لی جای میۆنگ سەرۆکی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، ئەگەرهەیە کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە مانگەکانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، هەرچەندە هێشتا دڵنیایی تەواو بۆ ئەنجامدانی نییە.
سەرۆکی کۆریای باشوور لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی تەلەفزیۆنیدا جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ ئارەزووی ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ کۆریای باکوور دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سیئۆل بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئاسانکاریکردن و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پیۆنگیانگ.
لی جای میۆنگ داوای لە هەموو لایەنەکان کرد هەوڵی جددی بدەن بۆ ئەوەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بکەنە واقیع، چونکە بە بڕوای ئەو، گەڕانەوەی دیالۆگی ئەمریکا و کۆریای باکوور هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە نیمچە دوورگەی کۆریادا. ناوبراو پێی وایە لە ئێستادا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان واشنتۆن و پیۆنگیانگ ئاسانترە لە گەڕانەوە بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو کۆریاکە.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی کۆریای باشوور چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە کیم یۆ جۆنگ، خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور، ڕەخنەی توندی لە مانۆڕە سەربازییەکانی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا گرت و بە هۆکاری زیادبوونی گرژییە ئەمنییەکانی وەسف کرد.
هەوڵەکانی سیئۆل بۆ نزیککردنەوەی واشنتۆن و پیۆنگیانگ لە کاتێکدایە کە کۆریای باکوور بەردەوامە لە گەشەپێدانی بەرنامە سەربازییەکانی، ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.