Erbil 35°C دووشەممە 09 ئەیلوول 22:16

ئه‌ردۆغان: ئیسرائیل ده‌وڵه‌تێکی تیرۆریسته‌،،، ناتانیاهۆ: ئه‌ردۆغان باش تێده‌گات کێ تیرۆرو کۆمه‌ڵکوژى ئه‌نجام داوه‌ 

له‌ سه‌رتانسه‌رى توركیا سێ رۆژ ماتەمینی گشتى راگه‌یندرا
کوردستان TV
100%

دواى ئه‌وه‌ى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا، رایگه‌یاند" ئیسرائیل ده‌وڵه‌تێكى تیرۆریستییه‌و ئه‌وه‌ى ئه‌نجامى ده‌دات له‌ دژى هاووڵاتیانى فه‌له‌ستینى كۆمه‌ڵكوژییه‌".

له‌ هه‌مبه‌ردا "بنیامین ناتانیاهۆ" سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل، رایگه‌یاند، ئامۆژگارى ئه‌ردۆغان ده‌كه‌م وانه‌ى ئه‌خلاقمان پێ نه‌ڵێت.

ناتانیاهۆ له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى "تویته‌ر"ه‌وه‌، له‌ تویتێكدا نووسیویه‌تى" ئه‌ردۆغان یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ پشتیوانه‌كانى حه‌ماس، هه‌ر بۆیه‌ گومانى تێدا نییه‌ ئه‌و باش له‌وه‌ تێده‌گات، تیرۆرو كۆمه‌ڵكوژى چییه‌ و له‌ لایه‌ن كێوه‌ ئه‌نجام دراون، بۆیه‌ ئامۆژگارى ئه‌ردۆغان ده‌كه‌م وانه‌مان له‌ باره‌ى ئه‌خلاقه‌وه‌ پێ نه‌ڵێت.

دوێنێ دووشه‌ممه‌، نزیكه‌ى 60 هاووڵاتى فه‌له‌ستینى له‌ لایه‌ن سوپاى ئیسرائیله‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانى هێڵى جیاكه‌ره‌وه‌ى كه‌رتى غه‌ززه‌ و ئیسرائیل كوژران و زیاتر له‌ 2 هه‌زار هاووڵاتى دیكه‌ى فه‌له‌ستین بریندرابوون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لە میانه‌ی وتارێکیدا، كه‌ لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ قوتابیانی تورک لە لەندەن پێشكه‌شیكرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان  رایگه‌یاند" ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل تاوانی تیرۆریستی ئه‌نجام داوه‌و ئیسرائیلى به‌ ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریست وه‌سف كرد.

سەرۆكى کۆماری تورکیا گوتیشى" ئەو کارەی ئیسرائیل ئەنجامیدا کۆمەڵکوژییەو له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ بێت، ئه‌مریكا یان ئیسرائیل، نه‌فره‌ت ده‌كه‌م.

هه‌روه‌ها گوتیشی " بەردەوام دەبین لە هەڵوێستی خۆمان لەپاڵ برا فەڵەستینییەکانمان، كه‌ دوای نیوه‌ڕۆى رۆژی هه‌ینی له‌ گۆڕه‌پانی یه‌نی قاپی دژ به‌ سته‌م كۆده‌بینه‌وه‌ و هەروەها بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ برا فەڵەستینییەکان رۆژی یەکشەممه‌ لە دیاربەکر گردبوونه‌وه‌یه‌ك ساز دەکەین.

ئه‌ردۆغان هه‌روه‌ها رایگه‌یاند'' بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌حموود عه‌باس و سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و زۆر سه‌ركرده‌ی دیكه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌م و رێگە نادەین ئەمڕۆ وەک رۆژی لەدەستدانی قودس بێت بۆ جیهانی ئیسلامی.
 
ئەردۆغان رەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە بێ دەنگن و گوتی'' كاتێك ئێمه‌ رووبه‌ڕووی تیرۆریستان ده‌بینه‌وه‌ و له‌ دژیان شه‌ڕ ده‌كه‌ین، لێمان ده‌پرسنه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا بچووكترین قسه‌یان له‌سه‌ر داگیركاری ئه‌وانه‌ نییه‌''.

سەرکۆماری تورکیا، گوتی " لێرەوە بانگەواز بۆ کریستیانەکان و موسەوی و ئایینەکانی دیکە دەکەم ، کە بەرامبەر بەم ناحەقییە بێ دەنگ نەبن".

ئەردۆغان تیشکی خستە سەر پشتیوانی کردنی فەڵەستین و گوتی" وەک رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە تەواوی رەمەزان کەمپینی کۆمەککردنی برا فەڵەستینییەکانمان رێک دەخەین و مانگی سووری توركی به‌ بری 100 هه‌زار دۆلار یارمه‌تی ئاماده‌كردووه‌ و ده‌ستی كردووه‌ به‌ گه‌یاندنی هاوكارى بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی غه‌ززه‌و ناردنى پێداویستى پزیشكى بۆ چاره‌سه‌ركردنى برینداران .

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا، وتیشى" بۆ مەبەستی دەربڕینی ھاوخەمی بۆ برا فەڵەستینییەکانمان، لە سبەینێوە له‌ سه‌رتانسه‌رى توركیا سێ رۆژ ماتەمینی گشتى ده‌بێت.

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.