Erbil 11°C شەممە 23 تشرینی دووەم 23:09

وێنه‌کێشان له‌سه‌ر ده‌موچاوی منـداڵان

هه‌ست به‌ خۆشی و شادییه‌كی زۆر ده‌كه‌ن
کوردستان TV
100%

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، مۆده‌ی هونه‌ری وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاودا (فـه‌یس پنتـین) به‌ تایبه‌تیش له‌سه‌ر ده‌موچـاوی منـداڵاندا، به‌ شێوه‌یـه‌كی به‌ربـڵاو له‌ هه‌مـوو جیهاندا ته‌شنه‌ی كردووه‌. له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و له‌ مۆڵه‌كان و له‌ ناوه‌نـده‌ بازرگانییه‌كان و له‌ باخچه‌ گشتییه‌كاندا، ته‌نانه‌ت له‌ ماگدۆناسه‌كانیشدا، له‌ بۆنه‌كانی جـه‌ژنی له‌دایكبوونی منـداڵان و له‌ بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانی و وه‌رزشییه‌كان و له‌ ئاهه‌نگه‌كانی باخچه‌كـانی منداڵان و قوتابخـانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا، یا له‌ (رۆژی جیـهانی منـداڵان) دا، وێنه‌كێشان به‌ بۆیه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی ئاویی تایبه‌ت، له‌سه‌ر رومه‌ته‌كان و ده‌موچاوی منداڵاندا بووه‌ به‌ باو، به‌ مه‌به‌ستی خۆشی و شادی و گه‌شی و زه‌رده‌خه‌نه‌ خستنه‌ سه‌ر لێوه‌كانی منداڵان.

منداڵان، كه‌ وێنه‌ له‌سه‌ر ده‌موچاویاندا ده‌كێشرێت، هه‌ست به‌ خۆشی و شادییه‌كی زۆر ده‌كه‌ن.. وه‌كو وێنه‌ی: گوڵ، په‌پوله‌، هه‌نگ، چۆله‌كه‌، هه‌ڵۆ، ده‌موچاوی پشیله‌ و شێر و پڵنگ، یا كاراكته‌ره‌ ناسراوه‌كانی فیلمه‌ كارتۆنییه‌كان، پیته‌كـان و نووسین،…هتد.

له‌ ئێستادا مێژوونووسان و زانایانی ده‌روونناسی، وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاودا، وا لێكده‌ده‌نه‌وه‌، كه‌ بۆ سه‌رنج راكێشان و لاكردنه‌وه‌ و خۆده‌رخستنی كه‌سایه‌تییه‌.

(فـرۆید) پێی وایه‌:” وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچـاو یا له‌سه‌ر جه‌سـته‌دا، بۆ هه‌ستكردن و خۆنازینی خـوده‌

له‌ ئه‌مڕۆدا وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاو، له‌ نێوان مێردمنداڵان و گه‌نجاندا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بڵاوبۆته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ كاتی یارییه‌ وه‌رزشـییه‌كاندا، له‌ نێوان بینه‌ران و هه‌واداران و هانده‌ران و هیواخوازانی سه‌ركه‌وتن و بردنه‌وه‌ی تیپه‌ وه‌رزشییه‌كانی یانه‌ ناسراوه‌كان یان یارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فوتبۆڵ و یارییه‌كانی تری، كه‌ به‌ زۆری وێنه‌ی ئاڵاكـانی وڵاته‌كانیان، به‌ بۆیه‌ی ئاویی ره‌نگاوڕه‌نگ له‌سه‌ر رومه‌ته‌كانیان ده‌نه‌خشێنن، به‌م شێوه‌یه‌ گوزارشت له‌ هـاندان و له‌ پاڵپشتی تیپه‌كانی وڵاته‌كـانیان ده‌كه‌ن.

بێگومان دایك ناتوانێت له‌ به‌رده‌م حه‌ز و داواكردن و وڕكگرتن و گریانی منداڵه‌كه‌یدا بوه‌ستێته‌وه‌، كه‌ ده‌بینێت منداڵه‌ هاوته‌مه‌نه‌كانی، وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ له‌سه‌ر رومه‌ت و ده‌موچاویاندا كێشراون، منداڵه‌كه‌ی ئه‌میش وه‌كو ئه‌وان حه‌زی لێیه‌ كه‌ وێنه‌یه‌ك له‌سه‌ر ده‌موچاویدا هه‌بێت. ناچار ئه‌و دایكه‌ ملكه‌چی داوا و وڕكی كچـه‌كه‌ی یا كـوڕه‌كه‌ی ده‌بێت.. له‌ لای وێنه‌كێشێكی هونه‌ری ده‌موچاو نه‌خشاندن، خواستی جگه‌رگۆشه‌كه‌ی دێنێته‌ دی و دڵی خۆشده‌كات.. گه‌رچی له‌وانه‌یه‌ كه‌ زیانه‌كانیشی بزانێت كه‌ چین.

