Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 17:58

گرووپێکی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ره‌شه‌ له‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا ده‌کات

حسێنى: ئێمه‌ جدیین له‌سه‌ر ده‌ركردنى ئه‌مریكییه‌كان
کوردستان TV
#10
100%


میلیشیای حزبوڵڵای عێراق كه‌ یه‌كێكن‌ له‌ گرووپه‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: له‌ هه‌ر ساتێكدا ده‌ست به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكادا و هیچ پێویست به‌ بوونیان له‌ عێراق نییه‌ و ده‌بێت بڕۆن، جا چ راهێنه‌ربن یان راوێژكار ده‌بێت له‌ وڵات بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.

هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ئه‌و گرووپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا، دوای چه‌ند كاتژمێرێك بوو له‌ هه‌واڵی كشانه‌وه‌ی به‌شێكی ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق.

به‌ڵام جه‌عفه‌ر حوسه‌ینی، گوته‌بێژ به‌ناوی میلیشیای حزبوڵڵای عێراق ده‌ڵێت: مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق داگیركارییه‌ و له‌ هه‌ر ساتێكدا رووبه‌ڕووی ئه‌مریكییه‌كان ده‌بینه‌وه‌.

گوته‌بێژی ئه‌و گرووپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لێدوانی بۆ میدیاكانی عێراق داوه‌و گوتوویه‌تی: هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی عێراق پێكهاتووه‌و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ خۆیانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌وه‌ عێراق.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هیچ بڕیارێكی حكومه‌تی عێراق نییه‌ باسی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ وڵات بكات و ئه‌مریكییه‌كان حكومه‌تیشیان ئیحراج كردووه‌، چونكه‌ عێراقییه‌كان پێویستیان به‌ ئه‌مریكا نییه‌، جا به‌ناوی راهێنه‌ر یان راوێژكار یان هه‌ر ناوێكی دیكه‌وه‌ بێت. عێراق به‌بوونی ئه‌مریكییه‌كان سه‌قامگیر نابێت و ئه‌وانیش به‌هۆی داواكاری حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ نه‌هاتوون.

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: چه‌كی چه‌كداره‌كانمان ئێستا له‌ ته‌قه‌كردن راوه‌ستاوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌ر ساتێكدا دژی ئه‌مریكییه‌كان بكه‌ونه‌وه‌ ته‌قه‌كردن، ئه‌مجاره‌ هیچ نێوه‌ندگیرییه‌كیش به‌كه‌ڵكی ئه‌مریكییه‌كان نایه‌ت و وه‌كو جارانی پێشوو نییه‌.

حوسه‌ینی ده‌ڵێت: ئه‌مریكییه‌كان به‌ناوی داعشه‌وه‌ هاتنه‌وه‌ تا پاساو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دوای كشانه‌وه‌كه‌یان بدۆزنه‌وه‌، ئه‌و ئامێرانه‌ی په‌یوه‌ندیكردنیش كه‌ له‌ شاری تكریت كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستمان، لای هیچ كه‌سێك نییه‌ ته‌نها ئه‌مریكییه‌كان نه‌بێت.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 5/ 2/ 2018 سه‌عد حه‌دیسی، گوته‌بێژى نووسینگه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراق، ڕای گه‌یاند، كه‌ هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان ده‌ستیان به‌ كشانه‌وه‌ كرد، به‌ڵام به‌شێك له‌ هێزه‌كه‌ ده‌مێننه‌وه‌.

ڕێكخراوى به‌در، كه‌ گرووپێكى شیعه‌یه‌ و ئه‌ندامێكى وه‌زیره‌ له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى، ڕای گه‌یاند: "مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ وڵات، ده‌بێته‌ هۆى پشێویی.

به‌در كه‌ریم نوورى، گوته‌بێژى ڕێكخراوه‌كه‌، ڕای گه‌یاند: "ده‌بێت هه‌ماهه‌نگیی نێوان حكوومه‌تى عێراق و ئه‌مریكا له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ى ته‌واوى هێزه‌كان بێت، نه‌ك مانه‌وه‌ى به‌شێك، چونكه‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆى دابه‌شبوونى وڵات و ببێته‌ خاڵێكیش بۆ ڕاكێشانى تیرۆر".
 
هاوكات، كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا له‌ عێراق، كه‌ گرووپێكى شیعه‌ى توندڕه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ى هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان ده‌دات.

جه‌عفه‌ر حسێنى، گوته‌بێژى ڕێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌، گوتی: "ئێمه‌ جدیین له‌سه‌ر ده‌ركردنى ئه‌مریكییه‌كان به‌ هێزى چه‌ك، چونكه‌ ئه‌مریكییه‌كان جگه‌ له‌ زمانى چه‌ك، له‌ هیچ تێناگه‌ن".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.