درەنگانی شەوی ڕابردوو ئاگر لە سێ دوکان و کافتریایەک لە گەڕەکی عەباسیکی لە شاری زاخۆ کەوتەوە، لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڵاوی کردەوە: کاتژمێر 3:45ـی شەوی ڕابردوو، ژووری کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە کەوتنەوەی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سێ دوکانی ساردەمەنی و کافێ و کافتریادا لە گەڕەکی "عەباسیکی" لە شاری زاخۆ ئاگادار کرایەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەستبەجێ بنکەی زاخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ بنکەی ڕکاڤای نوێ و مەفرەزەی فریاگوزاریی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
بەرگریی شارستانیی زاخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە: تیمەکان توانیویانە لە کاتێکی گونجاودا ئاگرەکە بە تەواوی بکوژێننەوە و کۆنتڕۆڵی بکەن، خۆشبەختانەش لە ڕووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.