ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا کە ڕێژەی قەڵەویی لە نێو منداڵان و هەرزەکارانی تەمەن 5 بۆ 19 ساڵ چوار هێندە زیادی کردووە و لە ئێستاشدا زیاتر لە 170 ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: ڕێژەی قەڵەویی لە نێو منداڵان و هەرزەکارانی تەمەن (5 بۆ 19 ساڵ) لە ساڵی 1990ـەوە چوار هێندە زیادی کردووە، بە جۆرێک پێشتر لە 2% بووە و ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 8%.
بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی (2026)ـی ڕێکخراوەکە، نزیکەی 400 ملیۆن منداڵ و هەرزەکار لەم تەمەنەدا کێشیان زیادە، کە زیاتر لە 170 ملیۆنیان تووشی قەڵەویی بوون، هاوکات هۆشداری دراوە کە ئەم دۆخە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک شەکری جۆری دووەم و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکات، هەروەها منداڵان تووشی جیاکاری، گاڵتەپێکردن و ئازاری دەروونی دەبنەوە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیاز دەکات کە خێزانەکان گرنگی بە خواردنی تەندروست، چالاکیی جەستەیی و گۆڕینی شێوازی ژیان بدەن، هەروەها بۆ هەرزەکارانی تەمەن 10 بۆ 19 ساڵ، بەکارهێنانی دەرمان تەنیا لە کاتی پێویست و لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا بێت، ئەوەش ئەگەر بەرنامەی گۆڕینی شێوازی ژیان سەرکەوتوو نەبێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، لوز ماریا، بەرپرسی بەشی خۆراک و سەلامەتیی خۆراک لە ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردەوە، چارەسەری سەرەکی بریتییە لە پشتگیریی گشتگیر بۆ پەیڕەوکردنی خواردنی تەندروست و ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.