بڕیاری تاپۆكردنی ئەو خانوانە دەردەكرێت كە لە گوندەكانن و نەخشەكانیان كەوتۆتە نێو ماستەر پلانی شارەوانی.
عەبدولحەمید مەجید بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی را گەیاند ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری تاپۆكردنی خانووی حەرەمی گوندەكانیداوە، گوتی: ئەو بڕیارە ئەو گوندانە دەگرێتەوە كە كەوتونەتە نێو ماستەر پلانی شارەكان و خانووی ئەو كەسانە لەو شوێنانە تاپۆ دەكرێن.
روونی كردەوە ئەوانەی بڕیارەكە دەیانگرێتەوە دەخرێنە نێو شارەوانی پەیوەندیدارەوە، گوتیشی: شارەوانیەكان و فەرمانگەكانی تاپۆ و چەند لیژنەیەكی پەیوەنیدار كاروباری تاپۆكۆدنی ئەو خانوانە دەگرنە ئەستۆ ئەویش بەپێی ئەو بڕیارەی كە حكوومەت دەری كردووە.
جەختی كردەوە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی زۆر گوند هەیە كەوتونەتە نێو ماستەر پلان بۆیە خەڵكێكی زۆر لەو بڕیارە سودمەند دەبێت.
بەپێی فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیران ئەو خانووە نیشتەجێیانەی كە دەكەونە حەرەمی گوندەكان بەسەر خاوەنەكانیان تەملیك دەكرێن.
بەپێی فەرمانەكە دوو لیژنەی تایبەت لە وەزارەتو دەزگا پەیوەندیدارەكان پێكدێت بۆئەوەی فەرمانەكان پشت بەست بە یاسا جێبەجێ بكرێن، لیژنەكانیش نوێنەری هەر یەك لە وەزارەتەكانی داد، شارەوانیو گەشتوگوزار، كشتوكاڵوسەرچاوەكانی ئاو، دارایی و بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانووبەرە لە خۆدەگرێت.
لە هەولێر و سلێمانی زیاتر لە 60 گوند ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە فەرمانگەی یاسایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە پێی ئەو ئامارانەی هەیە لە شارەوانی و پارێزگاكان ، زیاتر لە 85 هەزار كەس لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەو بڕیارە سودمەند دەبن.
مەرجی تاپۆكردنی ئەو خانوانە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە كە بەگوێرەی یاساو رێنماییەكان مەرجی پێویستی یاساییان تێدایە و پێشووتر فۆڕمیان پێدراوە و ئاگاداركراونەتەوە.
ئەوكەسانەی ئەو خانوەیان لەسەر تاپۆدەكرێت بەسودمەندبوو ئەژماردەكرێن و جارێكی دیكە چانسی سودمەندبوونیان نابێتەوە.
شوان بەرزنجی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.