Erbil 9°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 13:32

نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ ئێران خوازیارى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانه‌

ده‌قی وتاری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
کوردستان TV
#7
100%


له‌ شاری هه‌ولێر كۆنفرانسی په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/5/2018 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، د. محه‌مه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، محه‌مه‌د شه‌یاح ئه‌لسوودانی، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و خاوه‌نكار و بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ شاری هه‌ولێر كۆنفرانسی په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند وته‌یه‌ك له‌لایه‌ن ڕێكخه‌ران و ئاماده‌بووانی كۆنفرانسه‌كه‌وه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و سه‌ره‌تا به‌ناوی خۆی و به‌ڕێزان محه‌مه‌د ئه‌لسوودانی، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، به‌خێرهاتنی به‌ڕێز د. شه‌ریعه‌تمه‌داری وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگاره‌كانی ئێران و به‌تایبه‌تی پارێزگاری ورمێ و باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ به‌غدا و هه‌موو به‌شداران و میوانانی كۆنفرانسه‌كه‌ی كرد.

به‌ڕێزیان ده‌ستخۆشی له‌ ڕێكخه‌ران‌، سكرتاریه‌تى ئه‌نجومه‌نى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان، ژووره‌ بازرگانییه‌كانى هه‌‌رێمى كوردستان، لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز وه‌زیرى پیشه‌سازى و بازرگانى به‌وه‌كاله‌ت و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ كرد كه‌ به‌شداربوون له‌ ڕێكخستنی كۆنفرانسه‌كه‌دا كردووه‌ و هیوای خوات ببێته‌ هۆى هه‌‌ڵنانى هه‌‌نگاوى كاراتر بۆ په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق به‌‌شێوه‌یه‌كی گشتى و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌ن.

دواتر باسی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌‌شى هه‌یه‌ و گرنگییه‌كى گه‌وره‌ به‌‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دات، هه‌ر بۆیه‌‌‌ به‌‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌م كۆنفرانسه‌ ده‌ڕوانێت و پشتگیرى لێ ده‌كات و پشتگیریش له‌ هه‌‌ر كار و چالاكییه‌كى دیكه ده‌كات ببێته‌ هۆى په‌‌ره‌پێدان و به‌‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كان و له‌مباره‌یه‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان كاری به‌‌رده‌وامی كردووه‌.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاشكرای كرد كه‌ قه‌باره‌ى ساڵانه‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى ‌نێوان هه‌‌رێمى كوردستان و ئێران ده‌گاته‌ 6,5 ملیار دۆلار كه‌ زیاتر له‌ 25%ى كۆى گشتیى هاورده‌كردنى هه‌‌رێمى كوردستان پێكده‌هێنێت، ئه‌مه‌ جیا له‌ فڕۆخانه‌كان و پارێزگاكانى خوارووى عێراق.

هه‌رل له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه هه‌رێمی كوردستان‌ 67%ى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبیل له‌ سنووره‌كانى ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات و 359 كۆمپانیاى ئێرانى له‌ هه‌‌رێمى كوردستان لقیان هه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ بوارى بازرگانیدا كار ده‌كه‌ن، وێڕاى هه‌‌بوونى 135 كارگه‌ى ئێرانى له‌ هه‌‌رێمى كوردستان كه‌ سه‌دان ده‌رفه‌تى كاریان ڕه‌خساندووه‌ و كۆى ئه‌و چالاكییه‌ بازرگانییانه‌ش له‌ هه‌‌رسێ مه‌رزى سنووریى نێوده‌وڵه‌تیى په‌‌ڕوێزخان، حاجى ئۆمه‌ران و باشماخه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌رێن، له‌گه‌ڵ پێنج مه‌رزى دیكه‌ى لاوه‌كى كه‌ له‌ هه‌‌وڵدان هه‌‌ندێكیان بكرێنه‌ ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى.

به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد كه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریدا له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌وڵ ده‌دات ناوچه‌یه‌كى بازرگانیى ئازاد له‌ مه‌رزى په‌روێزخان دروست بكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌‌سته‌ حكوومه‌ت هه‌‌ندێ هه‌‌نگاوى كرده‌یى ناوه‌ و شوێنى تایبه‌‌تى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ناوچه‌یه‌ دابین كردووه‌، به‌‌ڵام پێویستی به‌ هه‌نگاوی كاراتر له‌ هه‌‌ردوولا، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عێراقه و هیوای خواست ئه‌م كۆنفرانسه‌ هاوكار بێت بۆ زه‌مینه‌خۆشكردن و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كانى به‌‌رده‌م پڕۆژه‌كه‌ تاكو بتوانرێت بخرێته‌ سه‌ر ڕێچكه‌ى جێبه‌‌جێكردن.

سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكانی ئه‌م دواییه‌ی نیوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بواره‌كانی ئابووری و بازرگانی، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد كه‌ گفتوگۆكان هه‌‌ندێ له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانى تایبه‌‌ت به‌‌ ده‌روازه‌ و مه‌رزه‌ سنوورییه‌كان و گومرك و بازرگانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر كردووه‌ و هه‌‌وڵى به‌‌رده‌وامیش له‌ هه‌‌ردوولا هه‌یه‌ ته‌واوى كێشه‌كانى ئه‌و بواره‌ به‌ زوویی چاره‌سه‌ر بكرێن.

به‌ڕێزیان ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ پاڵپشتییه‌كی دیكه‌ بۆ فراوانكردنى بازرگانى و چالاكییه‌ ئابوورییه‌كانى هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق به‌‌گشتى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیی ئێراندا و ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ ئێران كه‌ ده‌رفه‌تى باشترى كار و بازرگانییان بۆ بڕه‌خسێت و قه‌باره‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى زیاد ببێت، كه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ سه‌ركییه‌كانى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و كاری جددی و به‌رده‌وامی بۆ ده‌كات.

به‌ڕێزیان داوای له‌ كۆمپانیا، بازرگان، خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌رانى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان و عێراقیش كرد بواره‌كانى ئالۆگۆڕى بازرگانى و سه‌رمایه‌گوزارى و كار و پڕۆژه‌ى هاوبه‌‌ش له‌نێوان خۆیاندا زیاتر و فراوانتر بكه‌ن و هه‌ر هاوكاری و ئاسانكارییه‌كیش پێویست بێت حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان بۆیان ده‌كات. دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ سنووری درێژى نێوان هه‌‌رێمى كوردستان و ئێران واى كردووه‌ دوو بازاڕى له‌یه‌كتر نزیك بن، بۆیه‌ ده‌كرێت زۆر زیاتر له‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه، بواره‌ بازرگانییه‌كانى نێوانیان هه‌‌مه‌جۆر و فراوانتر بكه‌ن.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌ سه‌ر هاوكارییه‌كانی گه‌ل و كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و بیری هێنایه‌وه‌ كه‌ گه‌ل و كۆمارى ئیسلامى دۆستى دێرینى گه‌لى كوردستانن، له‌ ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا ده‌رگایان له‌ په‌‌نابه‌‌رانى كوردستاندا كردۆته‌وه‌، داڵده‌ى داون و هاوكاریى كردوون، له‌ شه‌ڕى داعشیشدا یارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ كه‌ جێگه‌ی ڕێزی حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستانه‌ و هه‌‌میشه‌ به‌‌ چاوى ڕێز و پێزانینه‌وه‌ سه‌یرى مێژووى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات، بۆیه‌ خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ هه‌‌میشه‌ په‌یوه‌ندیى باشیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌‌بێت به‌‌تایبه‌‌تى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابوورى، درێژخایه‌ن و ستراتیژى بن له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق سوود له‌ پسپۆڕی و شاره‌زاییه‌كانی ئێران له‌ بواره‌كانى پیشه‌سازى و كشتوكاڵیدا وه‌ربگیرێت.

له‌ كۆتاییدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووباره‌ به‌خێرهاتنی میوانان و به‌شدارانی كۆنفرانس و ده‌ستخۆشی له‌‌ ڕێكخه‌رانى كرد و هیوای خواست بۆ بره‌ودان و به‌‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندى و ئالۆگۆڕى بازرگانیى هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێراندا، كۆنفرانسه‌كه‌ ئه‌نجامى باشى لێ بكه‌وێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك ڕاسپارده‌ و پێشنیارى ئه‌رێنى پێشكه‌ش به‌‌ حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌ هه‌‌ردوولا بكات.


ده‌قی وتاری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:

ئاماده‌بووانى به‌‌ڕێز،
به‌یانیتان باش..

هه‌‌مووتان به‌‌خێر بێن بۆ كۆنفرانسى په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان. له‌ ده‌ستپێكردنی ئه‌م وته‌یه‌دا‌ ڕێگه‌م بده‌ن به‌ ناوی به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لسوودانی، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزای عێراق و به‌ ناوی خۆم و به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى، جیگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی جه‌نابی دكتۆر شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیرى پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ ته‌شریفی هێناوه‌ بۆ ئه‌م كۆنفرانسه‌ و زه‌حمه‌تی كێشاوه‌، به‌خێر بێت، سه‌رچاو.

