Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 08:45

په‌رله‌مانتارانی ئێران متمانەیان بە وەڵامەکانی رۆحانی نه‌بوو

سەرۆك كۆماری ئێران بانگهێشتی په‌رله‌مان كرابوو
کوردستان TV
#11
100%


بە پێی ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی، ئەندامانی پەرلەمانی ئێران متمانەیان بە زۆرێک لە وەڵامەکانی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، دەربارەی کێشە ئابوریەکانی ئێستای ئێران نییە.

دوای ئەوەی ژمارەیەك لە وەڵامەكانی حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەبەردەم لێپرسینەوەی پەرلەماندا قەناعەتی بە پەرلەمانتاران نەهێنا، پرسیارەكان خرانە‌ بەردەم دادگای وڵاتەكە.

ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئابی 2018، حەسەن روحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاماده‌بوو و پـێنج پـرسیاری سەبارەت بە هۆکاری خراپـبوونی باری ئابووری و دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی و زیادبوونی رێژەی بێکاری لێکرا.

روحانی له‌ وه‌ڵامه‌كانیدا گوتی: ئەم کێشانە تەنها چەند مانگێکە دەسـتیانپـێکردووە و بە وتەی خۆی بە ڕێنمایی عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای وڵاتەکەیان و هەماهەنگی حکومەت و پەرلەمان و سیستمی دادوەری و سه‌ربازی دەتوانن چارەسەریان بکەن.

سەرۆک كۆماری ئێران راشیگه‌یاندووه‌ ئەو خۆپـیشاندانە ناڕەزاییانەی لە سەرەتای مانگی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵ لە وڵاتەکە ئەنجامدران وایان لە دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد لە ڕێکكەوتنە ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ساڵی 2015 بکشێتەوە، باسی لەوەش کرد ڕێژەی بێکاری لە وڵاتەکەی 12.1% و وتی ئەمە جێی قبوڵ نیـیە.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانیش بڵاویكردەوە، پەرلەمان پرسیارەكانی دیكەی خستۆتەبەردەم دادگا. دوای لێكۆڵینەوەی دادگا ئەو پرسیارانە ئاراستەی پەرلەمان دەكاتەوە و دواتر پەرلەمانتاران بڕیاری كۆتایی دەدەن لەبارەی كابینەكەی روحانییەوە.

دواتر یاسادانەرانی ئێرانی لە وەڵامی پـێنج پـرسیارەکە بە چواری قایل نەبوون، موجتەبا زولنور کە یەکێکە لەو یاسادانەرانەی پـرسیارەکانیان ئاڕاستەی روحانی کردبوو، رایگه‌یاند: ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لەگەڵ ئەندامە یاساییـەکانی پەرلەمان کۆدەبنەوە تا بڕیار بدەن ئایا ئەو پـرسیارانه‌ بۆ دادوەری وڵاتەکەیان بنێرن یان نا.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.