Erbil 31°C شەممە 10 تشرینی یەکەم 19:35

هونەرمەند خەلیلی سەدیقی (1930 - 1970)

100%

هونەرمەند خەلیلی سەدیقی (1930 - 1970)

خاوەن دەنگێکی بڵند و چریکەیەکی بەسۆز

هونەرمەند موجتەبا میرزادە: «دواى حەسەن زیرەک، خەلیلی سەدیقی توانی هەستم بجوڵێنێ.»

هونەرمەندێکی بەژن و باڵاشیرین و خاوەن دەنگ و چریکەیەکی بەسۆز کە زیاتر لە نیوسەدەیە ژیانئاوایی کردووە، بەڵام ناوی هونەر و دەنگە پڕچێژ و هەستبزوێنەکەی بۆ هەمیشە لە گوێماندا دەزرینگێتەوە و هونەرەکەی بەزیندویی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە. هەرکاتێک باسی هونەری گۆرانی و موزیک و دنیای ئەدەب و شیعر لە ناوچەی موکریان بەگشتی و شاری شیرینی مەهاباد بێتە گۆڕێ، کۆمەڵە کەسایەتییەکی بەرز و پیرۆزی نەتەوەکەمان بەهۆی هەوڵ و تێکۆشان و شەونخوونی و خزمەتەکانیان بە فەرهەنگ و کەلتوور و زمان و هونەر و ئەدەب و شیعر، ناوەکانیان وەک چەپکە گوڵێکی جوان و ڕازاوە دێتە پێش. وەک (وەفایی، سەید کامیلی ئیمامی (ئاوات)، عەباسی حەقیقی، هێمن، هەژار، هێدی، محەمەد سەعید نەجاری (ئاسۆ)، حەسەن زیرەک، محەمەدی ماملێ، حەسەنی ماملێ، حاجی هاشمی نانەوازادە، حاجی هاشمی فیدایی، سەید ڕەحیمی قوڕەییشی، عەلی خەندان، محەمەد دانش، عەزیز شارۆخ، ئیبراهیمی قادری و هتد). لەگەڵ ناوهێنانی ئەو کەسایەتییە گەورە و پیرۆزانە، ناکرێت ناوی هونەرمەندی دەنگخۆش (خەلیلی سەدیقی) نەهێنرێت و فەرامۆش بکرێت، چونکە ئەویش هاوڕێ و هاودەمی زۆرێک لەو هونەرمەند و شاعیرانەی شاری مەهاباد و ناوچەی موکریان بووە، کە لەڕێی کەسایەتی و هونەری گۆرانیبێژییەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک زەحمەتی کێشاوە و کۆمەڵێک بەرهەمی جوانی تۆمار کردووە و گەنجینە و خەرمانی ئەرشیفی موزیک و ئاوازی کوردیی دەوڵەمەند کردووە.

«ئەم دەنگە دەنگی میراتی ماڵبات و خانەدانێک نییە، ئەم دەنگە دەنگی چریکەی بولبولی کەلتووری نەتەوەیەکی ڕچەشکێنە کە خودانی هونەری گۆرانی و مۆسیقای ڕەسەنی کوردییە.» (1)

هونەرمەند خەلیلی سەدیقی، کوڕی (حاجی محەمەد سەدیق سەدیقی) لە ساڵی (1309ی هەتاوی) بەرامبەر ساڵی (1930ی زایینی) لە بنەماڵەیەکی خانەدان و نیشتمانپەروەر و دەوڵەمەند لە شاری مەهاباد لەدایکبووە.

کاک بەهمەن، کوڕی هونەرمەند خەلیلی سەدیقی بۆمان دەگێڕێتەوە:

«ئەوکات شۆڕشی مەلا خەلیلی گۆڕەمەڕ لە دەڤەری موکریان سەرباسی باسان بوو، مەلا خەلیل وەک کەسایەتییەکى وڵاتپارێز دژی دەسەڵاتی ڕەزا شای پەهلەوی و دژ بە ستەمی نەتەوەیی، ڕابەرایەتیی ڕاپەڕینێکی دەکرد و خەڵکی ناوچەکە بە چاوی ڕێزەوە سەیریان دەکرد و خۆشەویستی هەمووان بوو. هەر ئەو خۆشەویستی و ڕێزگرتنە لە ڕێبەری ئەو شۆڕشە وایکرد باوکی خەلیل سەدیقی (واتە حاجی محەمەد سەدیق سەدیقی) ناوی خەلیل بۆ کوڕەکەی هەڵبژێرێ.» (2)

بەداخەوە خەلیل لە تەمەنێکی زوودا لە سۆز و ئامێزی میهرەبانیی باوک بێبەش دەبێت. لە دروستبوونی ئەو بۆشاییە لە ژیانی منداڵدا کاتێک باوک کۆچی دوایی دەکات، دایکانی کورد لەو بوارەدا مێژوویەکى لێوانلێو لە قارەمانێتی و گیانفیداییان تۆمارکردووە. کاتێک خەلیل سێبەری باوکی لەسەر نامێنێ، خاتوو (مریەم)ی دایکی بەوپەڕی لەخۆبوردەیی و دڵئاوایی وەک دایکێکی دڵسۆز ڕۆڵی پەروەردە و بەخێوکردنی خەلیلی گرتۆتە ئەستۆ و نەیهێشتووە لە سۆز و خۆشەویستیی دایک و باوک بێبەش بێت.

