Erbil 8°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 09:24

راگەیاندنی پارتی، 120 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی پیرۆز دەکات

لە 22/4/1898 لەسەر دەستی مقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم رۆژنامەی كوردی دەرچوو
کوردستان TV
#7
100%


دەزگای رۆشنبیریی وراگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ(120)یەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەبۆنەی (120)یەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی پیرۆزبایی لەسەرجەم رۆژنامەوانان و میدیاكاران دەكەین، لەو جەژنەی رۆژنامەگەریدا هەست بە شانازیی و مەزنیی هزروقەڵەمی رۆشنفكرانی كورد دەكەین، ئەوانەی بنەمایەكی راستەقینەو پڕبەرهەم و بەخششیان لە بواری رۆژنامەوانیی بەتایبەتی و كوولتوری بەگشتی بونیات ناو وشەی شیرینی كوردییان خستە نێو فەرهەنگی جیهانیەوە.

لە 22/4/1898 لەسەر دەستی مقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی(كوردستان)لە قاهیرە دەرچوو، ئیدی لەو رۆژە پڕشنگدارەوە كاروانی نەسرەوتووی رۆژنامەوانی كوردیمان گەرچی رووبەڕووی جۆرەها كۆسپ و بەربەست بۆتەوە تائەمڕۆش هەر بەردەوامە لە بەرهەم و بەخششدا.

رەوتی رۆژنامەگەریی كوردی زەوینەیەكی لەباری رەخساند بۆ نەشونماكردنی هوشیاریی نەتەوەیی و پەرەگرتنی بیروهزری ئازادیخوازیی و رزگاریخوازیی، هەروەها رۆژنامەی(كوردستان) لەرووی بیری سیاسیی كوردیدا رۆڵێكی پێشەنگی هەبوو، كە گوزارشتی لە گەلێكی بەشمەینەت دەكرد.

ئەو دەسكەوتە مەزنەی رۆژنامەگەریی كوردیی بووە هۆوهاندەرێك بۆ زیاتر هەڵكشان و برەودان بە بوارەكانی دیكەی ژیانی سیاسی و رۆشنبیریی و كوولتوری، هەروەها هێزوگوڕێكی تازەیشی بەخشیە كایەی رۆشنبیریمان، كە پاشان بووە هۆكارێكی سەرەكی چەكەرەكردن و گەشەكردنی بواری پیشەیی و ئەدەبیی و فەرهەنگیی.

رۆژنامەگەریی كوردیی لەهەر سەردەمێكدا، جگە لەوەی ئامرازێكی زیندوو و گرنگی پاراستن و نوێبوونەوەی زمان و ئەدەبیات بووە، خاوەن پەیامێكی ئینسانی و نەتەوەیی و نیشتیمانیش بووە، پەیامی ئاشتەوایی و تەبایی و مرۆڤایەتی هەڵگرتووە، بۆیە هێزێكی كاریگەروداكۆكیكارێكی سەرسەختی دۆزەرەواكەی گەلەكەمان و كوولتوورە رەسەنەكەی بووە، لە قۆناغە جیاجیاكانی خەبات و بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا سەنگەری رۆژنامەگەریی چەكی بەرگری و هوشیاریی و جۆشدانی گیانی بەرخودان و مقاوەمەت بووە، بڵندگۆی راستەقینەی شۆڕش و راپەڕینەكان بووە.

ئەمڕۆ لە سایەی راپەڕین و دەسكەوتەكانی گەلەكەمان و بونیاتنانی دەزگا شەرعیەكانی هەرێم، لەسایەی فەراهەمكردنی كایەكانی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسی و چاپەمەنیی و بە سیستمازەكردنی لەرووی یاساییەوە بەدەیان و سەدان دەزگاوكەناڵ و بڵاوكراوەی هەمەجۆرورەنگ لە گۆڕەپانەكدا كاری رۆژانەی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەمەش رۆژنامەگەریی كوردی بەگوڕوتینێكی زۆروبەربڵاوەوە رۆڵی خۆی دەگێڕێ وەك دەسەڵاتی چوارەم لەرووی چاودێریی و رەخنەگرتن و هوشیاركردنەوەدا.

راگەیاندن ئەمڕۆ بە گشتی لە ئاستێكدایە كاریگەری هەیە بۆ سەر ژیانی هەرتاكێكی كۆمەڵگە، بۆیە گرنگە رۆژنامەگەریی كوردی، دامودەزگاوكەناڵەكانی میدیاو هەموو شێوەوجۆرەكانی دیكەی راگەیاندن و پەیوەندیكردن لەئاست ئەو قۆناغە هەستیارەو هەلومەرجەی ئەمڕۆدا بەرپرسانە رۆڵ و ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیان ببینن، بە تێگەیشتنێكی هاوبەش كاربكەن بۆ رێكخستنەوەی ریزەكانی نێو ماڵی كورد و تەبایی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و بەرگریكردن لە مافی هاووڵاتیان و پتەوكردنی چەمكەكانی یەكسانی و پێکەوژیان و دادوەریی كۆمەڵایەتی.

لەبیرەوەری(120)ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر رەخساندن و فەراهەمكردنی بواری ئازادی رادەربرین و چاپ و بڵاوكردنەوە بەگوێرەی بنەماورێنمایی و رێسا گونجاوو پێشكەوتووەكان.

لەو یادە پیرۆزەدا..

سڵاوورێز بۆ ماڵباتی بەدرخانیەكان و سەرجەم ئەو ماندوونەناس و خەباتكارانەی رێگەی رەسەنی رۆژنامەگەریی..

هەر بەرزوشەكاوە بێت ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردیی و رۆژنامەی دایك (كوردستان (..

دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.