سەرۆکی شارەوانیی هەولێر پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی خانوویەکی مێژوویی لە گەڕەکی عارەبان بەسەرکردەوە کە بڕیارە بە پاراستنی سیمای کەلەپووری و مێژووییەکەیەوە بکرێتە پەرتووکخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانی.
ئەمڕۆ شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە یاوەریی سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک و ژمارەیەک لە ئەندازیارانی سەرپەرشتیار، سەردانی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی خانوویەکی لە گەڕەکی عارەبان کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بڕیار وایە ئەو خانووە بکرێتە پەرتووکخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە دیزاینێکی مۆدێرن کە تێیدا ڕەسەنایەتی، مێژوو و سیمای کەلەپووریی خانووەکە و گەڕەکەکە پارێزراو بێت و ڕەنگدانەوەی کولتووری هەولێری پێوە دیار بێت.
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکی شارەوانی لە دوایین کارەکانی پڕۆژەکەی کۆڵییەوە و بەدواداچوونی بۆ کەمکوڕی، پێداویستییەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی کرد، هاوکات کۆڵانەکانی ناو گەڕەکی عارەبانیشی بەسەرکردەوە و هیوای خواست لە زووترین کاتدا پڕۆژەکە تەواو بکرێت، تاوەکو خزمەتگوزارییەکی کولتووری پێشکەش بە هاووڵاتییان بکرێت بۆ دەوڵەمەندکردنی بواری زانست و خوێندنەوە لە ناو گەڕەکێکی مێژووییدا کە پڕە لە یادەوەریی خەڵکی ڕەسەنی هەولێر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.