Erbil 31°C سێشەممە 13 تشرینی یەکەم 10:19

لە ئیسپانیا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە شەمەندەفەرێکدا هاتوچۆی نێوان مەدرید و بەرشەلۆنە ڕاگیرا

100%

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە شەمەندەفەرێکی خێرا لەسەر هێڵی نێوان مەدرید و بەرشەلۆنە لە ئیسپانیا، هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان ڕاگیرا و 283 سەرنشین بە سەلامەتی ڕزگارکران بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاتوچۆی شەمەندەفەرە خێراکان لە نێوان هەردوو شاری مەدرید و بەرشەلۆنە لە ئیسپانیا ڕاگیرا، ئەوەش دوای کەوتنەوەی ئاگر لە شەمەندەفەرێکدا کە لە مەدریدەوە بەرەو شاری "فیگێراس" لەسەر هەمان هێڵ لە ڕێگادا بوو.

کۆمپانیای بەڕێوەبردنی هێڵی ئاسنینی ئیسپانیا ڕایگەیاند: توانراوە (283) سەرنشین بە سەلامەتی لە شەمەندەفەرەکە ڕزگار بکرێن، هاوکات پشتڕاستی کردەوە کە هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوون تۆمار نەکراوە، هەروەها وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی هێڵی کارەبا لەسەر ڕێڕەوەکە بڕدرا و چەندین تیمی ئاگرکوژێنەوە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە لە نزیک هەردوو شارۆچکەی "ڕیکلا" و "پلاسێنسیا دی خالۆن" لە پارێزگای زاراگۆسا (سەرقوستە)ـی ئیسپانیا، ژمارەیەک لە گەشتەکانی سەر هێڵی مەدرید - بەرشەلۆنە هەڵوەشێنراونەتەوە.

دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوە کردووە، عەرەبانەکانی گواستنەوەی سەرنشینان لە ئاگرەکە پارێزراون و زیانیان پێ نەگەیشتووە؛ هاوکات تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە ئاشکرا نەکراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.