لەبەر ئەوەی خەلیل زادەی خانەوادەیەکی دەوڵەمەند و خاوەن موڵک و زەوی و زار بووە، وەک هەر منداڵێکی ئاسایی لە تەمەنی دیاریکراودا دایکی دەیخاتە بەر خوێندن. خەلیلی منداڵ بۆ بەسەربردنی کاتەکانی پشووی خوێندن لەلایەن کەس و کارییەوە دەنێردرێت بۆ گوندی (تازەقەڵا)ی نزیک (نەغەدە)، لەبەر ئەوەی ئەو گوندە موڵکی باب و باپیرانی بووە، ژیانی لادێ و ئەو ژینگەی پاک و کەلتوور و فەرهەنگە ڕەسەنەی کوردەواری تێکەڵ بە ڕۆح و هەست و نەستی خەلیل دەبێت و لەگەڵیدا دەژیت.

دواى تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری مەهاباد، لەناو ئەو کەلتوورە دەوڵەمەندەی مەهاباد و سەرچاوەی هونەری ڕەسەن و بێخەوش، لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەردەوام لە ماڵی یەکتر و باخەکانی دەوری شاری مەهاباد کۆبوونەتەوە و باسی ڕامیاری و ئەدەب و هونەر و ئەوین کراوە. خەلیل لە تەمەنی منداڵییەوە حەز و ئارەزوو و خولیای بۆ گۆرانی و موزیک و وەرزش هەبووە و لەگەڵ هەردوو بوارەکەدا هەنگاوی هەڵگرتووە و گەشەی کردووە. (جگە لە دەنگی خۆش و بەهرەی فراوانی لە مۆسیقادا، لە بواری وەرزشی بۆکسیش گەشەی کرد و یەکێک لەو کەسانە بووە کە ئەو وەرزشەی هێناوەتە زێدی خۆی و لاوانی هان داوە کە ڕوو لە وەرزش بکەن.) (3)

کاتێک تەمەنی دەبێتە 16 ساڵ، بارودۆخی سیاسیی شاری مەهاباد و کوردستان دەگۆڕێت. کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد (1946) دادەمەزرێت، بەڵام لەبەر کەم تەمەنی و هێشتا کوڕە شۆخ و شەنگێکی هەرزەکارە و نەیتوانیوە لەو کۆماری کوردستانە ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت، بەڵام ئەندامێکی چالاک و خوێنگەرمی دەستەی لاوانی حیزبی دێمۆکرات دەبێت. بەڵام بەداخەوە لە قۆناغی ناوەندیدا دەستبەرداری خوێندن دەبێت.

لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو پەیماننامەی سەربازی و ئابووری لە ڕێی (کۆماری ئازەربایجان)ەوە لەگەڵ کۆماری کوردستان دەبەستێت. یەکێک لەو بڕگانەی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە یەکێتی سۆڤیەت ئامادەیە بۆ وەرگرتنی قوتابی و خوێندکاری کورد لە (زانکۆی ئەفسەری باکۆ). کاربەدەستانی کۆماری کوردستان ئەو هەڵەیان بە باش زانیوە و کەوتوونەتە ناونووسینی ئەو گەنج و لاوانەی خاوەنی بڕوانامەی سەرەتایین. هونەرمەند خەلیلی سەدیقی لە یەکەم گرووپی (50) کەسیدا دەبێت لە ڕێی تەورێزەوە بەڕێ دەکرێن بەرەو (باکۆ). لە زانکۆی (سالیانسکی) لەژێر چاودێریی سەرهەنگ (حسێن حاجی ئۆڤ) (4) دەست دەکەن بە خوێندن و ڕاهێنانی سەربازی.

هونەرمەند خەلیلی سەدیقی و هاوەڵەکانی بەو هیوایەوە چوونەتە باکۆ تا کۆلیژی سەربازی تەواو بکەن و لەو ڕێگەیەوە وەک ئەفسەرێکی دڵسۆز لە کۆماری کوردستان و لەژێر سێبەری ئاڵا پیرۆزەکەیدا خزمەت بە گەل و نیشتمان بکەن. لە هەمان کاتیشدا بۆ ساڕێژکردن و دامرکاندنەوەی ئەو دوورکەوتنەوە و دابڕانە لە نیشتمان، ڕۆژانە خەلیلی سەدیقی لە ڕێی خوێندنەوەی شیعر و گوتنی گۆرانییەوە برینی غوربەت و ژیانی تاراوگەی بەو هەست و سۆزە ساڕێژ کردووە.

بەداخەوە هێشتا حەوت مانگ بەسەر خوێندنی ئەو قوتابیانە لە کۆلیژی سەربازی تێپەڕیبوو، کە هێزەکانی سوپای ئێران هێرش دەکەنە سەر کۆماری کوردستان لە مەهاباد. ئەو ئومێد و هیوایە و چرا ڕووناکەی کورد بەگشتی کوژاندەوە. ئەو پۆلە قوتابییە بەناچاری واز لە خوێندن دێنن و بە نائومێدییەوە دەگەڕێنەوە کوردستان. دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئێران دەکەونە ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی هاووڵاتی و خەڵکی تێکۆشەر و ئەو قوتابیانەی لە باکۆ گەڕابوونەوە، لە بەندیخانەیان توند دەکردن، یان لە زێدەکەیان دووریان دەخستنەوە. لەبەر دەستڕۆیشتوویی بنەماڵەی هونەرمەند توانیان لە بەند و دوورخستنەوە بیپارێزن، بەڵام هەمیشە لەژێر چاودێریی پۆلیس و دەزگا سیخوڕییەکانی ئێراندا بووە وەک ئەوەی لە زیندانێکی کراوەدا بژی.

