ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق نوێترین زانیاری لەبارەی یاسای راژە و خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشیی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگریی بڵاوكردەوە، جەختی كردەوە كە بەگوێرەی یاسا نوێیەكە خانەنشینبوونی كارمەندانی هەردوو وەزارەت بەشێوەی ئارەزوومەندانە بۆ 40 ساڵ كەمكراوەتەوە.
ئەحمەد كەریم ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند: لیژنەكەمان سوورە لەسەر تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای ڕاژە و خانەنشینی بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری لە نزیكترین كاتدا، بە شێوازێک کە مافی کارمەندان بەشێوەیەكی باشتر لە جاران دەستەبەر بکرێت.
ئەحمەد كەریم راشیگەیاند: ئەو زانیارییانەی باس لە زیادكردنی تەمەن بۆ 45 ساڵی و 15 ساڵ خزمەت بۆ خانەنشینبوونی ئارەزوومەندانه دەكەن، بە تەواوی ڕەت کراوەتەوە و دوورە لە ڕاستییەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی جەختیشی كردەوە: لیژنەكەمان سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مەرجی 45 ساڵی و گۆڕینی بۆ 40 ساڵ بۆ پێدانی مافی داواکاری خانەنشینبوونی ئارەزوومەندانە، بە هاوشانی بەردەوامبوون لەسەر مەرجی 15 ساڵ خزمەتی کرداری.
ئاماژەی بەوەش دا: لە یاساكەدا دەستکاری مووچەی بنەڕەتی و زیادکردنی دەرماڵەی خۆراکیش دەكرێت بۆ بەرزکردنەوەی بڕی دارایی مووچەی خانەنشینی.
جەختیشی کردەوە کە ئەم هەموارکردنانە بەشێوەی یەكسانی بەسەر کارمەندانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگریدا جێبەجێ دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.