Erbil 7°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 01:15

ئێران.. بوومه‌له‌رزه‌یه‌ک به‌ هێزی 4.8 پله‌ی ریخته‌ر شاری یاسوجی هه‌ژاند

به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌ خه‌ڵك ماڵه‌كانیان به‌جێهێشتووه‌ و شه‌ویان تا به‌یانی له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌سه‌ر بردووه‌
ئێران.. بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ هێزی 4.8 پله‌ی ریخته‌ر شاری یاسوجی هه‌ژاند
کوردستان TV
100%

له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌كدا دوو بوومه‌له‌رزه‌ی به‌هێز شاری یاسوجیان له‌ رۆژئاوای ئێران هه‌ژاند.

میدیاكانی ئێران بڵاویان كرده‌وه‌، شه‌وی رابردوو بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ هێزی 4.8 پله‌ به‌پێوانه‌ی ریخته‌ر، شاری یاسوج و چه‌ند گووندێكی سنووری‌ پارێزگای كۆهكیلویه‌ و بۆیر‌ئه‌حمه‌دی له‌ رۆژئاوای ئێران هه‌ژاند. 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌ خه‌ڵك ماڵه‌كانیان به‌جێهێشتووه‌ و شه‌ویان تا به‌یانی له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌سه‌ر بردووه‌ و له‌ ئێستادا هێڵه‌كانی كاره‌بای ماڵان بچڕاوه‌. 

جه‌لال پورانفه‌رد سه‌رۆكی تیمه‌كانی فریاكه‌وتنی خێرای پارێزگاكه‌ به‌ ئاژانسی ئیرنای راگه‌یاند‌: به‌هۆی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ 80 كه‌س بریندار بوونه‌ و بۆ چاره‌سه‌ری پێویست ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان كراون. 

هه‌وره‌ها به بڕیارێكی پارێزگار و به‌هۆی مه‌ترسی پاشله‌رزه‌ و پێشگرتن له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراوی دیكه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ ده‌وامی ئاسایی له‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ و زانكۆكانی شاره‌كانی یاسوج و دێنا و بویر ئه‌حمه‌د راگیراوه‌. 

جێی ئاماژه‌یه‌ چوارشه‌ممه‌ی رابردوو بوومه‌له‌رزیه‌كی دیكه‌ به‌ هێزی 5.2 به‌ پێوه‌ری ریخته‌ر ئه‌م پارێزگایه‌ی هه‌ژاند كه‌ له‌ ئه‌نجامدا زیاتر له‌ 130 كه‌س بریندار بوون و زیانێكی زۆری ماددی كه‌ مه‌زنده‌ ده‌كریت نزیكه‌ی 78 میلیار تومه‌ن بێت، به‌ر پارێزگایه‌ كه‌وت. 
 

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.