دواى ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و ئەو نائومێدییەی باڵی بەسەر تەواوی کوردستاندا کێشابوو، هونەرمەند خەلیلی سەدیقی لەژێر ئەو تەموومژە تاریک و خەمە پڕ ناسۆرەدا لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەمێنێتەوە.

«خەلیلی نیشتمانپەروەر دوای گەڕانەوەی لە ڕووسیا، لە بەرامبەر لەسێدارەدانی پێشەوا و هەڤاڵانی چۆک دانادات، لە دووی مەتەرێزێکی دی دەگەڕێ و ئاوێزانی بەژنی هونراوە نەتەوەییەکانی (ئەحمەدی خانی 1650-1707) و (حاجی قادری کۆیی 1815-1897) دەبێ. هاوکات بیر لەوە دەکاتەوە کە دەنگی ڕەسەنی کورد لە کەلتوور و فۆلکلۆر و سرووشتی خۆیدا زیندوو بکاتەوە، ئەوینداریی خۆی بۆ سرووشت و خاکەکەی لە گۆرانیدا دەبینێتەوە. گەرچی لە ناو بنەماڵەکەیدا خوێندنی گۆرانی و ژەنینی مۆسیقا ڕێگریی زۆری لە بەردەم دەبێ و کۆسپی زۆری بۆ ساز دەکرێ، بەڵام ئەو بەربەستانە دەشکێنێ و نەک دەنگ هەڵدەبڕێ، بەڵکوو داهێنانیش دەکات. ئامۆژگارییەکانی (پێشەوا قازی محەمەد 1/5/1893-31/3/1947) هیوایەکى زۆر دەخاتە دڵی خەلیل سەدیقی و بە ڕامانێکی قووڵ بیر لەوە دەکاتەوە کە جگە لە سەنگەری سەربازی و چەک و شەڕی پارتیزانی، سەنگەری دیکەش هەیە کە کەلتووری نەتەوەیی و فۆلکلۆری کورد دەپارێزێ.» (5)

خەلیلی سەدیقی بەگوڕ و تینێکی پتەوەوە لەگەڵ هاوەڵەکانی سەرمەشقی کۆڕ و کۆبوونەوە لە دەوری یەک بوون و باسکردن لە شیعر و وێژە و بارودۆخی کوردستان، هەروەها باسکردن لە توانا و ئەزموونەکانیان و گاڵتە و گەپ و کەیفخۆشی. هاوڕێکانی ئەو کاتی هونەرمەند بریتی بوون لەم کەسایەتییانە: (هونەرمەند محەمەدی ماملێ 2/6/1925-23/1/1999، ڕەحمانی قازی، ڕەحمانی کابانی، نووسەر و وەرگێڕ فەتاح کاویان، شاعیر و ئاوازدانەر هاشمی نانەوازادەگان، عەزیزی نانەوازادەگان، سولەیمانی موعینی، هاشمی فیدایی و جەلیلی گادانی.) (6)

هونەرمەند خەلیلی سەدیقی مرۆڤێکی باڵابەرز و چوارشانە و بەژن ڕێک، کەسایەتییەکی دڵپاک و خاوەن دەنگێکی بەسۆز و خۆش و خۆشەویستی نێو خەڵک بووە. بەهۆی ئەوەی هەر لە سەرەتای منداڵییەوە تێکەڵ بە ژیانی گوند و سرووشتە جوانەکەی کوردستان بووە، کەوتۆتە ژێر کاریگەریی شیعری شاعیرانی بەرزی وەک (وەفایی 1844-1902)، (عەبدوڵڵا گۆران 1904-1962) و (ئەحمەد هەردی 1922-29/10/2006) و ئەو ژینگەی لێوڕێژە لە هونەر و ئەدەب، ئەو هەستەی لە دەنگخۆشی و گۆرانییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە و بوونەتە هەوێنی دەنگ و سەدا و چڕینی ئاواز و گۆرانیی چێژبەخش.

لە ساڵی (1332ی هەتاوی) بەرامبەر ساڵی (1953ی زایینی) بۆ یەکەمجار لە شاری مەهاباد ڕادیۆیەکی بێسیم لەلایەن لەشکری مەهاباد لە سەردەستی (سەرهەنگ ڕادپوور) دادەمەزرێت. هونەرمەند لە تەمەنی (23) ساڵیدا دەچێتە ڕادیۆی مەهاباد، ئەو کاتە هونەرمەندان (سەید ڕەحیمی قوڕەییشی 1930-8/6/1991 و ئیبراهیمی ئەفخەمی و بیوک خانباغی) بەڕێوەیان بردووە. بە هاوکاریی ئەو هونەرمەندانە، خەلیلی سەدیقی لەگەڵ تیپی مۆسیقای تەکنەلۆژیای هونەریی ئەو سەردەمە لە ڕووی ئامێر و ژەنینی مۆسیقاوە چەند بەرهەمێک تۆمار دەکات وەک (لانکۆڵێ، شیرەکەم لێ دەرژێ، خۆشە گەرمێن و دەمێک ساقی). لەگەڵ خەلیلی سەدیقی ئەم هونەرمەندانەش هاوکار و گۆرانیبێژی ڕادیۆی ناوبراو بوون وەک (محەمەدی ماملێ، هاشمی فیدایی و ئەحمەدی فەیزییابی). دوای خوێندنی ئەو گۆرانییانە و بڵاوبوونەوەی ناو و هونەری خەلیلی سەدیقی لە ڕێگەی ڕادیۆی مەهابادەوە، ناو و ناوبانگێکی زۆرتری لەنێو خەڵکیدا پەیدا دەکات و چاوەڕێی بەرهەمی زۆرتری لێ دەکرێت.

