Erbil 15°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 06:21

شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ عەفرین گەڕانەوە هه‌رێمی کوردستان

لە دەروازەی پێشخابوور کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیان بۆ رێكخرا
کوردستان TV
#7
100%


شاندێكی پەرلەمانی كوردستان كە سەردانی شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستانیان كرد، گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ئاشکرای دەکەن خەڵکی عەفرین پێویستییان بە هەموو جۆرە هاوکارییەک هەیە.

شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ عەفرین گەڕانەوە باشووری کوردستان و ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێ ، راپۆرتێک ئامادە دەکەین و داوای دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین تاوەکو لەڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە پشتگیری خەڵکی عەفرین بکرێت.
 
شاندی پەرلەمانی کوردستان ، پاش سێ رۆژ مانەوە لە عەفرین گەڕانەوە هه‌رێمی کوردستان و لە دەروازەی پێشخابوور لەگەڵ بەرپرسی دەروازەکە کۆبوونەوە و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئەبو کاروان، ئەندامی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ عەفرین، رایگەیاند: "راستەوخۆ سەرجەم ئەو رووداوانەمان بینی کە لەوێ دەگوزەرێ ، سەردانی نەخۆشخانەکانی عەفرین و ئەو شوێنانەمان کرد کە تۆپباران دەکرێن ، هاوکات بەشداریمان لە ناشتنی تەرمی شەهیدەکانیان کرد".

ئەبو کاروان، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبی شیوعییە لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ: هەموو ئەوانەی بینیومانە بە راپۆرتێک دەیدەینە پەرلەمانی کوردستان ، داوای گرێدانی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستان دەکەین ، جیا لەو راپۆرتە پێشنیاز و داخوازی خۆمان پێشکەشی پەرلەمان دەکەین بۆ ئەوەی لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت، چۆن بتوانرێت لەڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە پشتگیری خەڵکی عەفرین بکرێت.

لای خۆیه‌وه‌ عەلی هالو، یەكێك لە ئەندامانی شاندەكە ڕای گەیاند: داواكاریی ئێمە بۆ سەرجەم پارتە سیاسییەكان ئەوەیە كار بكەن بۆ یەكڕیزیی كوردان و داوامان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كونسووڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان و هاوكات دەزگا خێرخوازییەكان ئەوەیە بەدەم هاواری خەڵكی عەفرینەوە بچن و خەڵكی عەفرین پێویستی بە هەموو هاوكارییەكی مرۆیی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش، عەفرینییەكان چاوەڕوانی خەڵكی باشوری كوردستانن.

هاوكات، شێركۆ حەمەئەمین، ئەندامی شاندی پەرلەمانی كوردستان بۆ عەفرین، ڕای گەیاند: بێگومان ئێمە كە ڕۆیشتینە عەفرین، شاندێكی فەرمیی پەرلەمانی كوردستان بووین، پشتیوانی هەموو خەڵكی باشوری كوردستانمان گەیاندە عەفرینییەكان و ئەو بەرخۆدان و قارمانێتییەی عەفرینییەكانمان لە بەرامیەر هێرشەكانی سوپای توركیا دووپات كردەوە و هاوسۆزیی خەڵكی باشوری كوردستانمان پێیان ڕاگەیاندن.

ئەو پەرلەمانتارە روونیشی كردەوە، خەڵكی عەفرین بە جۆش و خرۆشێكی گەرمەوە پێشوازییان لێ كردین و سەردانی شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان لووتكەی هاوهەڵوێستی یەكێتیی نەتەوەیی كوردی لەسەر ئەرزی واقیع بەرجەستە كرد و دەرخەری ئەوە بوو كە كورد لە كاتی ناخۆشیدا پشتیوانیی یەكتر دەكەن.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەنجامی سەردانەکەیان دەکەنە راپۆرتێک و لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا دەخوێنرێتەوە، ھاوکات ڕاپۆرتەکە ئاراستەی کونسووڵخانەی وڵاتان لە ھەولێر دەکەن.

رۆژی شەممە 20/1/2018، سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتوون)دا ھێرشی کردە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و ھەتا ئیستا سەدان ھاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.