له‌ زۆر له‌ وڵاتانی جیهاندا، هه‌ندێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی سه‌رقـاڵبووی ئه‌م هونه‌ره‌، وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچـاوی منداڵان، بۆته‌ پیشه‌یان و مایه‌ی پاره‌ ده‌سكه‌وتنیان.. (ره‌فـۆ)ی هونه‌رمه‌ندی وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاوی منداڵان ده‌ڵێت:” من ماوه‌ی ده‌ ساڵه‌ وێنه‌ له‌سه‌ر ده‌موچاوی منداڵان ده‌كێشم.. چه‌ندین كلیشه‌ی جیاوازم هه‌یه‌، وه‌كو وێنه‌ی: ئاژه‌ڵان، گوڵ، ئه‌ستێره‌كان، كاراكته‌ره‌ كارتۆنییه‌كان، پیته‌ ئینگلیزییه‌كان، له‌سه‌ر ده‌موچاوی منداڵان ده‌كێشم.. له‌ هه‌ر بۆنه‌یه‌كدا نزیكه‌ی (په‌نجا وێنه‌ی جیاواز) ده‌كێشم.. تێكڕا له‌ هه‌ر (ده‌ خولـه‌ك)دا وێنه‌یه‌ك ده‌كێشم.. (سی) ره‌نگی بۆیه‌ی ئاوی به‌كارده‌هێنم.. بێجگه‌ له‌ وێنه‌ی تر، كه‌ به‌ پێی بۆنه‌كان دایان ده‌هێنم و ده‌یان كێشم

ده‌رباره‌ی مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی هونه‌ری وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاو و (تاتـۆ) یاخود هێڵكاری و داكوتینی ره‌نگ له‌سه‌ر له‌ش، به‌ پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ به‌ لاشه‌ی مـرۆڤه‌ مۆمیاكراوه‌كانه‌وه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌، مێژوویه‌كی زۆر كۆنی هه‌یه‌، بۆ چـاخی به‌ردین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، واتا چه‌ندین هه‌زار ساڵ به‌ر له‌ مێژووی زاینییه‌وه‌ هه‌بووه‌.. مرۆڤی كۆن له‌سه‌ر ده‌موچاو و قۆڵ و مه‌چه‌ك و جه‌سته‌یاندا، وێنه‌ی خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كان و گوڵ و دڵ و باڵنده‌ و ئاژه‌ڵیان نه‌خشاندووه‌.. ئه‌وان باوه‌ڕیـان به‌وه‌ هـه‌بوو، كه‌ ئه‌م وێنانه‌ی سه‌ر له‌شیان به‌ختیان بۆ دێنن و له‌ رووحـه‌ پیس و شه‌ڕانییه‌كـان دووریان ده‌خه‌نه‌وه‌.. هه‌ر به‌ پێی به‌ڵگه‌ی مێژوویی، ئه‌م هونـه‌ره‌ له‌ نێو سۆمه‌رییه‌كان (كه‌ به‌ ره‌چه‌ڵـه‌ك ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر كورد و له‌ چیاكانی كوردستانه‌وه‌ شۆڕبوونه‌وه‌)، چینییه‌كان، یابانییه‌كان، فه‌رعونییه‌ میسرییه‌كان، بوونی هه‌بووه‌.

هونه‌ری وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاودا، له‌ شانۆی ئه‌وروپیشدا، بڵاوببۆوه‌، بۆ گوزارشتكردن، له‌ خۆشی و شادی یا له‌ ناخۆشی یا له‌ گرژی و مۆنی و تووڕه‌یی. له‌سه‌ر ده‌موچاوی ئه‌كته‌ره‌كانیاندا، به‌ پێی مه‌به‌ست، وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگیان ده‌كێشا.

دواتریش ئه‌م هونه‌ره‌، بوو به‌ دیارده‌یه‌كی باو له‌سه‌ر ده‌موچاوی (قۆشمه‌چییه‌كان)ی نمایشه‌كانی سێركه‌كـان.

