Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 11:20

پۆلیسی ئەمەریکا دوو ئێرانی بە تاوانی سیخوڕی دەسـتگیر دەکات

بە نهێنی وێنەی چەند شوێنێکی جووەکانیان گرتووه‌
کوردستان TV
100%

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دوو ئێرانیـیان دەسـتگیرکردووە بە تاوانی سیخوڕی بۆ حکومەتی ئێران، پاش ئەوەی زانیاریـیان لەسەر نەیارانی ڕژێمی تاران لە ناو ئەمەریکا کۆکردبووەوە و بە نهێنی وێنەی چەند شوێنێکی جووەکانیان گرتبوو.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا لەم بارەیەوە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا دەڵێت هەریەک لە ئەحمەد ڕەزا محەمەدی دوستدار تەمەن 38 ساڵ و مەجید قوربانی تەمەن 59 ساڵ تۆمەتی سیخوڕیـیان ئاڕاستەکرا بەوەی هەستاون بە چاودێریکردنی چەند شوێنێکی جووەکان و هەروەها هەوڵی دزەکردن بۆ ناو ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق.

هەردووکیان بەپـێی فەرمانی دادگایەکی واشنتنی پایتەخت لە 9 ی ئەم مانگی هەشتە دەستگیرکران.

بەپـێی کەیسەکەیان ئەحمەد ڕەزا محەمەدی دوستدار کە هاوڵاتینامەی ئەمەریکاییشی هەیە، لە مانگی حەوتی ساڵی 2017 چووە بۆ شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئلینۆی و لەوێ ئەندامانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI بینیویانە وێنەی هەردوو سەنتەری ڕور شاباد هاوس و هیلیلی جووەکانی گرتبوو و بە تایبەتی خاڵە ئاسایشیـیەکانی هەردوو سەنتەرەکە.

لە 20 مانگی نۆی ساڵی 2017 مەجید قوربانی چووە بۆ شاری نیویۆرک و لەوێ وێنەی بەشداربووانی خۆپـیشاندانێکی دژی ڕژێمی ئێرانی گرتبوو کە لەلایەن موجاهیدینی خەلقەوە ڕێکخرابوو. لە مانگی دوازدەی هەمان ساڵ دوستدار لە ئێران گەڕاوەتەوە و لە شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیا لەگەڵ قوربانی کۆبووەتەوە و نزیکەی 2 هەزار دۆلاری بە قوربانی داوە و ئەویش لە بەرامبەردا 28 وێنەی خۆپـیشاندانەکەی موجاهیدینی پێ داوە لەگەڵ چەند کاغەزێک کە بە دەست نووسراوەتەوە و زانیاریان تێدایە لەسەر ئەوانەی لە وێنەکاندا دەرکەوتوون.

دەزگای FBI قسەکانی هەردووکیانی تۆمارکردووە، كه‌ دەڵێن دوستدار بۆ قوربانی باسکردووە چۆن لە تارانەوە فەرمانی پـێکراوە زانیاریـیەکان کۆبکاتەوە و قوربانیش بۆی باسکردووە چۆن هەوڵی داوە دزەبکاتە نێو ئەندامانی موجاهیدینی خەلقەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە قوربانی ببرێتە بەردەم دادگایەکی واشنتۆنی پایتەخت.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.