Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 02:33

بیرەوه‌ری به‌نگلادیشییه‌ک

هه‌ستم نه‌كرد بیانیم
بیرەوه‌ری به‌نگلادیشییه‌ك
کوردستان TV
100%

( شیشیله‌ له‌ شان ) گه‌نجێكی به‌نگلادیشییه‌ چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا خه‌می ژیان‌ و ئازاری نه‌بوونی گه‌یاندییه‌ كوردستان، كه‌س نه‌یده‌زانی ئه‌و گه‌نجه‌ ده‌رچووی زانكۆیه‌‌و نووسه‌ر ‌و شاعیرێكی به‌تواناشه‌، بۆیه‌ ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان بوو وێڕای په‌یداكردنی بڕێك پاره‌، هه‌روه‌ها به‌ وێنه‌ی كۆمه‌ڵناسێك‌و گه‌نجێكی به‌ سه‌لیقه‌‌و وردبین به‌شێكی زۆری بیره‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی وڵاته‌كه‌مانی یاداشت كردووه‌‌ و وه‌كو ستونێكی رۆژنامه‌وانی له‌ رۆژنامه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌یدا بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

(شیشیله‌ له‌ شان) نووسیویه‌تی: خه‌ڵكی كوردستان تا بڵێی به‌ڕێز ‌و غه‌ریب دۆستن، له‌و چه‌ند ساڵه‌ی له‌ناویان بووم هه‌ستم نه‌كرد بیانیم، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك ئاكار ‌و هه‌ڵس‌وكه‌وت ‌و داب‌ونه‌ریت له‌ ژیانی كورده‌كان هه‌بووه‌ لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتم، بۆ نموونه‌ له‌ دیوه‌خانی پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند چایچی بووم كه‌ چایه‌كه‌م ده‌خسته‌ به‌رده‌میان له‌ گه‌رمیا هه‌ڵمی لێ‌ هه‌ڵنه‌ستابا تووڕه‌ ده‌بوون، به‌ڵام چایه‌كه‌شیان داده‌نا تا سارد نه‌بووبایه‌وه‌ نه‌یانده‌خوارده‌وه‌. كوردستان پڕه‌ له‌ مزگه‌وت له‌ نێوان دوو مزگه‌وت مزگه‌وتێكی تر هه‌یه‌، سه‌ریان بچیت نوێژیان ناچیت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ سه‌ریشیان بچیت شه‌ڕیان ناچیت، له‌سه‌ر فوول لایتی ئۆتۆمبێل یه‌كتری ده‌كوژن، بكوژه‌كه‌ش وه‌كو به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رده‌چێت، یان به‌ سوڵحی عه‌شایه‌ری‌ و دانی بڕێك پاره‌ به‌ باوكی كوژراوه‌كه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات‌و دواتر بكوژ ده‌چێته‌ حه‌ج یان عه‌مره‌. هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ سروشتێكی سه‌یریان هه‌یه‌ هه‌موویان سیاسین ‌و چاودێری سیاسین، هه‌موویان قسه‌ ده‌كه‌ن‌ و تاك ‌و ته‌راشی نه‌بێت گوێگریان نیه‌. هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ چی قووتووی بیبسی‌و پاشماوه‌ی خواردن هه‌یه‌ له‌ جامی ئۆتۆمبێله‌كانیان فڕێی ده‌ده‌نه‌ سه‌ر شه‌قام. كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون یان كه‌سێك ده‌كوژن یان ژنی دووه‌م ده‌هێنن‌و یان مزگه‌وتێك دروست ده‌كه‌ن، زۆربه‌ی منداڵه‌كانیان ناویان عه‌ره‌بییه‌، له‌ناو جه‌رگه‌ی هه‌ولێری پایته‌خته‌كه‌یان ناوی یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌ گه‌وره‌كانیان به‌ناوی عه‌ره‌بێكی دوژمنی خۆیان كردووه‌، له‌ ده‌روازه‌ی شاری سلێمانیش كه‌ پایته‌ختی رۆشنبیری وڵاته‌كه‌یانه‌ تۆپێكیان وه‌كو چه‌كێكی قورس داناوه‌، هه‌ر له‌و وڵاته‌ گه‌نده‌ڵی‌ و خیانه‌ت ئاساییه‌، به‌ڵام نوێژنه‌كردن لایان عه‌یبه‌یه‌، له‌ هه‌مووی سه‌یرتر به‌شێكی خه‌ڵكی كوردستان بۆ یه‌كتری ماچكردن ده‌چنه‌ تاریكی ‌و له‌ رووناكیش یه‌كتری ده‌كوژن.

 ن/ زیره‌ك كه‌مال

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.