كه‌متر له دوومانگ له دوایین مانۆڕی سه‌ربازیی سوپای پاسدارانی ئێران له كه‌ندوای باشووری وڵاته‌كه‌دا، ئه‌م دامه‌زراوه سه‌ربازییه به هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ سوپای فه‌رمیی ئێران مانۆڕێكی سه‌ربازیی له‌ناو ئاوه‌كانی كه‌نداو ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ره‌مه‌زان شه‌ریف وته‌بێژی سوپای پاسداران وتی: ئه‌م مانۆڕه به به‌شداریی چه‌ندین یه‌كه‌ی سه‌ربازیی و 600 كه‌شتیی گه‌وره و بچوكی سه‌ربازیی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
هه‌موو ئه‌مانه له‌كاتێكدایه كه به‌مزووانه له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئێران ساز ده‌كرێت ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت و ره‌فتاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئه‌م وڵاته كه به‌رپرسانی تاران ئه‌نجامیده‌ده‌ن و بڕیاره دۆناڵد ترامپ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا خۆی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه بگرێته ئه‌ستۆ.
ئه‌مكاره‌ش له‌كاتێكدایه كه مانۆڕه سه‌ربازییه‌كه‌ی دوو مانگ به‌ر له ئێستاش كه سوپای پاسداران ئه‌نجامیدا كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنیی زۆری به‌رامبه‌ر به‌م وڵاته لێكهوتهوه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ژه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف ڤێتڵ فه‌رمانده‌ی باڵای فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی سوپای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌ی كه‌نداوی باشووری ئێران، له كۆنفڕانسێكی هه‌واڵیدا له په‌نتاگۆن وتی: مانۆڕه سه‌ربازییه‌كه‌ی ئێران له ئاوه‌كانی كه‌نداو و گه‌رووی هوڕموزدا جۆرێكه له خۆده‌رخستن و په‌یامێكه له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته‌وه به هۆی دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی سزاكان بۆسه‌ر تاران كه به‌مشێوه‌یه ده‌ینێرن بۆ ئه‌مریكا.
سه‌رچاوه / ده‌نگی ئه‌مریكا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.