بەپێی گوتەی پەرلەمانتاران ، كوتلە گەورەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵ دەدەن ئەندامە نوێكانی ئەنجومەن بۆ خۆیان رابكێشن بەرامبەر بە بەخشینی 250 ملیۆن دینار ، جگە لە هەوڵی دیكە بۆ رازی كردنی ئەو ئەندامانە .
فورات تمیمی یەكێكە لەو ئەندامانەی لە دانیشتنەكەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەبوو بۆ سوێندخواردنی دەستوور و هەلبژاردنی سەرۆكێكی پەرلەمانی نوێ , رایگەیاند كە هەوڵی زۆر لە ئارادایە بۆ رازی كردنی ئەندامانی نوێی ئەنجومەن كە پۆستیان لە حكومەتی ئایندەی عێراق پێبدەن بەرامبەر بە چوونە ناو كوتلە گەورەكانەوە .
عەلی بدێری ئەندامێكی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەران تەئكیدی كردەوە كە ئەو هەوڵانە بوونیان هەیە، هەروەها پارە بەخشین بۆ ئەوانەی دەچنە نێو كوتلە گەورەكانەوە .
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ ، تۆمارێكی دەنگی ئاشكرا بووە لە نێوان ئەندامێكی ئافرەت و یەكێك لە سەركردەكانی كوتلەیەك ، كە بڕی 250 ملیۆن دینار دەخاتە بەردەمیان بەرامبەر بە چوونە نێو كوتلە گەورەكە . بەپێی سەرچاوەكە ئەو تۆمارە دەنگییە لە چەندین سایتە ئەلیكترۆنیەكان و واتسئاپ و فەیسبوك بڵاو بۆتەوە كە بۆتە جێگەی سەرسورمانی ئەو ئەندامە ئافرەتە .
سوهێل تاهیر عەبدولڵا : كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.