى ریزبەندى سیستەمەکە ئەو شوێنەى بۆ دەستنیشان دەکات، هەروەها (25/10/2018) تا (30/10/2018) ده‌رچوانی خولی دووه‌م ده‌توانن به‌هه‌مان وشه‌ی تێپه‌ڕ و وشه‌ی نهێنی (پاسۆرد و یوزه‌رنه‌یم) سكاڵاكانیان له وێبسایتی (www.regayzanko.com) به‌شێوه‌ی ئۆنلاین تۆمار بكه‌ن، هاوکات ئەو 860 دەرچووەى، كه سه‌رباری ئه‌وه‌ی 50 شوێنیان له فۆرمی پێشكه‌شكردن له سیستەمه‌كانی وه‌رگرتن پركردووەته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی لیستی شوێنه‌كانیان ڕه‌وانه نه‌كردبوو (Submit)، ناویان لە هیچ شوێنێک نەگەڕابوویەوه، ئەگەر لە دەرچوانی خولی دووەم بن ئەوا به‌هه‌مان شێوه ئه‌وانیش دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە ئه‌و 5 هەزار و 200 دەرچووەی كه له ماوه‌ی سكاڵای یه‌كه‌مجار سكاڵایان تۆمار كرد بوو، ده‌توانن سود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرنه‌وه و به‌سكاڵاكانیاندا بچنه‌وه، هەروەها ده‌رچوانی خولی دووه‌م، كه ناویان له هه‌ر شوێنێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ئێستا وه‌رگیراون، به‌ڵام به‌شوێنه‌كانیان ڕازی نین، به‌هه‌مان شێوه ده‌توانن سكاڵا تۆمار بكه‌ن، هه‌ر ده‌رچوویه‌كی خولی دووه‌م، كه پێشتر نه‌یتوانیوه سكاڵا تۆمار بكات، له ماوه‌ی دیاریكرا و ده‌توانێ سكاڵای خۆی تۆمار بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.