Erbil 6°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 00:51

ڕۆحانی و پۆتین و ئه‌ردۆغان له‌ تاران لووتکه‌ی سێقۆڵی ساز ده‌که‌ن

دۆخى سوریا تاوتوێ ده‌كه‌ن
کوردستان TV
100%

سبه‌ی هه‌ینى 7/9/2018 لووتكه‌ی سێقۆڵی له‌باره‌ی سووریاوه‌ له‌نێوان سه‌رۆكه‌كانی ئێران و توركیا و ڕووسیا له‌ تاران سازده‌كرێت.

لوتكه‌ی تاران له‌ نێوان هه‌ریه‌كه‌ له‌ حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا و ڤلادمیر پۆتینی سه‌رۆكی ڕوسیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێك كه‌ له‌ نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیاوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، لوتكه‌ی تاران به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌یی بۆ ناكۆكییه‌كانی سووریاو ئه‌و هه‌وڵه‌ هاوبه‌شانه‌ی پێكه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی میكانیزمی ئاستانا و پرۆسه‌ی سیاسییدا دراون سازده‌كرێت. 

هه‌ربه‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ تاوتوێی ئه‌و پێشهاتانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ لووتكه‌كانی‌ پێشوو باسكرابوون و هه‌نگاوه‌كانی‌ داهاتوو ده‌ستنیشان ده‌كرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانیش له‌په‌راوێزی كۆبونه‌وه‌كان سه‌رۆكانی توركیا و ڕوسیا كۆبونه‌وه‌یه‌كی دووقۆڵی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و كه‌ناڵی "بی بی سی" ئه‌و دیداره‌ دوو  قۆڵییه‌ به‌ گرنگترین بڕگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی پوتین له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.

هه‌ر سێ سه‌رۆكی ئێران و توركیا و ڕوسیا مانگی  نیسانی ڕابردوو له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كۆبوونه‌وه‌و دوا گۆڕانكارییه‌كانی سوریایان تاوتوێكرد، پێشتریش له‌ هاوینه‌هه‌واری سوچی ڕوسیا له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ڕابردوودا كۆبوونه‌وه‌، وابڕیاریش بوو لوتكه‌ی سێ قۆڵی 7ی ئه‌یلول له‌شاری ته‌برێز به‌ڕێوه‌بچێت به‌ڵام به‌هۆكارێكی نادیار پاش سه‌ردانه‌ له‌ناكاوه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ توركیا لوتكه‌كه‌ بۆ تارانی پایته‌خت گواسترایه‌وه‌.

لوتكه‌ی تاران له‌ كاتێكدایه‌ هێزه‌كانی رژێمی سوریا ئاماده‌كاری بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیدلیب له‌ باكوری رۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن كه‌ دوا په‌ناگه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك له‌توركیایه‌.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.