Erbil 31°C چوارشەممە 30 ئەیلوول 13:25

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی بە ئەرکە 12 ساڵییەکەی لە عێراق هێنا

100%

ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، کۆتایی بە ئەرکەکەی لە عێراق هێنا، ئەمەش پاش تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر بوونی هێزەکانیان کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە تێکشکاندنی ئەو ڕێکخراوەدا هەبوو.

دوای ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە ساڵی 2024، هێزەکانی هاوپەیمانان بە شێوەیەکی پلەبەندی لە بنکەکان کشانەوە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئامادەیییان تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا مابووەوە، کە ئەمڕۆ کۆتایی بەو ئامادەییەش هات.

حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، ڕۆژی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانییەکەی وەک ڕۆژی سەروەری دیاریکرد و بە بۆنەیەکی نیشتمانیی وەسف کرد. سەرۆک وەزیران و سەرۆکایەتییەکانی دیکەی وڵات جەختیان لەسەر پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کردەوە، بەپێی خشتەیەکی زەمەنی کە حکوومەت دایان دەنێت.

سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە ڕادەستکردنی چەک کردووە، بەڵام گرووپە باڵادەستەکان کە نزیکن لە ئێران، هێشتا دەستبەرداری چەکەکانیان نەبوون. هاوکات کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق هەڕەشەیان لە حکوومەتی عەلی زەیدی کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر حکوومەت لە خزمەتی گەلدا نەبێت، بە هەموو شێوازێک کار بۆ ڕووخاندنی دەکەن.

بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی کە جارێک دژی داعش وەک هاوپەیمان لەگەڵ گرووپە شیعەکان شەڕیان دەکرد، لە دوای تێکشکاندنی ڕێکخراوەکە بوو بە خاڵی ململانێ و لە ماوەی ئەمساڵیشدا بەهۆی جەنگی نێوان ئەمەریکا-ئیسرائیل و ئێران، دۆخی عێراق زیاتر ئاڵۆز بوو. لە ئێستادا هاووڵاتیان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە بۆشایی ئەمنی و پاراستنی ئاسمانی وڵات لە هێرشی درۆنەکان دوای ڕۆیشتنی هاوپەیمانان.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.