هونەرمەند خەلیلی سەدیقی ماوەی دوو ساڵ دەکرێت بە سەرباز واتە ساڵی (1954 بۆ 1955ی زایینی)، لە شاری مەهابادەوە دەبێت بچێتە شاری سنە، کە ئەوەش دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ هونەرمەند کە لەو ماوەیەی ئەو دوو ساڵەدا لە شاری سنە ژیان کردن و تێکەڵاو بوون بە فەرهەنگ و کەلتوور و هونەری ناوچەی ئەردەڵان، بەرهەمی زیاتر تۆمار بکات و لەنزیکەوە بە هونەرمەندانی ئەو شارە ئاشنا بێت، وەک (بەهاوڵدینی نەورۆزی 1934-16/3/2014، حیکمەت‌وڵڵای نوبەری 2/4/1934-8/2/2022، عوبەیدی خالقی، محەمەد لوتفی، براهیمی زیباپۆش و ئەوسەت ئیبراهیمی ڕەنگڕێژ) و دواتر لەگەڵ هونەرمەند (مەزهەری خالقی) پەیوەندی دروست دەکات.

لەو ماوەیەی سەربازی لە شاری سنە، هونەرمەند ڕوو دەکاتە ڕادیۆی سنە، بە هاوکاریی تیپێکی مۆسیقای سەربازی چەند گۆرانییەک تۆمار دەکات بە هاوکاری و پشتیوانی و ئامادەکردنی گۆرانییەکانی لەلایەن ئەم هونەرمەندانەوە:

حوسێنی فەلسەفی (ئامێری سەنتوور).

نەسرەت‌وڵڵای حەدادی (24/10/1929-1998) (ئامێری کەمان/ڤیۆلۆن)، ڕابەری ئۆرکێست، بە ڕەچەڵەک کورد بووە.

گریشا میکائیل زادە (28/8/1929-6/4/1999) (ئامێری کەمان/ڤیۆلۆن).

فەرەیدوونی برۆخیم (ئامێری زەرب)، کوردێکی بە ئایینی جوولەکە بووە.

لە ماوەیەکی کەمدا گۆرانییەکانی (بەرهەڵبێنە، لانکۆڵێ، دەمێک ساقی، بووک مریەم، فاتیمە، ئەی ئێران خۆشە گەرمێن، مەلەک و...) تۆمار دەکەن. بە خوێندنی ئەم گۆرانییانە و شێوازی تۆمارکردن و ژەنینی مۆسیقاکەی، ناوبانگی خەلیلی سەدیقی زۆر بە زوویی بڵاو بۆتەوە و هونەرەکەی دەچێتە دەرەوەی جوگرافیای موکریان و لە دەڤەری (ئەردەڵان و بابان)یش لە باشووری کوردستان بەو دەنگە خۆشە ئاشنا دەبن.

جگە لەو گۆرانییانەی لە ڕادیۆی مەهاباد و ڕادیۆی سنە تۆماری کردوون و دەنگ و سەدایەکی زۆریان لەنێو خەڵکیدا هەبووە، هونەرمەند گەلێک مەقام و گۆرانی لە مەجلیس و دیوەخان و کۆڕی هاوڕێ ئازیزەکانی لە سەیران و دەشت و دەر و گەڕاندا خوێندووە بەتایبەت لەگەڵ هونەرمەند (محەمەدی ماملێ و حاجی هاشمی فیدایی). جگە لەم چەند گۆرانییە کە تۆمارکراون وەک (ئایشیلێ نازەنینێ، ئەو چاوانەی وا خوماری نازن، ئەژدەهاک، قەتار و دەمەگری مەگری) جێی داخە زۆرینەیان تۆمارنەکراون و فەوتاوون!

هونەرمەند هەرچەندە لەسەرەتاوە لەژێر کاریگەریی هۆنراوەکانی (وەفایی) شاعیردا بووە، بەڵام هۆنراوەکانی (گۆران، ئەحمەد هەردی و حەمەساڵح دیلان 1927-28/10/1990)یش دڵی پاک و هەستی هونەریی خەلیلی سەدیقییان جۆش داوە و ئاوڕی لە هۆنراوە بەرزەکانی ئەو شاعیرانەش داوەتەوە. یەکێک لەو هۆنراوە بەرزانە کە بە دەنگە خۆشەکەی بە شێوازێکی زۆر تایبەت خوێندوویەتی، هۆنراوەیەکی (ئەحمەد هەردی)یە بەناوی (فاتمە). ئەو هۆنراوەیە تا ئێستا سێ هونەرمەندی دەنگخۆش و نەمرى نەتەوەکەمان خوێندوویانە، هەر یەک بە شێواز و ئەدای دەنگی تایبەتی خۆی، هەر یەکەیان چێژ و خۆشییەکی بێوێنە دەبەخشنە گوێگر، ئەو هونەرمەندانەش (مامۆستا عەلی مەردان 1904-24/7/1981)، (ئیبراهیم محەمەد/ئیبراهیمی خەیات 1931-3/5/2005) و (خەلیلی سەدیقی)ن.

هونەرمەند خەلیلی سەدیقی بۆ ئەو هۆنراوەیەی (فاتمە)ی ئەحمەد هەردی شاعیر، ئەوەندە بە هەست و ئیحساسێکی بێوێنەوە چڕیویەتی...

خەلیلی سەدیقی ئەو مرۆڤە شۆخ و جوان و چاک و پۆشتە و کوردپەروەرە، عاشق بە خاتوونێک بووە بەناوی (فاتیمە) کە هەست و هۆشی بردووە.

