سەدان هەزار هاوڵاتی لە ئامەدی باكوری كوردستان روویان لە پاركی نەورۆزی شارەكە كردووە بۆ ئەوەی نەورۆز پیرۆز بكەن و ئاهەنگ بگێڕن.
گۆڕەپانی نەورۆز بە ڕەنگی سەوز و سوور و زەرد داپۆشراوە، لە چواردەوری گۆڕەپانەكە بە زمانی كوردی و زمانەكانی دیكە نووسراوە نەورۆز پیرۆز بێت، هەروەها پۆستەرەكانی دەستبەسەر ئیرادەی گەلاندا ناگیردرێت.
مەراسیمەكە كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستپێكرد، لە سەرەتادا ژنان و گهنجان چوونەتە گۆڕەپانی نەورۆز جۆش و خرۆشیان خستووەتە ناو ئامادە بووانەوە.
لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد لە باکووری کوردستان، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پەیامێکی پێشکەشکرد.
هاوسەرۆکی هەدەپە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە و دەستبەردای شەڕ بێت. گوتیشی: ئێمە دەستبەرداری تێکۆشان بۆ ئازادیی و ئاشتی نابین.
لە پەیامەکەیدا بوڵدان ئاماژەی بەوەکرد، گەلی عەفرین روبەڕووی کۆمەڵکوژی و دەربەدەری و کاولکاری بووەتەوە و "وەک هەدەپە بەهیچ شێوەیەک داگیرکاری سەر عەفرین قبوڵناکەن".
پەروین بوڵدان لە پەیامەکەیدا لەبارەی عەفرین گوتیشی "ئەوانەی چوونە عەفرین بێجگە لە کاولکاری و تاڵانکاری هیچی دیکەیان بۆ عەفرین نەبردووە".
بوڵدان راشیگەیاند "ئەوان لە کاوە شۆڕشگێڕەکان دەترسن، ئەوان لە کەمال کۆرکوتەکان دەترسن کە دەیانەوێت بێنە ئەم گۆڕەپانە، ئەوان لەوە دەترسن کە ئاشتی، برایەتی، ئازادی و یەکسانی باڵی خۆی بکێشێت بەسەر ئەم وڵاتەدا، بەڵام هەرچییەک بکەن، ئەم گەلە دەستبەرداری تێکۆشانی ئازادی نابێت، ئەم گەلە دەستبەرداری داواکارییەکانی بۆ ئاشتی نابێت. بەردەوام دەبێت لە خەباتکردن لە پێناو برایەتی، یەکسانی و دیموکراسی".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.