Erbil 22°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 22:26

ئەمڕۆ وردبینی لە لیستی مووچەی چەند شوێنێک کرا

تا ئێستا ناردنی مووچە تەنیا لە چوارچێوەی قسە و بەڵێن ماوەتەوە
کوردستان TV
#7
100%


ئەو لیژنەی كە لە بەغداوە بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممه‌، سەردانی چەند وەزارەتێكی تری كرد و وردبینی لە لیستی مووچەی چەند وەزارەتێكی تر دەست پێ كرد.

24ی مانگی ڕابردوو لیژنەیەكی وردبینی لەسەر بڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و تا ئێستا كارەكانیان بەردەوامە، دوو جار راپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستییان بەمەبەستی ناردنی مووچە ڕەوانەی بەغدا كردووەتەوە.

لیستی وردبینی مووچەی بەغدا سەردانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی پلاندانیان كردووە و وردبینییان لە لیستی مووچە دەست پێ كردووە.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەبارەی کارەکانی لیژنەکە راگەیاند: ئەوان وردەکاریی کارەکەی خۆیان بۆ ئێمە روونکردەوە، کە مەبەستیان چییە و بۆچی هاتوون، ئێمەش کورتەیەکمان لەسەر وەزارەت بۆ شیکردنەوە. ئەوان تیمێکی باڵا بوون ئێستا سەردانی هەندێک وەزارەتی دیکە دەکەن، تیمێکی تەکنیکیشیان بە دوو گرووپ لە وەزارەت بەجێهێشتووە".

بەرەڤان حەمدی گوتیشی: باسی ژمارەی فەرمانبەران و دۆسیەکانمان کردووە، هەروەها باسی ئەو وارسانەمان کرد کە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون سوودمەندن لە وەرگرتنی مینحەی شەهیدانە و مووچەیان لەلای ئێمە هەیە، کە نزیکەی 90 هەزار وارس دەبن و بەسەر هەرسێ پۆلێنی شەهیدی سەنگەر و جینۆساید و شەهیدی هاووڵاتی و زیندانیانی سیاسی دابەش دەبن.

هاوكات پێشتر ڤیان جاف بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیاندبوو، لیژنەی وردبینیی مووچە كە لەبەغداوە هاتوون، بەردەوام ڕاپۆرتەكانیان لەبارەی كارەكانیان بۆ بەغدا دەنێرن.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ لە کۆبوونەوەیەکدا، ئەمڕۆ لەگەڵ عەلی حەمەد بەگ، سەرۆکی دەستەکە بە وەکالەت و یازی خالد،  بەرێوەبەری گشتی دیوانی دەستەکە، ئەندامانی لیژنەی وردبینی وردەکارییەکانی کارەکانیان و داواکارییەکانیان لە دەزگای گشتی کاروباری مین خستەڕوو.

ئاماژەبەوەکراوە، لەلایەن سەرۆکی دەزگا بەوەکالەت و بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری کارگێڕی و دارایی دەزگا، زانیاری گشتی لەسەر دروستبوونی دەزگاو داتاو ئامارە گشتیەکان خرایە روو، "داتای پێویست خرایە بەردەستی ئەندامانی لیژنەکە و وەڵامی وردەکاری پرسیارەکانیانیان دایەوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنەکە بەشێوەیەکی گشتی، باس لەیاسای دەزگاو لیستی موچە پێش بایۆمەتری و دوای بایۆمەتری دەکەن، لەگەڵ لیستی میلاکات و  تۆماری ئامادەبووانی فەرمانبەران و پەیڕەوی ناوخۆی دەزگا. ھەروەھا سەرەتا لە دیوانی دەزگا وردبینی دەکەن دواتر سەردانی بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکانی دەزگاش دەکەن لە سنوری پارێزگاکان.

كارەكانی لیژنەی وردبینیی مووچە لەكاتێكدایە كە تا ئێستا ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە تەنیا لە چوارچێوەی قسە و بەڵێن ماوەتەوە و هیچ هەنگاوێكی كردەنی بۆ ئەوە نەنراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.