Erbil 15°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 13:58

با لە کابینەی داهاتووی حکوومەت وا بکرێت

بۆ نمونە سەرمایەدارێك لە هەولێر زیاتر لە هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت، ئەو جۆرە كەسانە دەتوانن لە پلەی وەزیریدا بن
کوردستان TV
100%

 

شوان بەرزنجی

لە سۆنگەی  گەڕانەوە بۆ ئەزموونی  رابردووی  حكومڕانی كە تێبینی و رەخنەی زۆری لەسەر هەیە دەكرێت ئەزمونێكی تر تاقی بكرێتەوە بە تایبەت لە بەرێوەبردنی هەندێك لە وەزارەتەكان.

هەندێك وەزارەت هەیە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەزارەتی ئابوورین و دەكرێت كەسانێك بەرێوەیان ببەن كە پەیوەندیان بە حزبایەتی و سیاسەت نەبێت و كەسانی ئابوری و سەرمایەداری گەورەبن.ئەو پێشنیازە هۆكاری زۆری هەیە كە دەكرێت لەم وتارە روونی بكەینەوە.

كێشەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان كێشەیەكی كۆن و دووبارەیە بە دیدی من ئەگەر لە بڕی كەسێكی سیاسی وەبەرهێنەرێك یان سەرمایەدارێك ئەو پۆستە وەربگرێت رەنگە دۆخەكە زۆر باشتر بێت، بەڵگەش بۆ ئەوە لە هەولێر و سلێمانی كەسانێكی سەرمایەدار پڕۆژەی گەورەی  كارەبایان هەیە و ئەزموونی باشیان هەیە، بۆ نمونە سەرمایەدارێك لە هەولێر زیاتر لە هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت، ئەو جۆرە كەسانە دەتوانن لە پلەی وەزیریدا هەم وەبەرهێنانی كارەبا باش بكەن هەمیش ئیدارەدانێكی باشتر بكەن بۆ كۆنترۆڵكردنی چۆنیەتی بەكارهێنانی كارەبا و كۆكردنەوەی داهاتەكەی، چونكە ئەزمونیان لەو بوارە هەیە و تاڕادەیەكی باشیش سەركەوتوو بوونە.

بۆ پۆستی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەكرێت كەسانی بازرگان و خاوەنكار ئەو پۆستەیان پێ بدرێت بە تایبەت ئەوانەی ئەمونێكی زۆری كاركردنیان هەیە لە ژوورە بازرگانیەكان،چونكە ئەوان دەزانن كێشەكان چین و پێداویستیەكان لە كوێن و چۆن دۆخەكە باشتر دەكرێت، هەروەها بەو سامان و ئەزموونەی هەیانە دەتوانن پشتیوانیەكی بەهێز بكەن لە كەرتی بازرگانی و پیشەسازی و پێشخستنی كەرتی تایبەت و بەستنەوەیان بە كەرتی گشتی.

بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی، دەكرێت سەرمایەدارێك ئەو پۆستە وەربگرێت كە شارەزاییەكی زۆری لە ئاوبوری و دارایی هەبێت و ئەزمونەكەی بە جۆرێك بێت بتوانێت لە رووی نەزەڕی و پراكتیكی ئابوری وڵات بەرێوە ببات و چارەسەری قەیران و كێشەكان بكات و نەفەسێكی درێژی هەبێت بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەكان و ئاشت كردنەوەی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی كە دەمێكە ئەو دوانە نێوانیان باش نیە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارن یاد  دەستەی  وەبەرهێنان كەسێك بەرێوەی ببات كە ئەزموونی باشی هەبێت لە بواری پڕۆژەی  خزمەتگوزاری، بۆ نمونە بەڵێندەرێكی خاوەن ئەموون دەتوانێت بكرێـە وەزیری شارەوانی، یان وەبەرهێنەر و سەرمایەدارێك بكرێتە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، بێگومان ئەو دووكەسە باشتر دەزانن كێشەكان لە كوێن و چارەسەریكانیش چین.

ئەگەر ئەو وەزارەتە ئابوری و وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریانە بدرێنە كەسانی سەرمایەدار و  وەبەرهێنەر و شارەزای كەرتی تایبەت، بێگومان سودی زۆری دەبێت بۆ حكوومەت و هاوڵاتیان و كەمتریش ئەو پرسانە مۆركی حزبایەتیان بەسەرەوە دەبێت و كێشەیان كەمتر دەبێت بەو مەرجە ئەو پۆستانە لە لایەن دەسەڵاتەوە پشتیوانیەكی باش بكرێن.

هیوادارین لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی  هەرێمی كوردستان، ئەو ئەزمونە تاقی بكرێتەوە كە لە زۆر وڵاتدا سەركەوتوو بووە و بۆتە هۆی پێشكەوتنی حكوومەت و دۆخی ئابوری و خزمەتگوزاری هاوڵاتیانیشی باشتر كردووە

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.