«فاتیمە بۆ خەلیل سەدیقی تەنیا شیعرێک یان گۆرانییەک نییە، بەڵکوو ئەوینێکی بێخەوشە کە ناخی ئەو هونەرمەندە داگیر دەکات تا ئەو ڕادەیەی کە پێکهێنانی ژیانی هاوسەری لێ دەکەوێتەوە و لە ساڵی (1331ی هەتاوی بەرامبەر بە 1952ی زایینی) لەگەڵ فاتیمە خانم ژیانی هاوبەشیان دەست پێ دەکەن، بەرهەمی ئەو ئەویندارییە دوو کوڕ و سێ کچە بە ناوەکانی (خەسرەو، کاوە (بەهمەن)، گەلاوێژ، دڵگیر و تریفە). ئەو ژیانە خێزانییە بە عەتری هونەر بۆنخۆشتر دەبێت.» (7)

هونەرمەند لە کاریگەریی بۆ عەشقەکەی و شۆخ و شەنگیی هاوسەرە شیرینەکەی بەو هەستەوە ئەو ئاوازە خۆشەی داناوە و خوێندوویەتی:

(چاوەکەم دوو چاوی مەستت پڕ لە سیحر و جوانییە

پڕ شەرابی خۆشەویستی و عارەقی یەزدانییە

بەژن و باڵاکەت نموونەی هەیكەلی یۆنانییە

لار و لەنچەت مۆسیقایە، بەستەیە گۆرانییە

هەر بەتەنیا خۆشەویستی شک دەبەم ئەی چاوەکەم

سەروەتم ناوێ، بزەی تۆ ئەوپەڕی ئاواتمە)

سەبارەت بە گۆرانی فاتمە، (ع. مازیار) دەڵێت: «گیرۆدەبوون بە ئەڤینی کچە کوردێکی ڕووسوور و چەلەنگ بەناوی (فاتم)، بوو بە هۆی لەدایکبوونی ئاوازێکی نەمر لەسەر شیعری (ئەحمەد هەردی) بەناوی (چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتمە). بە چەشنێک کە ناوی خەلیلی سەدیقی، گۆرانی فاتمە وەبیرهێنانەوە و بە بیستنی شیعری فاتمە، ناوی خەلیلی سەدیقی لە بیر و زەینی بیسەردا دەزرینگێتەوە. شیعری فاتمە و دەنگی خەلیل بوونە دوو ڕۆح لە جەستەیەکدا و بەبێ یەکتر ناتەواو دەنوێنن. بە لێکدانەوەی زۆربەی خەڵک گۆرانی فاتمە سەرتۆپ و تاقانەی گۆرانییەکانیەتی کە هێزێکی نهێنیی شاراوەی تێدایە و کار لە دڵ و هەناوی هەر بیسەرێک دەکات، ڕەنگە ڕەمزی ئەم کارتێکردنە و ئەم هێزە نهێنییە لە (ئەوین)ەوە بێت، ئەڤینی پاک و بێگەردی دوو لاوی ئەویندار، هەم لەلایەن خەلیلی سەدیقی تا سەر کام لە ژیان نەبردوو تا دوا هەناسەی ژیان و، هەم لەلایەن فاتمی تێر لەگەڵ هاوسەر ڕانەبردوو.» (8)

هونەرمەند خەلیلی سەدیقی لە ساڵی (1954) چەند گۆرانییەک لە ڕادیۆ سنە تۆمار دەکات، یەکێک لەو گۆرانییانە فاتیمەکەی (ئەحمەد هەردی) شاعیر بووە، چەند ساڵێکی دواتر خەلیلی سەدیقی ڕوو دەکاتە ڕادیۆی کرماشان و بۆ جارێکی تر لەگەڵ ئۆرکێسترای ڕادیۆی کرماشان ئەو گۆرانییە دەخوێنێتەوە بە تەکنیک و موزیکێکی نوێوە. ساڵی (1963) هونەرمەند خەلیلی سەدیقی دێتە کرماشان، پێی خۆش دەبێت لەگەڵ ئۆرکێسترای ڕادیۆی کرماشان چەند گۆرانییەک تۆمار بکات، لەگەڵ موزیکژەن و بەڕێوەبەری ئۆرکێسترا (محەمەد عەبدولسەمەدی 1936-7/5/1999) قسە دەکات و دەڵێت: دەمەوێ چەند گۆرانییەک تۆمار بکەم. خەلیلی سەدیقی خاوەنی دەنگێکی تایبەتی کوردی بوو کە هیچ ڕەنگێکی موزیکی بێگانەی تێدانەبوو. خەلیل سەدیقی مەقامێک ئامادە دەکات لە هۆنراوەی شاعیر (ئەحمەد هەردی) بەناوی فاتیمە لەگەڵ میرزادە ئامادەی دەکەن، مەقامەکە تۆمار دەکرێت، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگ دەداتەوە، دەنگێکی جوانی وەک خەلیل سەدیقی و کەمانی میرزادە تێکەڵ بە یەک بوونە، ئەو قسەیە دەکەن (دەنگ و کەمان وەک جووتە کۆترێک وابووە). پاشان خەلیلی سەدیقی دەڵێت: گۆرانی ناڵێم ئەگەر میرزادە نەبێ! ئەومەقامە تەنیا کاری خەلیلی سەدیقییە لەگەڵ موجتەبای میرزادە. چونکە دیارە دەرفەتی زۆر نەبووە تاوەکو گۆرانی تر تۆمار بکات، بڕیار دەبێت جارێکی تر بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو دەرفەتە ناڕەخسێتەوە. دیارە هەستی میرزادەش بۆ خەلیلی سەدیقی هەمان هەستە وەک بۆ خۆی دەڵێت (دواى حەسەن زیرەک، خەلیلی سەدیقی توانی هەستم بجوڵێنێ.) (9)

