Erbil 20°C شەممە 16 تشرینی دووەم 13:29

ئاری هه‌رسین بۆ قادری حاجی عه‌لی: مه‌هێڵه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ببێته‌ حیزبێکی جنێوفرۆشی سه‌ر فه‌یسبوک

جه‌نابت ته‌شریفت بۆ هه‌ولێر هێنا هیچ كه‌س له‌ گوڵ كه‌متری پێ نه‌گوتیت
کوردستان TV
#7
100%

ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك وه‌ڵامی قادری حاجی عه‌لی هه‌ڵسوڕاوی گۆران ده‌داته‌وه‌و ده‌نووسێت: مه‌هێڵه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕیفۆرمیستی وه‌ك گۆڕان ببێته‌ بڵندگۆی زوڕناژه‌نی دووبه‌ره‌كیه‌كه‌ی ساڵی ١٩٦٤و ، حیزبێكی جنێوفرۆشی سه‌ر فه‌یسبوك. ئه‌گه‌ر بته‌وێت ئه‌توانی كۆتایی به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ بێنیت.

ئاری هه‌رسین له‌ نووسینێكیدا ده‌ڵێ: هه‌روه‌ك ده‌ركه‌وت هه‌ولێر شاری خۆته‌ و موڵكی باوكی كه‌س نییه‌. نه‌ نێچیرڤان چه‌قۆ وه‌شێنه‌ و، نه‌ مه‌سروریش ئه‌و پیاوه‌ موخیفه‌یه‌ كه‌ بوختانی بۆ ئه‌كه‌ن. جه‌نابت ته‌شریفت بۆ هه‌ولێر هێنا، هیچ كه‌س له‌ گوڵ كه‌متری پێ نه‌گوتیت. بۆیه‌ به‌ برایانه‌ داوات لێ ئه‌كه‌م ئه‌م تێرۆری فكریه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌رامبه‌ر به‌پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ڕابگره‌… ئه‌زانم ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ت هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێ:  دوو ڕێگه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست هه‌یه‌، یان به‌ ڕێگای سندوقی ده‌نگدان، یان به‌ خوێن. وابزانم لای هه‌موان ڕوونه‌ كه‌ كاك نه‌وشیروان ڕێگای یه‌كه‌می به‌ ژیرانه‌تر ئه‌زانی. هه‌ردووكمان باش ئه‌زانین ئه‌گه‌ر كاك نه‌وشیروان بیزانیایه‌ به‌ شه‌ق بۆی ئه‌چێته‌ سه‌ر، ئه‌وا به‌ بێ سێ و دوو ئه‌یكرد. تكایه‌ ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ سه‌قه‌ته‌ی (به‌شه‌ق ئه‌یگۆڕین) له‌ لای ڕێكخستنه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕاست بكه‌ره‌وه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌و ده‌ڵێ: ئه‌وه‌نده‌ی من تۆ بناسم هه‌میشه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌ جورئه‌ت بوویت. ئه‌وه‌نده‌ مه‌رد و شۆڕشگێڕ بوویت، ته‌نانه‌ت فشاری بێ ئه‌ندازه‌ی ڕژێمی شۆڤێنیستی به‌عسی بۆ سه‌ر بنه‌ماڵه‌كه‌ت ته‌سلیمی نه‌كردیت. ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌تت به‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچی ئه‌ندام و هه‌واداری پارتییه‌ كۆیله‌ن و بێ غیره‌تن، حه‌زم لێیه‌ خۆت بێیته‌ سه‌ر خه‌ت و به‌ جورئه‌ته‌وه‌ و به‌ ده‌نگی به‌رز ئه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكی كوردستان بڵێی، ئه‌گه‌ریش ئه‌مه‌ بۆچونت نییه‌، مه‌هێڵه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕیفۆرمیستی وه‌ك گۆڕان ببێته‌ بڵندگۆی زوڕناژه‌نی دووبه‌ره‌كیه‌كه‌ی ساڵی ١٩٦٤و ، حیزبێكی جنێوفرۆشی سه‌ر فه‌یسبوك. ئه‌گه‌ر بته‌وێت ئه‌توانی كۆتایی به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ بێنیت.

هه‌رسین له‌ كۆتایی نووسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: دواجار ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان به‌م ئوسلوبه‌ سیاسه‌ت بكرێت، كه‌ له‌ خه‌ڵكی سلێمانی تێبگه‌یه‌نرێت كه‌ ئه‌گه‌ر دژی پارتی بیت ئیتر زۆر دیموكرات و مۆدێرنیت، ئه‌وا هه‌ر ئه‌ندامێكی پارتی ئه‌گه‌ر یه‌ك زه‌ڕڕه‌ غیره‌تی هه‌بێت له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ ترسی چوار مناڵه‌ ورتكه‌ كه‌ دێنه‌ سه‌ر باره‌گای لق یان ناوچه‌كه‌ی ده‌ست بكات به‌ گریان، ئه‌بێت ته‌رمه‌كه‌ی له‌ باره‌گاكه‌یا به‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م ئیهانانه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ حیزبه‌كه‌ی ئه‌كه‌ن (كه‌ هه‌ر هه‌موی درۆیه‌كن له‌ پیره‌مه‌گرون و قه‌ندیل گه‌وره‌ ترن)، ئێمه‌ی پارتی ئه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ چه‌قۆ ده‌مانچه‌، به‌رامبه‌ر ده‌مانچه‌ كلاشینكۆف، به‌رامبه‌ر كڵاشینكۆف ئاڕ پی جی و به‌ تۆپ وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌… ئه‌گه‌ر پێویست بكات هه‌ر واش ئه‌كه‌ین.

هیوادارم كار نه‌گاته‌ ئه‌وه‌، چونكه‌ هیچمان ئاره‌زوی ئه‌وه‌ ناكه‌ین. ئه‌و شه‌ڕه‌ی باسی ئه‌كه‌م جیاوازه‌ له‌ هێرش و بانگه‌شه‌ی سه‌ر شاشه‌ی لاپتۆپی گه‌نجه‌ بێتاوان و دڵ سافه‌كانی ئه‌م وڵاته‌. وابزانم هه‌ردوكمان ئه‌زانین باسی كام شه‌ڕه‌ ئه‌كه‌م.

ئاماده‌كردنی: رزگار

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.