Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 02:55

ئارێز عەبدولڵا: ھەر پەرلەمانتارێکی کورد پشتگیریی عەبادی بکات خیانەتی نیشتمانی کردووە

عەبدولڵا: عەبادی دەستی دەستی بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کردووە
کوردستان TV
100%

ئارێز عەبدولڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند" حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەماوەی ڕابردوودا زۆر دەستی دەستی بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام دوێنێ لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە، بە زووی مووچەی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دەنێرێت، بیگومان ئێمەش تەمەنای ئەوە دەکەین، ئەمجارە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام ئەگەر بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکات، ئەو کاتە خەڵکی کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر بەڵێنەکای عەبادی ھەڵوێستی خۆیان دەبێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ باسنیوز ئەوەشی خستە روو، کە عەبادی بەڵێنی بەوانیش داوە کە ئەمجارە مووچە دەنێرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دەستی دەستی زۆری بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کردووە، بۆیە ئەمجارە عەبادی ھەوڵی ئەوە دەدات، جارێکی دیکە بکرێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆیە ئەگەر مووچە نەنێرێت، یان دەستی دەستی بە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بکات، ئەو کاتە کورد ئەگەر بەرژەوەندیشی لەگەڵ حەیدەر عەبادی ھەبێت، جارێکی دیکە ڕێککەوتنی لەگەڵدا ناکات و پشتیوانیشی ناکات“.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر حەیدەر عەبادی، بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکات، ھەر حزب و لایەنێکی سیاسیی کوردستان، پاش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە عەبادی بکات، ”خۆی ڕیسوا دەکات“.

ئارێز عەبدولڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتیشی" ھیچ بۆچوونێکی عەبادی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نییە، بۆیە ھەر پەرلەمانتارێک یان ھەرکەسێک پشتیوانی لە بۆچوون و سیاسەتەکانی عەبادی بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکات، دەبێت بە چاوی گومانەوە سەیری بکەین، ھەرچەندە بە ئاشکرا لەنێو فراکسیۆنە کوردستانیەکاندا شتێکی لەو شێوەیە نییە، بەڵام ئەگەر لەژێرەوە شتێکی لەو شێوەیە ھەبێت، خیانەتە لە نیشتمان”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر وا ڕاگەیاندرا، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر لیستی هاوپەیمانییەکەی حەیدەر عەبادی لە بەغدا خۆی کاندید کرد، بەڵام دواتر بەهۆی فشارەکانی خەڵکی کوردستان ، بزووتنه‌وه‌ى  گۆڕان کە پشتیوانی لە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی دەکرد، کاندیدبوونی سروە عەبدولواحیدی کشاندەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر لیستی (هاوپەیمانیی بەغدا) لە پایتەختی عێراق خۆی کاندید کردووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.