سەبارەت بە دەنگ و هونەری بەرزی خەلیل سەدیقی و تۆمارکردنی ئەو شاکارە هونەرییە (فاتیمە)، نووسەر و بێژەری بەتوانا (محەمەدی کەمانگەر) بەم ناونیشانە (تاریخچەی رادیو کردی کرماشان و رادیو کردی) بە زمانی فارسی نووسیویەتى: «پێشکەشکردنی گۆرانی جوان و هونەری لەلایەن هونەرمەندانی ناوخۆ و وڵاتەوە لەم ڕادیۆیە تۆمار کراوە، لەنێویاندا گۆرانی (فاتیمە دوو چاوی مەستت پڕ لە سیحر و جوانییە) لەلایەن (ئەحمەد هەردی) شاعیری کوردی عێراقی، کە بە دەنگی خۆشی شادڕەوان خەلیلی سەدیقی تۆمار کراوە، کە لەڕاستیدا یەکێکە لە باشترین بەرهەمە هونەرییەکان.» (10)

لە ساڵی (1338ی هەتاوی - 1959ی زایینی) زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی (حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران) دەکەونە بەر پەلاماری دەزگا جاسوسی و سیخوڕەکانی ئێران (ساواک)، زۆر لەو ئەندامانە دەستگیر دەکرێن. هونەرمەند خەلیلی سەدیقی لەبەر ئەوەی ئەویش ئەندامی حیزبی دێمۆکرات بووە و لە خەباتی نهێنیی ئەو حیزبەدا تێکۆشاوە، لە ترسی ئەوەی نەکەوێتە بەر ئەو شاڵاوە و نەخرێتە زیندان، ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان. هەر لەو کاتە دژوارەدا هەردوو هونەرمەندی برا (حەسەن و محەمەدی ماملێ) ئەوانیش خۆیان دەرباز دەکەن و دێنە شاری سلێمانی. ماوەی مانەوەی هونەرمەند خەلیلی سەدیقی لە باشووری کوردستان و لە شاری سلێمانی و هەولێر (3) ساڵی خایاندووە و دواتر دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەژێر چاودێریی (ساواک)دا درێژە بە ژیان دەدات. لەو ماوەیە کە لە باشوور ژیاوە لەنزیکەوە بە دیدەنی هونەرمەندانی (تایەر تۆفیق 1922-20/10/1987، حەمەساڵح دیلان و ڕەفیق چالاک 1923-30/11/1973) شاد بووە.

لەو سەردەمەدا کە هونەرمەند خەلیلی سەدیقی لە شاری سلێمانی بووە، تیپی مۆسیقای مەولەوی لە گەرمەی تێکۆشان و چالاکیی هونەریدابوون. جێی پرسیار و سەرسوڕمانە هونەرمەند لە ماوەی مانەوەیدا، بەپێی بەڵگەیەک دەستم کەوتووە تاکە سەرچاوەیە هونەرمەند خەلیلی سەدیقی لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەولەوی بەشداریکردووە لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیکە.

بەڵگەکە بەو شێوەیە نووسراوە...

«پڕۆگرامی مۆسیقا و گۆرانی...

سێ پارچە مۆسیقا (15 دەقیقە)

گۆرانی سێوە (مەبەستیان هونەرمەند سێوە 1891-9/12/1963 یە) (15 دەقیقە)

گۆرانی طاهر تۆفیق (20 دەقیقە)

گۆرانی خەلیلی سەدیقی (15 دەقیقە)

گۆرانی بەختیار عەبدولڕەحمان (10 دەقیقە)

گۆرانی عومەر ڕەزا 1942-7/8/2021 (10 دەقیقە)

کۆی گشتی: 85 دەقیقە.

لە خوارەوە لە لای چەپی بەڵگەکە نووسراوە: نەژاد عەبدە، سەرۆکی لیژنەی گۆرانی و مۆسیقا (26/6/1961)، واژۆی هونەرمەند نەژادی عەبدەی لەسەرە، بەڵام بەداخەوە ناوی شوێنی سازدانی ئاهەنگەکە نەنووسراوە. بەپێی ووردبینی و بەدواداچوونم لەو ساڵەدا تیپی مۆسیقای مەولەوی چالاکیی هونەرییان لە شاری سلێمانی و کۆیە و دەربەندیخان ئەنجام داوە، بەپێی ئەو ڕێکەوتە بێت سازدانی ئاهەنگێک لە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد لە شاری کۆیە بە هاوکاریی هونەرمەند (سێوە)، ئەوەی لە (دەربەندیخان) لە ڕێکەوتی (23/11/1961) بە بۆنەی کردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان بووە، وێنەیەک وەک بەڵگە بوونی هەیە هونەرمەند خەلیلی سەدیقییان لەگەڵ دانییە.»

هونەرمەندان خەلیلی سەدیقی و حەسەن زیرەک...!

