فەرماندەی هێزەكانی دەریایی ئەمەریكا رایگەیاند، بە باشی چاودێری جموجۆڵەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كەنداو دەكەین، چونكە دڵنیانین لە جموجۆڵەكانی ئەو وڵاتە ، بۆیە ئاستی هۆشداریمان بەرز كردۆتەوە، بەتایبەت لە دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە كشانەوە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی.
ئەدمیرال جۆن ریچاردسۆن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی هێزی دەریایی ئەمەریكا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئێمە ئێستە لە دۆخێكی نادڵنیاداین، هەموو دنیا ئاگادارە كە دۆخەكە بە خێرایی گۆڕانی بەسەردا دێ و پێشوەچوونی بە پەلە لە پێوەندییەكان هەن، بۆیە هۆشداری و خۆپارێزی خۆمان وەرگرتووە و چاودێرییەكانیشمان لەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران چڕتر كردۆتەوە.
روونیشیكردەوە كە تا ئێستا هێزی دەریایی ئەمەریكا هیچ جموجۆڵێكی ئێرانی دژ بە هێزەكانی ئەمەریكا لە كەنداو نەبینیوە، بەڵام چاودێری ئێمە چڕ كراوەتەوە و ئامادەیی هەر فەرمانێكین، هەر جموجۆڵێكی نامۆی ئێرانیش بەدی بكەین، كاردانەوەمان دەبێ.
ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە فەرمی كشانەوەی وڵاتەكەی لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند .
سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.