Erbil 5°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 09:42

تورکیا: په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران ناپچڕێنین

ئێران دراوسێیه‌كی باشه‌ و ئێمه‌ په‌یوه‌ندیی ئابوورییمان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌
مه‌ولود چاووش ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا
کوردستان TV
100%

وه‌ك هه‌ڵوێست پیشاندان به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی ئه‌مریكا كه‌ داوایان له‌ وڵاتانی جیهان كردووه‌ تا كڕینی نه‌وت له‌ ئێران رابگرن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند كه‌  په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی خۆی بۆ خاتری هیچ وڵاتێك له‌گه‌ڵ ئێران ناپچڕێنێت.

مه‌ولود چاووش ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا وتی: ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كانی ئه‌مریكا به‌ ئامانجی به‌رقه‌راركردنی ئاشتی و ئاسایش له‌ ناوچه‌كه‌دا بێت، ئێمه‌ پشتیوانییان لێده‌كه‌ین، به‌ڵام ناچار نین پێڕه‌ویی له‌ هه‌موو بڕیاره‌كانی ئه‌وان بكه‌ین، مانای هاوپه‌یمانێتیش ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ بڕیاره‌كانی ئه‌وان یه‌ك له‌ دوای یه‌ك جێبه‌جێ بكه‌ین.

توركیا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی ناتۆ، بۆ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی وڵاته‌كه‌ی تا راده‌یه‌كی یه‌كجار زۆر پشتی به‌ هاورده‌ به‌ستووه‌ و ئاماره‌كانیش ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ئه‌م وڵاته‌ له‌ چوار مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا نزیكه‌ی 3 ملیۆن تۆن نه‌وتی له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ كردووه‌.

چاووش ئۆغڵو به‌رگریی كرد له‌ درێژه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان نێوان وڵاته‌كه‌ی و ئێران و وتی: ئێران دراوسێیه‌كی باشه‌ و ئێمه‌ په‌یوه‌ندیی ئابوورییمان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. 

جیا له‌وه‌ش ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ وڵاتێكی دیكه‌ داوا له‌ ئێمه‌ ده‌كات تا په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان بپچڕێنین، ئێمه‌ ئه‌مكاره‌ ناكه‌ین.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.