هەردوو هونەرمەند زادەی ناوچە فراوان و دەوڵەمەندەکەی موکریانن (مەهاباد و بۆکان). بۆ من جێی پرسیار بوو لە ناوەڕاستی پەنجاکان تا کۆتایی شەستەکانی سەدەی پێشوو، زۆر گەڕام هیچ بەرێکەوتن و کۆڕ و کۆبوونەوەیەک و شەو ئاهەنگێک و دانیشتنێکی هونەری لەنێوان هەردوو هونەرمەند دا بەدەستم نەهێنا. ناچار پەیوەندیم کرد بە کاک بەهمەن کوڕی هونەرمەند خەلیلی سەدیقی و پێی ڕاگەیاندم: «دەربارەی پرسیارەکەتان پێشتر چەند جارێک دایکم ئەو بیرەوەرییەی لە زاری باوکمەوە بیستبوو بۆی دەگێڕاینەوە، ئەوەندەی من بزانم بیرم نایەت لە ڕۆژهەڵات بابم و هونەرمەند (حەسەن زیرەک 29/11/1921-26/6/1972) یەکتر دیتبێ، بەڵام کاتێک باوکم لە عێراقێ بووە بەتایبەت شاری سلێمانی، ڕۆژێک لە باخچەی گشتیی سلێمانی بابم تێی چریکاندووە و گۆرانی خوێندووە، لەو کاتەدا بابم گۆرانی دەخوێنێ هونەرمەند حەسەن زیرەک لەو ناوە دەبێ. ئیدی بۆ لەوێ بووە نازانم؟ کاتێک گوێی لە دەنگی بابم بووە و هەستی بزواندووە بەرەو پیر دەنگەکە چووە کە دەبینێ کوڕێکی گەنجی جوان گۆرانی دەخوێنێ. کاتێک بابم لە گۆرانی خوێندنەکە تەواو دەبێت، کاک حەسەن زیرەک دەچێتە پێشێ و لێی دەپرسێ: خەڵکی کوێی؟ بابیشم پێی دەڵێ: ئەمن خەڵکی مەهابادم. ئاغای زیرەک پێی دەڵێت لە دوورەوە گوێم لەو دەنگە خۆشەت بوو، بە دوای دەنگەکەتدا هاتم و ویستم بزانم ئەو دەنگخۆشە کێیە؟ دواتر لێی دەپرسێ بۆ لێرەیت؟ ئەویش باسی حاڵ و گوزەرانی خۆی بۆ دەکات کە لە ترسی ساواک هەڵاتووە. واتە ئەوە یەکەمین جار بووە بابم هونەرمەند حەسەن زیرەک لەنزیکەوە ببینێ. ئەوە چەند جار دایکم ئەو بیرەوەرییەی بۆ گێڕاوینەتەوە، کاتێک بابم کۆچی دوایی کرد هونەرمەند حەسەن زیرەک بۆ سەرەخۆشی و هاوخەمی لە مەهاباد هاتە ماڵمان.» (11)

سێ هاوڕێ، سێ ڕەنگ، سێ دەنگ

دەربارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هونەرمەند خەلیلی سەدیقی و مامەڵە و ڕەفتاری لەگەڵ هاوڕێیان و خەڵکی شاری مەهاباد و کاریگەریی دەنگی خۆشی لەسەر هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی، هونەرمەند (سمایلی ماملێ) نووسیویەتى:

«مامۆستا ماملێ و کاک خەلیلی سەدیقی و کاک حاجی هاشمی فیدایی، هاوڕێ و هاودەم و یاری شەوان و ڕۆژانی یەکتر بوون و بە دەنگ و نەوای بەسۆزیان خەڵکی شار و ناوچەیان دەهەژاند. بە سێ هونەرمەندی کات و سەردەمێک دەژمێردرێن کە کۆڵان و شەقامەکانی شاری سابڵاخ بە دەنگیان دەزرینگایەوە و تاقە خۆشی و زاخاوی مێشکی ئەو شارە، هەر ئەو دەنگانەبوون کە چووبوونە نێو دڵ و دەروونی خەڵکێک. لەسەر شانۆ، سینەما، ڕادیۆ بە دەنگی ئەو هونەرمەندانە ماندوویی و کەلەلاییان دەحەساوە. ئەو لاوە دەنگخۆشانە لە شەوگەڕی و ڕەش بەڵەکی نێو کوچە و کۆڵانان، لە بەزم و کۆڕی دانیشتن و لە سەیرانگا پەیوەندییەکی ڕووحی و دانەبڕاویان لەگەڵ خەڵکی ئاسایی هێنابووە گەڕ. ئەو کاتانەی ئەو سێ هاوڕێیە لە سەری کوچەی یەکێک لە گەڕەکەکانی شار دادەنیشتن و دەستیان بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ دەکرد، خەڵک لە دەوریان خڕ دەبوونەوە و بە شیرینی و غوڕابی و چا و شەربەت و ڕەحمەت ناردن پێشوازییان لێ دەکردن. ماملێ و خەلیلی سەدیقی و هاشمی فیدایی زۆر جاران خۆیان بەسەر گەڕەکەکاندا دابەش دەکرد و بۆ یەکتردیان دەگێڕاوە. مامۆستا ماملێ و کاک هاشمی فیدایی سەبارەت بەو شەوانە دەیان گوت: ئێمە ئەو سێ کەسە هەرکات یەکترمان لێ ون بوویا، نەمان دەپرسی لەکوێیە؟ هەر کوت و پڕ دەستمان بە قەتارەیەک دەکرد و ئەوی دیکەمان لە هەر جێیەک با بە گۆرانی وەڵامی دەداوە.» (12)

یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی سەردەمی ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەریی هونەرمەند خەلیلی سەدیقی، هونەرمەند (حاجی هاشمی فیدایی 31/7/1934 مەهاباد) لاپەڕەکانی دوێنێی یادەوەرییەکانی لەگەڵ خەلیلی سەدیقی هەڵدەداتەوە و بەو شێوەیە دەیناسێنێ: «مەرحوومی خەلیلی سەدیقی لە دۆستانی نزیک و قەدیمی من و محەمەدی ماملێ بوو، سەرەتای ناسینمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی (30 و 31ی هەتاوی) (1951 و 1952ی زایینی). خەلیل هەتا بڵێی خۆشسیما و بەخوڵق بوو، دەنگە ناسک و بەسۆزەکەشی کەوتبووە سەری. هەر بەڕاستی هاودەمی لەگەڵ خۆش بوو. کاک خەلیلیش هەر وەک من گۆرانی بۆ ئیحساس و دڵی خۆی دەگوت، قەت نەی کردە پیشە و وەک حیرفە هەڵی نەبژارد. هەموو شەوێ ئەمن و محەمەد و خەلیل دەهاتینە دەرێ و گۆرانیمان دەگوت و دۆستەکانیشمان ڕەش بەڵەکیان دەگرت. خەڵک زۆری خەلیلیان خۆش دەویست، کاتێک خەلیل گۆرانی دەگوت وشەکانی دابەش دەکرد، ئەو شێوە گوتنە تایبەتمەندیی کاک خەلیلی بوو، هەتا بڵێی پیاوێکی بەغیرەت و بە شەهامەت بوو، زۆریش عەلاقەی بە وەرزش بەتایبەت (بۆکس) هەبوو.» (13)

دواى بەسەربردنی ماوەی سێ ساڵ و گەڕانەوەی لە باشوور و لەبەر ئەوەی ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێمۆکرات بووە، (ساواک) زۆر بە چڕی چاودێری کردووە و ئاگاداری هەڵس و کەوتەکانی بوون. هونەرمەند ژیانی لەگەڵ خەم و خەفەت بەڕێ دەکات و بۆی زەحمەت دەبێت، چونکە هۆش و بیری لە لای نەتەوەکەی بووە. بەداخەوە دەرد و خەفەت و بیرکردنەوە لەو دۆخەی نەتەوەکەی دووچاری نەخۆشی دەبێت. ئەو هونەرمەندە دەنگخۆش و جوامێر و زمانشیرین و دەست و دڵپاک و دڵئاوەڵایە (39) ساڵ ژیاوە. هونەرمەند خەلیلی سەدیقی لە ڕێکەوتی (22/1/1970) لە نەخۆشخانەی (شێر و خۆرشید)ی شاری مەهاباد، دڵە پاک و بێگەردەکەی ئەو دەنگخۆشە خۆش ئاواز و لێوڕێژ لە ئەوین بۆ هونەر و نەتەوە و (فاتیمە)کەی لە لێدان دەکەوێت و بۆ هەمیشە ژیانئاوایی لە شاری ئازیزەکەی مەهاباد و هاوڕێ و ئازیزانی کرد.

تەرمی هونەرمەند خەلیلی سەدیقی لە گۆڕستانی (بوداغ سوڵتان) لە شاری مەهاباد نزیک گڵکۆی هاوڕێی خۆشەویست و هاوبێری شەهید (سولەیمانی موعینی) بە خاکی پیرۆزی کوردستان دەسپێردرێت.

ڕۆحی شاد و ئارام بێت، گڵکۆکەی هەمیشە چراخان و لێوڕێژ بێت لە گوڵ و ناو و دەنگ و هونەرە شیرینەکەی بۆ هەمیشە لە بەر دڵانە.

بەرهەمە هونەرییەکانی لە باخچە ڕازاوەکەی دنیای هونەریی خەلیلی سەدیقی، بە شێوازە تایبەتییەکەی دەنگ و ئەدای خۆی چڕیونی و هەڵقوڵاوی هەست و سۆزی دەروونی خۆی بووە بریتین لە:

(بەرهەڵبێنە، ئەژدەهاک، فاتیمە، لانکۆڵێ، بووک مریەم، چی بکەم نیمە چارە، مەلەک، سەوزە، خۆشە گەرمێنێ و ... هتد).

سڵاو لە دەنگ و هونەری دڵنشین و چێژبەخشی هونەرمەند خەلیلی سەدیقی.

جەمال عومەر (جەمالی دەلاک)

9/10/2026 سلێمانی

سەرچاوەکان:

(1) بەهمەنی سەدیقی، کوڕی هونەرمەند خەلیلی سەدیقی، تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی کاک بەهمەن، ڕێکەوتی (13/6/2016).

(2، 3، 5، 7، 10) بەهمەنی سەدیقی، کوڕی هونەرمەند خەلیلی سەدیقی، تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی کاک بەهمەن، ڕێکەوتی (7/3/2016).

(4، 6، 8) گۆڤاری (گزینگ)، ئاوڕێک وەسەر ژیان و بەرهەمی هونەریی هونەرمەندی کورد (خەلیلی سەدیقی) لە نووسینی (ع. مازیار - مەهاباد)، ژمارە (27)ی بەهاری (2000)، لە ڕێگەی سایتی (چیا) وەرگیراوە.

(9) کتێبی موجتەبای میرزادە.. شانازیی موزیکی کوردی، (دلێر سەلیم)، لاپەڕە (28).

(11) پەیوەندی تەلەفۆنی (واتس ئەپ) لەگەڵ کاک بەهمەن کوڕی هونەرمەند خەلیلی سەدیقی، ڕۆژی پێنجشەممە (8/10/2026) (سلێمانی-مەهاباد) (ج.د).

(12 و 13) کتێبی (کاروانی هونەری ماملێ)، نووسین و ئامادەکردنی: سمایلی ماملێ، لاپەڕە (161 و 172).

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.