له‌ چاره‌گی كۆتایی سه‌ده‌ی رابردوودا، به‌شێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ وێنه‌كێشه‌كان، هۆگری وێنه‌كێشان له‌سه‌ر رومـه‌ت و ده‌موچـاوی منـداڵان بوون، له‌ میانه‌ی وێنه‌كێشانی كه‌سایه‌تییه‌ كارتۆنیه‌كان و وێنه‌ی داهێنانی تـازه‌ی وه‌كو: فرۆكه‌ و رۆكێت و ئۆتۆبیل، هه‌ندێ داهێنانی تازه‌شیان خسته‌ سه‌ر شێوازه‌كان و به‌كارهێنانی ره‌نگه‌ ئاوییه‌كان و وێنه‌كێشانی سه‌ر ده‌موچاوی منداڵان، تا له‌ هونه‌رێكی تازه‌ بچێت.

بێسو دایكان و باوكان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، كه‌ به‌ هه‌موو هۆ و شێوه‌ و شێوازێك خۆشی و شادی بخه‌نه‌ دڵی منداڵه‌كانیانه‌وه‌.. به‌ڵام ناشێت ملكه‌چی زیده‌نازیان ببن و هه‌موو خواست و داواكرییه‌كیان بۆ بهێنه‌دی.. پێویسته‌ له‌ هه‌ر هۆكـارێكی زیانبه‌خش بیان پارێزن، كه‌ زیان به‌ ته‌ندروستی ئه‌مڕۆ و داهاتوویان ده‌گه‌یه‌نێت.. له‌وانه‌یه‌ منداڵانی دڵپاك هه‌ست به‌ زیانبه‌خشین و كارتێكردنی، گه‌لێ شتی جوان و بریقه‌دار له‌ رواڵه‌ت و زیانبه‌خش له‌ ناوه‌ڕۆكدا نه‌كه‌ن.. ده‌شێ وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاوی ناسكیان، جوانی و خۆشییه‌كی زۆریان پێببه‌خشێت به‌ڵام له‌ هامان كاتیشدا زیانێكی زۆریان پێبگه‌یه‌نێت.

له‌ ساڵی (٢٠٠٩) دا ده‌زگای خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مریكی، له‌ باره‌ی وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاوی منداڵان كه‌ له‌ زۆربوونێكی فراوان دایه‌، ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كیان راگه‌یاند، له‌ باره‌ی زیان و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی ئه‌و بۆیانه‌ و فرشانه‌ی كه‌ له‌ وێنه‌كێشانی سه‌ر ده‌موچاوی منداڵاندا به‌كارده‌هێنرێن، چ زیانی ده‌ره‌كییان له‌سه‌ر پێستی منداڵاندا هه‌یه‌ كه‌ هێشتا به‌ ته‌واوی گه‌شه‌یان نه‌كردووه‌، وه‌كو: سووربوونه‌وه‌، خوران، بیرۆ (ئه‌كـزیما)، هه‌ستیاری پێست (حه‌ساسییه‌) سه‌رئێشه‌، برین بوون، دومه‌ڵ ده‌ركردن، كه‌مبوونه‌وه‌ی تاوانا زانیارییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی یا هه‌میشه‌یی، لاوازبوونی به‌رگـریی له‌ش، هه‌وكردنه‌وه‌، ئاوسان، گوڵه‌ نه‌خۆشی (له‌سه‌ر رومه‌ته‌كان و ده‌وروبه‌ری لووتـدا سووربوونه‌وه‌یه‌كی زۆر دروست ده‌بێت)، جه‌ندین نه‌خۆشی تری پێست، ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی (ره‌بـۆ)، كه‌م خوێنی، كارتێكردن له‌ كۆئـه‌ندامی ده‌مـاری.

به‌ كورتی دێینه‌ سه‌ر زیانه‌كانی بۆیه‌كان و فرشه‌ به‌كارهێنراوه‌كان بۆ وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاوی منـداڵان.. كه‌ له‌م سێ خاڵه‌دا چڕمان كردوونه‌ته‌وه‌:

١ـ زیانه‌كانی ئه‌و مادده‌ كانزاییانه‌ی كه‌ له‌ پێكهاته‌ی بۆیه‌كـان دان:

