ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامنەر بە بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەربڕی کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دروستبوونی ناسەقامگیری لە بازاڕەکاندا، هاوکات هۆشداریشیدا کە ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ زیان بە بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت دەگەیەنێت.
لە بەیاننامەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر هاتووە: "ئەم جۆرە بڕیارە ئابوورییە ناهاوسەنگانە، ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی بازاڕ، پەکخستنی جووڵەی بازرگانی، هەڵکشانی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان، هەروەها قورسکردنی باری گوزەرانی هاووڵاتییان بە گشتی و چینی کەمدرامەت بە تایبەتی". ئاماژە بەوەش کراوە کە بڕیارەکان ئاستەنگی گەورەیان لە بەردەم وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان دروست کردووە لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکان و پلانی کارکردنیاندا.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر جەختی لەوەش کردووەتەوە کە چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکان بە سەپاندنی بڕیاری قورس لەسەر شانی کەرتی تایبەت و بازرگانان نایەتە دی، بەڵکو پێویستە حکوومەتی فیدراڵ سیاسەتێکی داراییی نەرمتر و زانستیتر پەیڕەو بکات کە پارێزگاری لە بەهای دراو و سەقامگیریی بازاڕ بکات.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، داوا لە حکوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە کە بە زووترین کات پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکەن بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر بازاڕ و هاووڵاتییان، هاوکات دووپاتیشی کردەوە کە وەک نوێنەری کەرتی تایبەت بەردەوام دەبێت لە داكۆکیکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی بازرگانان لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.