Erbil 15°C ھەینی 10 ئایار 07:14

مەقام یان بــــــــانـــگدان

لە کۆشکی سوڵتان چەند فێرگەیەک دامەزران،کە بە دامەزراوەی بانگدان ناویان دەبردن
کوردستان TV
100%

كامه‌ران حسێن فه‌تاح

بانگەواز بۆ نوێژ و بانگهێشتی خەڵک و کۆبوونەوە لە یەکتری بەمەبەستی نوێژ کردن.لە گشت ئایینە ئاسمانیەکانی تریش بەدی دەکرێت.لە دەربڕیندا جیاوازن و لە ناوەڕۆکدا هەمان شتن.لە ئاینی جوولەکە پێی دەڵێن(باریخۆ)ئەویش لاواندنەوەیەکە بەر لە نوێژ ئەنجامی دەدەن.هەروەک (مەسیحی)یەکانیش زەنگی کلێساکان وەک بانگکردن بۆ نوێژ بە گوێی هاوئایینەکانیان دەگەیەنن.بەڵام لای (موسڵمان)بانگدەر لە بڵندترین جێگەی مزگەوت بانگ دەدات،کە ئەمەش دابێکە بەر لە(۱٤٠٠)ساڵ تا ئێستاش پەیڕەو دەکرێت.
ـ سەرەتای بانگدان سەربووردەی جودا جودای هەیە،دەڵێن:
_ لەگەڵ شەوی(ئیسرا و میعراج)دەستی پێ کرد.کاتێک پەیامبەر(د.خ)ڕووەو ئاسمان هەڵکشا بۆ یەکەم جار لە ئاسمانی حەوتەم،گوێی لە بانگ بوو.


_ هەروەها سەرچاوەی تریش هەیە دەڵێت:کە هاوەڵێک بە ناوی (عەبدولڵای کوڕی زەید)لە خەودا پیاوێکی دیت بانگی دەدا.خەوەکەی بۆ پەیامبەر گێڕایەوە،و ئەویش وشەکانی کرد بە بنەمای بانگدان بۆ دەستپێکی نوێژ.
بەمەش کۆتایی بە جیاوازی مەسڵمانان هێنا لەسەر ئەوەی کە لاسایی جوولەکە یان مەسیحی بکەنەوە.سەرەتای بانگەوازی ئیسلام،بانگدان ڕەنگدانەوەی شێوە مۆسیقاکانی ئەو وڵاتەی هەبوو کە تازە ئیسلام ببوون.بانگدەران مەقام و لاواندنەوی بانگەکانیان لە شێوەی مۆسیقا باوەکانی ئەو وڵاتە،دەگەیاندە گوێی خەڵک.
بۆ نموونە لە حیجاز بانگدان بە شێوەی مەقامی حیجاز بوو.و لە ئێران(مەقامی دەشت).و لە تورکیا و عێڕاق و وڵاتی شامیش(مەقامی بەیات)بوو.بەڵام لە مەغریب شێوە(مەقامی نەهاوەند)بوو،لە ناوخۆیان بە(ڕەهاوی،یان ساحلی)ناویان دەبرد.
تا پەیدابوونی دەوڵەتی عوسمانی بانگدان بە شێوەی هەڕەمەکی و بێ ڕێچکە و ڕێسا بوو.بەڵام خۆشەویستی سوڵتانەکان بۆ مۆسیقا،وای کرد کە بانگدان بکرێت بە هونەر و بە مەقاماتی مۆسیقای ببەستنەوە.سوڵتانەکانی عوسمانی هەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتەکەیانەوە لە سەدەی(۱۳)هەم بایەخی زۆریان بە پێشخستنی مۆسیقا دەدا.لە کۆشکی سوڵتان چەند فێرگەیەک دامەزران،کە بە دامەزراوەی بانگدان ناویان دەبردن،بۆ ڕاکێشانی ئەو خەڵکانەی دەنگیان خۆش و بە جۆشە.دوای(۳)ساڵ لەم خولانە دەردەچوون و فێری مەقاماتی مۆسیقا و چۆنیەتی بانگدان لەسەر شێوە مەقامی جیاواز دەکران:
*بۆ نموونە(مەقامی صەبا)بۆ بانگدانی بەیانی بوو:بە هۆی کش و ماتی کەشەکە و ترس دروست کردن بوو لە دڵی گوێگر.


*بەڵام بانگی نیوەی ڕۆژ لەسەر شێوە (مەقامی بەیات)،لەبەر ڕیتمی خێرا و پڕ لە جوولەی بوو.کە بگونجێت لەگەڵ جوولە جوولی خەڵک لە بازاڕ و لەسەر کارەکانیان.
*لە بانگی عەسریش (مەقامی ڕەست)زۆر شیاو بوو.بەهۆی سەنگینیەکەی و ئەو تۆنە شاد و بە شەوقەی کە لە ئاوازەکانی دەردەچن.
*وە بۆ بانگی شێوان بە (مەقامی سێگا)دەدرا،بە هۆی گونجانی لەگەڵ ماوە و ساتی کورت و خێرای خۆرئاوابوون.
*کۆتا بانگ بە (مەقامی حیجاز)کە بانگدانی خەوتنانە ئەنجام دەدرا،لەبەر ئارامی ئاوازەکەی کە لەگەڵ بێ دەنگی شەو گونجاو بوو.بۆ کەمکردنەوەی ماندووێتی و شەکەتی خەڵک بە درێژایی شەو.
لەگەڵ تێپەڕینی کات،قوتابخانەی بانگدان لە زۆربەی شارە گەورەکانی تورکیا دامەزران وەکو(ئیستەنبوڵ و،ئیزمیر و،قۆنیا و،بۆرسە)وای لێ هات کە بانگدەرەکان لە دامەزراوەی بانگدان دەردەچوون بە هەموو لایەکی وڵات دابەش دەبوون.لەلایەن وەقفە ئیسلامیەکان پارەیان پێ دەدرا.چینی بانگدەر بەختی ئەوەیان هەبوو کە لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سوڵتان،یاخود گەورە پیاوانی دەوڵەتی عوسمانی وەکو وەزیر و پاشاکان بن.

دەوڵەت ساڵانە جلی تایبەتی پێ دەدان،و هەروەها پلەی 'گەورەی بانگدەران' یان 'بانگدەر باشی' پەیدابوو.ئەم قوتابخانانە لە پەرەسەندن بەردەوام بوون تا کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی ساڵی(۱۹۲۲).ئەمجا بزاڤی تەتریک(بە تورک کردن)دەستی کرد بە وەرگێڕانی هەموو شتێکی عەرەبی بۆ تورکی.چەرخی تەتریک لە ساڵی(۱۹۳۱)گەیشتە بانگدانیش.کە بانگدەری تری بە زمانی تورکی دامەزراند و بانگدان بە تورکی ئەنجام دەدرا.ئەم دۆخە بەم شێوەیە تا نزیکەی (۳٠)ساڵ بەردەوام بوو.
هەتا بڕیارەکە لەسەر دەستی سەرۆک وەزیرانی تورکی(عەدنان موندەریس)هەڵوەشایەوە و بانگدان گەڕایەوە شێوەی جارانی.
#سەرچاوە:ڕاپۆرتێکی تەلەڤزیۆنی ئەلشەرقیە.بە کەمێک بڕین و دەستکاریەوە.

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.