Erbil 26°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 02:43

پەیەدە لەسەر دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

پەیەدە داوا ده‌كات ساڵح موسلیم بەزووترین کات ئازادبکرێت
کوردستان TV
100%

پەیەدە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم لە وڵاتی چیک بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە، دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم هیچ پاساوێکی یاسایی نییە و دەبێت بەزووترین کات ئازادبکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ، هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە، لەسەر دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە و بەرپرسی ئێستای پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکرات تەڤدەم لە پراگی پایتەختی چیک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەی پەیەدەدا هاتووە" دوای ئەوەی کە ئیرادەی ئازادی گەلانی باکورى سوریا و بەتایبەت عەفرین، دەوڵەتی تورک شکاند، دەوڵەتی تورک ڕێبازی پیس دژی ئەو کەسایەتییانە دەگرێتەبەر، کە ڕۆڵیان لە شەڕی دژی تیرۆر هەبووە، هەوڵەکانیشی بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم، دەریخست کە هەموو پێوان و یاساکان لەپێناو ئەو کارانەیدا پێشێل دەکات.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەدنراوەکەدا، هاتووه‌" حکومەتی ئاکەپە ئێستا دەیەوێت تۆڵەی خۆی لەو لایەنانە بکاتەوە کە شەڕی تیرۆریستانی داعش-یان کردووە، لەوچوارچێوەیەدا بە بیانووی جۆراوجۆر، هەوڵی دەستگیرکردنی ئەو کەسایەتییانەش دەدات کە هاوڵاتی تورکیا نین، وەک سەرەتایەکیش، لەسەر داوای دەوڵەتی تورک، بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی، ساڵح موسلیم لەلایەن حکومەتی چیک-ەوە دەستگیرکرا.

پەیەدە، ڕاگەیاندووە" ئێمە ئەو کارەی حکومەتی چیک شەرمەزار دەکەین و داواش لە دەوڵەتی چیک دەکەین، کە لەگەڵ ئازادکردنی ساڵح موسلیم، لەبەرامبەر ئەو کارە نایاساییەدا داوای لێبووردن بکات.

پەیەدە داواشی لە کوردانی نیشتەجێی ئەوروپا کرد" ئەو کارانە بە ڕێگای دیموکراتی شەرمەزار بکەن و به‌ ئەرکی ئەخلاقیی و مرۆڤدۆستیی خۆیان هەستن و ئەم کەسایەتییە نیشتمانییە ئازاد بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.