له‌ ئه‌مڕۆدا بۆیه‌یه‌كی زۆری ئاوی و بۆیه‌ی ئاسایی دار و دیوار، له‌ژێر چاودێریدا نین و وه‌كو پێوست پشكنینیان بۆ ناكـرێن، به‌ شێوه‌یه‌كی بازرگـانی دروست ده‌كـرێن و مه‌رجه‌ پێویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كانیان تێدا نین، ئاگـاداری و مێژووی به‌رهه‌مهێـنان و مێژووی ئێكسپایه‌ربوونیان له‌سه‌ر نییه‌، پسووله‌ی (ڤنگر بێت ) ی ماركه‌ی جیهانیشیان له‌سه‌ر نییه‌، به‌ پێی ستاندارد نین، زانیاری چۆن به‌كارهێنانیشیان له‌گه‌ڵدا نییه‌.. بۆیه‌ گومـان له‌ ساغی و له‌ نه‌بـوونی مه‌رجه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ ئه‌و بۆیه‌ ره‌نگاوڕه‌نگانه‌ ده‌كرێن.

زۆربه‌ی ئه‌و بۆیانه‌ی كه‌ بۆ وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاوی منداڵان به‌كارده‌هێنرێن، ناته‌ندروستین، مادده‌ی كیمیاوییان تێدایه‌، توخمی كانزای قورسیان تێدایه‌، له‌وانه‌ش توخمی (قوڕقـۆشم)، قوڕقۆشم له‌ سروشتدا هه‌یه‌، تا ئه‌مڕۆش پێكهاته‌یه‌كی گرنگه‌، له‌ دروستكردنی گه‌لێ مادده‌ و پیشه‌سازیدا، وه‌كو: بۆیه‌كـان، به‌نـزین، پێچانی وایـره‌ی كاره‌بـا، پاتری، گه‌لی شتی تریش.

ئه‌و بڕه‌ قورقۆشمه‌ش كه‌ له‌و بۆیانه‌دا هه‌ن، سی هێنده‌ زیاتره‌ له‌ رێـژه‌ی دیاریكراوی ئاسایی و دڵنیایی.. پشكنینه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماند، كه‌ له‌ هه‌ر كیلۆگرامێكی ئه‌م بۆیانه‌ی ده‌موچاوی مندالاندا (٢٦٠٠) ملیگرام قوڕقۆشم هه‌یه‌، كه‌ به‌ راده‌یـه‌كی زۆر رێـژه‌ی دڵنیایی بێ زیانی ره‌تداوه‌، وه‌كو زانراوه‌ كه‌ راده‌ی ئاسایی (٩٠ملیگرم/ گیلۆگرام)ـه‌.

قوڕقۆشم ژه‌هـراوییه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ میانه‌ی وێنه‌كێشان لسه‌ر ده‌مووچاودا، منداڵانان تووشی خورانـدن و سووربوونه‌وه‌ و هه‌وكـردن و نه‌خۆشییه‌ هه‌ستیارییه‌كـانی پێست ببن، ده‌شیش قوڕقۆشمی ناو ئه‌و بۆیانه‌، له‌ رێی خانه‌كانی پێسته‌وه‌ بچێته‌ ژێر پێسته‌وه‌، منداڵان تووشی ژه‌هـراوی بوون به‌ قوڕقـۆشم ببن. قورقـۆشم هۆكـارێكیشه‌ بۆ كارتێكردن خراپ له‌سه‌ر كۆئه‌نـدامی ده‌ماری، مێشك، گورچـیله‌، هـۆش، كه‌م خوێنی، لاوازی بیستن، دواكه‌وتنی گه‌شه‌كـردنی منداڵان.

بۆیه‌ پزیشكه‌ پسپۆره‌كانی پیست، داوده‌كـه‌ن كه‌ ئه‌و بویانه‌ی بۆ وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاوی منداڵان به‌كاریان ده‌هێنن، قه‌ده‌غه‌بكرێن و ئه‌وانه‌ی له‌ ئێستاشدا له‌ بازاڕ و فرۆشگاكاندان، ده‌ست به‌ سه‌ریاندا بگرن و بیانكێشنه‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی (هونگ كۆنگ) به‌ ئاگادارییه‌ك، به‌ فـه‌رمی فـرۆشتنی هه‌موو ئه‌و بۆیه‌ ئاوییه‌ ره‌نگاوڕه‌نگانه‌یان قه‌ده‌غه‌كردن، كه‌ بۆ وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاوی منداڵان به‌كارده‌هێنرێن، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئاشكرابوو، كه‌ بڕێكی زۆری قوڕقـۆشمیان تێـدایه‌.

ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ له‌ وێنه‌كێشانی ئه‌م هونه‌ره‌، خۆیـان بۆیه‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌كانی وێنه‌كێشانی سه‌ر ده‌موچاوی منداڵان، له‌ به‌روبوومی رووه‌كی و رۆنی سوك و بۆیه‌ی خۆراكی دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م ره‌نگانه‌ش له‌ ژێر چاودێری و پشكنینی پسپۆراندا نین، هه‌موو مه‌رجێكی پێویستی ته‌ندروستی و دڵنیاییان تێدا نییه‌.. بۆیه‌ نابێت باوه‌ڕ به‌م بۆیانه‌ش بكرێن.

وه‌كو وتمان له‌ بۆیه‌ی دار و دیوارشدا، راده‌یه‌كی زۆر قوڕقۆشم هه‌یه‌، پێویسته‌ منداڵان له‌ دار و له‌ دیواری تازه‌ بۆیه‌كراو دوور بخرێنه‌وه‌، له‌ وڵاتـانی رۆژئـاوادا، كه‌ دیوار و چه‌په‌ر و شووره‌ و ده‌رگـای حه‌وش تـازه‌ بۆێه‌ بكه‌ن، له‌ ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری دیوار یا شووره‌كه‌دا، له‌سه‌ر دوو كارتۆن ده‌نووسن (تـازه‌ بۆیـه‌ كـراوه‌).. به‌ زۆری مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ستی پێوه‌نه‌ده‌ن، نه‌باكـا ئه‌و قوڕقـۆشم و مادده‌ زیانبه‌خشانه‌ی كه‌ له‌ پێكهاته‌ی بۆیه‌كه‌دان، زیـان به‌ پێستی ئه‌و كه‌سانه‌ بگه‌یه‌نێت، كه‌ ده‌ستیان به‌ر بۆیه‌كه‌ بكه‌وێت و بنووسێته‌ ده‌ستییانه‌وه‌..

هه‌ندێ باری تایبه‌تیش هه‌یه‌، كه‌ له‌ رێی ئه‌و بۆیانه‌وه‌، منداڵ توشی و زیبكه‌ و دومه‌ڵ و ده‌موچاو سووربوونه‌وه‌ و خوران ده‌بێت، له‌ دۆخێكی وادا، پێویسته‌ ئه‌و منداڵه‌ ببرێت بۆ لای پزیشك، تا ده‌رمـان و مه‌رهـه‌م و چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ بنووسێت.

 

٢ـ فرشه‌كان هۆكارێكن بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان له‌ نه‌خۆشه‌وه‌ بۆ ساغ:

ئه‌و فرشانه‌ی كه‌ له‌ وێنه‌كێشانی سه‌ر ده‌موچاوی منداڵاندا به‌كارده‌هێنرێن، به‌ زۆری مه‌رجی ته‌ندروستییان تێدا نییه‌، هۆكارێكی گرنگن بۆ گواستنه‌وه‌ی میكرۆبه‌كان و ڤایرۆسه‌كان و بیرۆ و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و لاوازی به‌رگـری و نه‌خۆشییه‌كانی پێست، له‌ منداڵانی تووشبوو به‌م نه‌خۆشییانه‌، بۆ منداڵانی ته‌ندروست، به‌ تایبه‌تیش له‌ منداڵانی تووشبوو به‌ نه‌خـۆشییه‌ درمییه‌كـان و درێـژخایه‌نه‌كـان.. چونكه‌ زۆریه‌ی وێنه‌كێشه‌كان، هه‌ر هه‌مان فرشه‌ به‌كارده‌هێنن و نایان گـۆڕن، به‌ باشی و به‌ جوانیش نایان شۆرن.

 

٣ـ پێویسته‌ هه‌ر منداڵێك بۆیه‌ و فرشه‌ی تایبه‌تی به‌ خۆی هه‌بێت: تا نه‌خۆشییه‌كان له‌ رێی فرشه‌ی به‌كارهێنراوه‌وه‌ له‌ وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاو له‌ منداڵێكه‌وه‌ بۆ منداڵێكی تر نه‌گۆازرێته‌وه‌.. چونكه‌ وێنه‌كێشه‌كان چه‌نـد جارێك هه‌مـان فـرشه‌ به‌كارده‌هێنن و فرشه‌كانیان له‌ هه‌مان ره‌نگه‌كان هه‌ڵده‌كێشن و له‌ هه‌مان ده‌ڤـری ئاودا، هه‌ڵده‌كێشن كه‌ بۆ پاكردنه‌وه‌ی فرشه‌كانیان دایان ناوه‌.