به‌خێرهاتنی ئۆستاندارانی ئێران و به‌تایبه‌تی ئوستانداری ورمێ كه‌ دراوسێی ئێمه‌ن له‌ولا، به‌خێرهاتنێكی گه‌رمیان ده‌كه‌م كه‌ ئه‌وانیش ته‌شریفیان هێناوه‌ و لێره‌ ئاماده‌ن. به‌خێرهاتنی جه‌نابی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كه‌م ئاغای مه‌سجدی، زۆر به‌خێر بێن (خیلی خوش امدید، متشكرم).

به‌ڕێزان..
ده‌ستخۆشى له‌ ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆنفرانسه‌، سكرتاریه‌تى ئه‌نجومه‌نى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان، ژووره‌ بازرگانییه‌كانى هه‌‌رێمى كوردستان، لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها به‌ڕێز وه‌زیرى پیشه‌سازى و بازرگانى به‌وه‌كاله‌ت و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا به‌شدارن و ئه‌م كۆنفرانسه‌یان ڕێكخستووه‌، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن.‌ هیوادارم ببێته‌ هۆى هه‌‌ڵنانى هه‌‌نگاوى كاراتر بۆ په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق به‌‌شێوه‌یه‌كی گشتى و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌و كێشانه‌ی له‌ نێوانماندا هه‌یه‌ و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌‌.

حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌‌شییان هه‌یه‌ و پێویستییان به‌‌ هاریكاریى هاوبه‌‌شه‌، گرنگییه‌كى گه‌وره‌ به‌‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئێسلامى ده‌دات، بۆیه‌ به‌‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌م كۆنفرانسه‌ ده‌ڕوانێت و پشتگیرى لێ ده‌كات. پشتگیرى له‌ هه‌‌ر كار و چالاكییه‌كى دیكه‌ش ده‌كات كه‌ ئامانجى ئه‌وه‌ بێت و ببێته‌ هۆى په‌‌ره‌پێدان و به‌‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندیی ئابــوورى و بازرگانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران.

هه‌‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان به‌‌رده‌وام كارى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌‌ره‌ به‌‌و په‌یوه‌ندییانه‌ بدات و فراوان و هه‌‌مه‌جۆریان بكات. قه‌باره‌ى ساڵانه‌ى ئالوگۆڕى بازرگانى له‌نێوان هه‌‌رێمى كوردستان و ئێراندا له‌ عێراقدا ده‌گاته‌ 6.5 ملیار دۆلار، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ 25%ى كۆى گشتیى هاورده‌كردنى هه‌‌رێمى كوردستان پێكده‌هێنێت، جگه‌ له‌ فڕۆخانه‌كان و پارێزگاكانى خوارووى عێراق.

هه‌‌رێمى كوردستان 67%ى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبیل له‌ سنووره‌كانى ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات، هه‌روه‌ها (359) كۆمپانیاى ئێرانى له‌ هه‌‌رێمى كوردستان لقیان هه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ بوارى بازرگانیدا چالاكن و كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ وێڕاى هه‌‌بوونى (135) كارگه‌ى ئێرانى له‌ هه‌‌رێمى كوردستان كه‌ سه‌تان ده‌رفه‌تى كاریان له‌ بواره‌ جیاكاندا ڕه‌خساندووه‌. كۆى ئه‌و چالاكییه‌ بازرگانییانه‌ى هه‌‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران له‌ هه‌‌رسێ مه‌رزى سنووریى نێوده‌وڵه‌تیى په‌‌ڕوێزخان، حاجى ئۆمه‌ران و باشماخه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌رێن، له‌گه‌ڵ پێنج مه‌رزى دیكه‌ى لاوه‌كى كه‌ هه‌‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌‌ندێك له‌وانه‌ش بكرێنه‌ ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى.

حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان هه‌‌وڵى جددى داوه‌ و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریدا له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران، ناوچه‌یه‌كى بازرگانیى ئازاد له‌ مه‌رزى په‌روێزخان دروست بكرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌‌سته‌ حكوومه‌ت هه‌‌ندێ هه‌‌نگاوى كرده‌یى ناوه‌ و شوێنى تایبه‌‌تى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ناوچه‌یه‌ دابین كردووه‌، به‌‌ڵام هێشتا له‌ هه‌‌ردوولا، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عێراقیش هه‌‌نگاوى كاراتر بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پێویسته.

هیوادارین ئه‌م كۆنفرانسه‌ هاوكار بێت بۆ زه‌مینه‌خۆشكردن و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كانى به‌‌رده‌م پڕۆژه‌كه‌ و بتوانین بیخه‌ینه‌وه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ى جێبه‌‌جێكردن.

