توێژینەوەیەکی تازه دەریخستووه، کە خوویەکی سادە کە بە ئاسانی دەتوانرێت لە كاری ڕۆژانەدا كاری لهسهر بکرێت ئەویش هەڵبژاردنی سەرکەوتنی پلیکانەکانە لەبری بەکارهێنانی بەرزکەرەوە، كه سوودی گەورەی دهبێت بۆ تەندروستی دڵ و خوێنبهرهكان.
ئهمرۆ یهكشهممه 13ی ئهیلوول، ئاژانسی ههواڵی عێراقی له سهرچاوه جیهانییهكان بڵاویكردووهتهوه، توێژەران داتای 9 توێژینەوەیان شیکردووە کە نزیکەی نیو ملیۆن کەس دەگرێتەوە و دەرکەوتووه کە ئەو کەسانەی بەردەوام سەر دەکەونە سەر پلیکانەکان کەمتر تووشی مردن دەبن بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە ڕێژەی 39%.
هەروەها مەترسی مردنیان بە هەر هۆکارێک بە ڕێژەی 24% کەم بووەتەوە بەراورد بەو کەسانەی کە بە دەگمەن سەر دەکەونە سەر پلیکانەکان.
توێژەران ئاماژەیان بەوەداوە کە سەرکەوتنی نزیکەی 6 نهۆم ڕۆژانە، واتە نزیکەی 60 بۆ 70 پلە، ڕەنگە کەمتر لە 3 خولەک بخایەنێت و دەتوانێت بەشدار بێت لە زیادکردنی چالاکی جەستەیی و باشترکردنی تەندروستی دڵ و کۆئەندامی هەناسە.
شارەزایان جەختیشیان لەوەکردۆتەوە، کە ماوەکانی جوولەی کورت و دووبارە لە ماوەی ڕۆژدا دەتوانن سوودی تەندروستی زۆر دابین بکەن، بەڵام سەرکەوتنی پلیکانەکان لەوانەیە بۆ هەندێک کەس گونجاو نەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی کێشەی دڵ یان سی یان جومگە یان هاوسەنگیان هەیە، ئەمەش پێویستی بە ڕاوێژکردن بە پزیشک هەیە لە کاتی پێویستدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.