پزیشكه‌ پسپۆره‌كانی نه‌خۆشییه‌كانی پێست، چه‌ند مه‌رجێكیان بۆ هـونه‌ری وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ده‌موچاوی منداڵان داناون، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بۆیه‌كان و فرشه‌كان زیان به‌ منداڵان نه‌گه‌یه‌نن و تووشی نه‌خۆشییان نه‌كه‌ن، له‌و مه‌رجانه‌ش:

١ـ به‌كارهێنانی بۆیه‌ی زۆر باش و كواڵێتی به‌رز، مادده‌ هه‌ستیارییه‌كانیان و كیمیاوییه‌ زیانبه‌خشه‌كانیان تێدا نه‌بێت.. له‌ لایه‌ن له‌یه‌نه‌ پسپۆره‌كانیشه‌وه‌ پشكنینی باشیان بۆ كرابن، مێژووی دروستكردن و كۆتایی به‌كارهێنانیان به‌سه‌ره‌وه‌ بێت.

٢ـ جه‌ختكردن و دڵنیابوون له‌ پاكی ئه‌و فرشانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ هه‌ر منداڵێك.. فرشه‌ی به‌كارهێنراوی منداڵێك بۆ منداڵێكی تر به‌كارنه‌هێنن له‌ وێنه‌كێشانی سه‌ر ده‌موچاودا.

پێویستیشه‌ فـرشه‌كـان نـه‌رم بن، ره‌ق و دڕ نه‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی ئـازاری ده‌موچـاو و  رومه‌ته‌كانی منـداڵان نه‌ده‌ن.

٣ـ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت، كه‌ نابێت ره‌نگه‌ تاریك و تۆخه‌كان به‌كاربهێنرێن، وه‌كو ره‌نگی:(ره‌ش و خـومی و قـاوه‌یی تۆخ) ئه‌م ره‌نگانه‌ تیشكی خـۆر هه‌ڵـده‌مـژن.

٤ـ باشتر وایه‌ دایكان له‌ دوای دوو كاتـژمێر، له‌ وێنه‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌ كێشراوه‌كانی سه‌ر ده‌موچاوی منداڵه‌كانیان، لایبه‌رن و به‌ ئاوی پاك، پاك بیان شۆرن، هیێچ بۆیه‌یه‌ك به‌ ده‌موچاویانه‌وه‌ نه‌مێنێت.. نه‌باكا ره‌نگه‌كان شیببنه‌وه‌، له‌ خانه‌كانی ده‌موچاویانه‌وه‌ بچنه‌ ژێر پێستیانه‌وه‌ و ببنه‌ هۆكـاری ژه‌هـراوی بوونی پێـست.

له‌ كۆتاییدا، هیوای خۆشی و شادی و گه‌شی و زه‌رده‌خه‌نه‌ بۆ منداڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان ده‌خوازین، رێگرییان لێناكه‌ین، كه‌ وێنه‌ له‌سه‌ر ده‌موچاو و رومه‌ته‌ ناسك و خڕه‌كانیان بكێشن، كه‌ ده‌بینین منداڵێكی كوردمان به‌ بۆیه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ ئاڵای ره‌نگین و پیرۆزی كوردستانیان له‌سه‌ر رۆمه‌ته‌كانی كێشـاوه‌، زۆر ده‌گه‌شێینه‌وه‌ و دڵخـۆش ده‌بین.. به‌ڵام زۆر پێویسته‌ له‌ وێنه‌كێشانی سه‌ر ده‌موچاو و رومه‌ته‌كانی منداڵه‌ جوانكیله‌كـانمان له‌ بۆنه‌كاندا، به‌ پێی رێنمایی و مه‌رجه‌ ته‌ندروستییه‌ باشه‌كان بن.. تا جگه‌رگۆشه‌كـانم له‌ ته‌ندروستییه‌كی باشدابن و به‌ خۆشی بـژین.. چونكه‌ گه‌له‌كه‌مان چاوی بڕیوه‌ته‌ منداڵانی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان.. كه‌ هیوای داهـاتووی كوردسـتانن.. تا بتوانن برین و ناسۆرییه‌كانی ئه‌مڕۆمان ساڕێـژ بكه‌ن.. داهـاتوویه‌كی شیاوتـر بۆ كورد و كوردستان دابینبكه‌ن.

 ن/ ره‌زا شوان

كوردستان تیڤی / كامه‌ران حاجی

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.