به‌‌ڕێزان،
گفتوگۆكانى ئه‌م دواییه‌ى حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدرال، هه‌‌ندێ له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانى تایبه‌‌ت به‌‌ ده‌روازه‌ و مه‌رزه‌ سنوورییه‌كان و گومرك و بازرگانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر كردووه‌، گفتوگۆ و هه‌‌وڵى به‌‌رده‌وامیش له‌ هه‌‌ردوولا هه‌یه‌ كه‌ ته‌واوى كێشه‌كانى ئه‌و بواره‌ به‌ زوویی چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هاوكار و پاڵپشتێكى دیكه‌ بۆ فراوانكردنى بازرگانى و چالاكییه‌ ئابوورییه‌كانى هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق به‌‌گشتى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیی ئێراندا.

ڕێكخستنه‌وه‌ى كار و چالاكییه‌ بارزگانى و ئابوورییه‌كان له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدرال له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئێران كه‌ ده‌رفه‌تى باشترى كار و بازرگانییان بۆ بڕه‌خسێت و قه‌باره‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق زیاد ببێت كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ سه‌ركییه‌كانى ئێمه‌یه‌ و كارى جددی و به‌رده‌وامی بۆ ده‌كه‌ین.

لێره‌وه‌، ئه‌م كۆنفرانسه‌ به‌‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم كه‌ داوا له‌ كۆمپانیاكان، بازرگانان، خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌رانى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق بكه‌م، بواره‌كانى ئالۆگۆڕى بازرگانى و سه‌رمایه‌گوزارى و كار و پڕۆژه‌ى هاوبه‌‌ش له‌نێوان خۆیاندا زیاتر و فراوانتر بكه‌ن، حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستانیش وه‌ك هه‌‌میشه‌ هه‌‌موو هاوكارى و پشتگیرى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات.

هه‌‌رێمى كوردستان سنوورێكى درێژى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران هه‌یه‌ و دوو بازاڕى له‌یه‌كتر نزیكن، بۆیه‌ ده‌كرێت زۆر له‌وه‌ زیاتر كه‌ ئێستا هه‌یه، هه‌‌موو بواره‌ بازرگانییه‌كانى نێوانیان هه‌‌مه‌جۆر و فراوانتر بكه‌ن.

گه‌ل و كۆمارى ئیسلامیى ئێران دۆستى دێرینى گه‌لى كوردستانن، له‌ ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا ئێران ده‌رگاكانى به‌‌سه‌ر په‌‌نابه‌‌رانى كوردستاندا كردۆته‌وه‌، داڵده‌ى داون و هاوكاریى كردوون، هه‌روه‌ها له‌ شه‌ڕى داعشدا یارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ جێگه‌ی ڕێز و پێزانینى هه‌میشه‌ییی حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستانه‌ له‌ عێراقدا. گه‌لى كوردستان ئه‌و ڕۆژانه‌ له‌بیر ناكات و هه‌‌میشه‌ به‌‌ چاوى ڕێز و پێزانینه‌وه‌ سه‌یرى مێژووى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات.

ئێران دراوسێیه‌كى گرنگه‌ بۆ هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق‌، ده‌رفه‌تى كار و بازرگانى و هاوكارى و هه‌‌ماهه‌‌نگى له‌ زۆر بوارى دیكه‌شدا له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، بۆیه‌ چاومان له‌وه‌یه‌ هه‌‌میشه‌ په‌یوه‌ندیى باشمان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌‌بێت.

پێمان وایه‌ و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان، به‌‌تایبه‌‌تى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابوورى، درێژخایه‌ن و ستراتیژى بن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران. هه‌‌رێمى كوردستان و عێراقیش له‌ زۆر بوارى دیكه‌دا، به‌‌تایبه‌‌تیش له‌ بواره‌كانى پیشه‌سازى و كشتوكاڵیدا پێویستییان به‌‌ پسپۆڕى و شاره‌زایى و ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى ئێران هه‌یه‌. كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین و پلانمان هه‌یه‌ كه‌ له‌و بوارانه‌دا هاوكار بین و هه‌‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ین.

له‌ كۆتاییدا، دووباره‌ هه‌موو لایه‌كتان به‌‌خێر بێن، ده‌ستخۆشى له‌ ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆنفرانسه‌ ده‌كه‌م و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم. هیوادارم بۆ بره‌ودان و به‌‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندى و ئالۆگۆڕى بازرگانى له‌نێوان هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێراندا، ئه‌نجامى باشى لێ بكه‌وێته‌وه‌ و له‌و پێناوه‌دا كۆمه‌ڵێك ڕاسپارده‌ و پێشنیارى ئه‌رێنى پێشكه‌ش به‌‌ حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌ هه‌‌ردوولا بكه‌ن.

جارێكی تر زۆر به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو، دووباره‌ به‌خێر بێی ئاغای شه‌ریعه‌تمه‌داری كه‌ ئه‌مڕۆ ته‌شریفتان هێناوه‌.

زۆر سوپاس

هه‌واڵ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.