Erbil 8°C یەکشەممە 10 تشرینی دووەم 06:13

سه‌رۆک بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێکی هه‌ده‌په‌ کۆبووه‌

سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی باڵای هەدەپەی كرد
کوردستان TV
100%

ئه‌مرۆ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتیی گەلان (هەدەپە) كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو پەروین بۆڵدان هاوسەرۆكی گشتیی هه‌ده‌په‌ و ئۆسمان بایدەمیر و فەلەكناز ئۆجا و ئیمام تاشجیەر و زەینەب بۆغا پارلەمانتارانی هەدەپە و موزەیەن گونەش و عابید ئیكە نوێنەرانی ئەو حزبە لە هەرێمی كوردستان.

 

لە دیدارەكەدا شاندی باڵای هەدەپە سەرەخۆشییان لە سەرۆك بارزانی كرد بەبۆنەی كۆچی دوایی دلۆڤان ئیدریس بارزانی و هاوخەمیی خۆیان بۆ سەرۆك بارزانی دەربڕی. وێڕای ئاماژەدان بە كێشە و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كوردستان لە توركیا و عێراق و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ڕۆژئاوا و شەڕی عەفرین ئەوەیان خستەڕوو كە دیداریان لەگەڵ سەرۆك بارزانی لەو كات و ساتەدا زۆر مانا دەگەیێنێت.

 

هەروەها ڕۆشناییان خستەسەر ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و جەختیان لەوە كردەوە كە كێشەكانی بەردەم گەلی كوردستان لە ناوچەكەدا پەیوەستە بە یەكتر و داوای هەماهەنگی و ڕاوێژی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردیان كرد. لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان باسیان لە دەرئەنجامی كۆنگرەی حزبەكەیان كرد و كورتەیەكیان لە ڕەوشی سیاسیی توركیا و بارودۆخی هاووڵاتیانی كورد و كار و چالاكییەكانی هەدەپە بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە.

 

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی باڵای هەدەپەی كرد و سوپاسی هەڵوێستی ئەو حزبە و كوردانی باكووری كرد. هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر وردەكاری ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و تەئكیدی لەوە كردەوە كە بژاردەی سەرەكیی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغێكدا ئاشتی بووە و هەمیشە شەڕی بەسەردا سەپێندراوە.

 

سەرۆك بارزانی داوایشی كرد كە پێویستە هەموومان لەسەر ڕێگەچارەی واقعیانە و ئاشتیانە بگەینە ئەنجام و لەگەڵ ئەوەیشدا زمانی زۆرداری و چەك و خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەسەر پێشهاتە نوێیەكان و ڕێگەچارەسەرەكان لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن. شایانی باسە لەو كۆبوونەوەیەدا ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتی و ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان ئامادە بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.