قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق ڕایگەیاند، ئەم قۆناغە بە واتای گواستنەوەیە بۆ پەیوەندییەکی دووقۆڵیی پتەوتر.
قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم دەستکەوتە درێژکراوەی ئەو دانوستان و لێکتێگەیشتنانەیە کە لە 22ی تەمموزی 2021ـەوە دەستیان پێکردووە و خۆی شانازیی بەشدارییکردنی تیایدا هەبووە. گوتیشی: ئەمڕۆ دەگەینە وێستگەیەکی گرنگ بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوە بۆ پەیوەندیی دووقۆڵیی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکە، بەجۆرێک سەروەریی عێراق بچەسپێنێت و خزمەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات.
ئەعرەجی ڕوونی کردەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی بە واتای کۆتاییهاتنی هاوبەشییەکە نایەت، بەڵکو پەیوەندییەکان دەگوازرێنەوە بۆ قۆناغێکی پتەوتر. ئەوەش بەردەوامبوونی هاریکاریی ئەمنی و هەواڵگری، ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی و بنیادنانی توانا سەربازییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دووقۆڵیی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەگرێتەوە، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پشتیوانیکردن لە ئاشتی و گەشەپێدان لە عێراقدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.