دوو ئهندامی لیژنەی دارایی له ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایانگهیاند، وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان، هەموو هەوڵێك دەدەین بوودجەی ئەمساڵ بەو شێوەیەی هەیە تێنەپەڕێندرێت و گوتی، لەم حەفتەیەیشدا هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیێنین.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێ بكەنەوە و بوودجەی ئەمساڵی عێراقیش كە ماوەی نزیكەی 3 مانگە پەسەندكردنی دوا كەوتووە، بە هۆی ئەوەوەیە كە پشكی هەرێمی كوردستان كەم كراوەتەوە و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانیش ئامادە نین دەنگ بە پڕۆژەیاساكە بدەن، بەڵام لەدوای بایكۆتكردنی دانیشتنەكان، بڕیارە ڕێوشوێنی دیكە بگرنە بەر.
سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی له ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند، بڕیارە ئەم چوارشەممەیە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای تەواوبوونی پشوو بەردەوامییان هەبێت، لەبارەی بوودجەیشەوە تاوەكو ئێستا داواكارییەكانی كورد جێبەجێ نەكراون، بۆیە ئەگەر بوودجەی ئەمساڵ بەو شێوەیەی هەیە تێنەپەڕێندرێت، زۆر سوودی بۆ كورد تێدایە، چونكە بە پەسەندنەكردنی بوودجە، بۆ خەرجكردن دەگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2017 كە پشكی هەرێمی كوردستان زۆر زیاترە لە 2018، بۆیە وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان هەموو هەوڵێك دەدەین بوودجەی ئەمساڵ بەو شێوەی هەیە تێنەپەڕێندرێت و، تا لهتواناماندا بێت رێگر دەبین بۆ ئەوەی داخوازییەكانمان لە بوودجەدا جێگیر بكرێن.
گوتیشی، رێككەوتنی ژێربەژێر لە نێوان سوننە و شیعەكاندا هەیە و، هەندێك لە داخوازییەكانیان جێبەجێ كردوون و خۆیان كردووەتە یەك و هەوڵ دەدەن بوودجە تێپەڕێنن.
لای خۆشیهوه نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە بێ ڕەزامەندیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدات.
نەجیبە نەجیب هەروەها رایگەیاند، فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی ئەو كۆبوونەوەیە ساز نەکرێت، تا داخوازییەكانی كورد لەو پڕۆژەیاسایەدا لەبەرچاو دەگیرێ.
سەرەكیترین داواكارییەكانی کوردستان لە پڕۆژەی یاسای بودجەی عێراق بریتییە لەوەی، كە %17 بودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بكرێت و ناوی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاساكەدا بنووسرێتەوە، چونكە ئێستا وەك پارێزگاكان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش دەكرێ، ئەوەش ”جێگەی قبووڵ نییە و داوامان كردووە بەشە بودجەی پێشمەرگە دیاری بكرێت و هاوكات هەرێمی كوردستان لە بودجەی گەشەپێدانی هەرێمایەتی بێ بەش نەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.