Erbil 7°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 19:31

نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان به‌رهه‌م عه‌لی"چیرۆکه‌کانی گه‌ڕه‌کی ئێمه‌"ی بڵاوکرده‌وه‌

چیرۆكه‌ ته‌نزه‌كانی ناو ئه‌م كتێبه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مه‌ڕه‌نگن
barham hale
کوردستان TV
100%

به‌ ئاماده‌بوونی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌وانان به‌رهه‌م عه‌لی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس نوێترین به‌رهه‌می كتێبی خۆی به‌ناوی "چیرۆكه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئێمه‌" له‌ ڕێوره‌سمێكدا بڵاو كرده‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تای ڕێوڕه‌سمی ناساندنی كتێبه‌كه‌دا، نووری بێخاڵی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان باسێكی كورتی له‌باره‌ی چه‌ند خاڵێكی به‌رچاوی كتێبه‌كه‌ خسته‌ڕوو و گوتی "یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ر نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسێك هه‌ست و درك كردنیه‌تی به‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژیت، واته‌ به‌ وردی بچێته‌ بنج و بناوانی پرس و دیاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و كولتوورییه‌كانی ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆیه‌وه‌ و بیانكاته‌ هه‌وێنی نووسین و هه‌ڵوێسته‌كانی".

بێخاڵی له‌باره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كتێبه‌كه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "چیرۆكه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئێمه‌ كه‌ 65 ساتیره‌ چیرۆكی ته‌نزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌خۆ گرتووه‌، ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و كایه‌كانی ژیانی ئێمه‌ و به‌تایبه‌ت ئه‌و ئه‌زموونه‌یه‌ كه‌ نووسه‌ر پێیاندا تێپه‌ڕیوه‌. گرنگترین خاڵی ئه‌و كتێبه‌ جه‌وهه‌ری گێڕانه‌وه‌ و خولقاندنی كه‌سایه‌تی و كاره‌كته‌ره‌ و پاشان زمانپاراوی و زاڵبوونی زمانی ته‌نز و ته‌وس و پلاره‌، كه‌ وایان كردووه‌ زیاتر به‌رچاو بكه‌وێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد "خاڵێكی دیكه‌ی چیرۆكه‌ ته‌نزه‌كانی ناو ئه‌م كتێبه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مه‌ڕه‌نگن و كه‌سایه‌تییه‌كان له‌ هه‌موو ئاست و پێگه‌ی جیاوازی تێدایه‌ و په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر باری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و كولتووریی كۆمه‌ڵگه‌ و هاوكات له‌م ساتێره‌ چیرۆكه‌ ته‌نزانه‌دا ژن ده‌ورێكی به‌رچاو ده‌گێرێت".

به‌رهه‌م عه‌لی له‌باره‌ی كتێبه‌ نوێیه‌كه‌یه‌وه‌ گوتی: ئه‌م ساتیره‌ چیرۆكه‌ ته‌نز و كۆمیدیانه‌ كه‌ 65 چیرۆكن و پێشتر له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و میدیاكانه‌وه‌ هه‌ندێكیانم بڵاو كردوونه‌ته‌وه‌، سێ جۆر نووسینیان له‌خۆ گرتووه‌، یه‌كه‌میان ده‌چێته‌ خانه‌ی بیره‌وه‌ریی خۆمه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت نه‌ك بیره‌وه‌رییه‌كی وشك كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ سه‌ربورده‌كانی خۆم، به‌ڵكو دامڕشتووه‌ته‌وه‌ و كاره‌كته‌ر و كه‌سایه‌تی و په‌یامیان تێدایه‌. هه‌ندێكی دیكه‌شیان زاده‌ی خه‌یاڵ و فانتازیان كه‌ زۆرێكیان هه‌ڵگری هه‌ڵوێستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تین و ده‌ستبردن و ڕه‌خنه‌گرتنن له‌و دیارده‌ ناشیرین و دزیوانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌.

 

 

نووسه‌ر له‌ به‌شێكی دیكه‌شدا گوتی: سێ شوێن وه‌ك ژینگه‌ و جوگرافیا له‌ناو ئه‌م نووسینانه‌ی مندا زه‌ق و به‌رچاون و هه‌وێنی خوڵقاندنی ئه‌و چیرۆكانه‌ن، یه‌كه‌میان گه‌ڕه‌كی سه‌رچناری سلێمانی، كه‌ شوێنی له‌دایكبوونی منه‌ و به‌شێكی زۆر له‌ بیره‌وه‌ری و سه‌ربورده‌ی كاتی مناڵی و گه‌نجی و پێگه‌یشتنی من پێكدێنن، ناو بازاری سه‌وزه‌فرۆشی و هه‌ڵسوكه‌وت و كار و ژیان له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌ خاراوكردنی خه‌یاڵی نووسینی مندا ده‌وریان هه‌یه‌ و زۆرێك له‌ كه‌سه‌كان دواتر بوونه‌ته‌ كاره‌كته‌ر و كه‌سایه‌تیی به‌شێك له‌ چیرۆكه‌كان.

 

 

هه‌روه‌ها گوتی : به‌غدا، كه‌ چه‌ند ساڵێك تێیدا خوێندكار بووم، وه‌ك شوێن له‌لام گرنگه‌ و له‌ خه‌یاڵ و نووسینمدا ده‌وری هه‌یه‌، هاوكات گوندی "زێوێ" له‌ بناری پێره‌مه‌گرۆن كه‌ باوكم به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی ئه‌وێیه‌ و به‌ هاوینان له‌گه‌ڵ باوكم تێیدا ژیاوم، منیان فێری زمان و كولتووری لادێ كردووه‌ و ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ چیرۆك و به‌سه‌رهات و حیكایه‌ته‌كانی دایكیشكم به‌شێكن له‌ خه‌یاڵی من و ئه‌مانه‌ هه‌موویان پێكه‌وه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر من هه‌بووه‌ و له‌م كتێبه‌دا و له‌ زۆرێك له‌ نووسینه‌كانمدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه‌.  

 

به‌شێكی دیكه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ ته‌رخان كرابوو بۆ ڕا و سه‌رنجی نووسه‌ر و ئه‌دیب و ڕۆژنامه‌نووسان كه‌ له‌سه‌ر نووسین و زمانی ته‌نزی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان به‌رهه‌م عه‌لی قسه‌یان كرد، له‌وانه‌ش ئیسماعیل به‌رزنجی، عه‌بدوره‌حمان پاشا، مومتاز حه‌یده‌ری، مه‌سعود په‌رێشان، د. فازڵ جاف، ئاراس كۆیی، مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، زیره‌ك كه‌مال و عه‌بدولستار مه‌جید.

بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ بڕینی كێكێك بوو كه‌ له‌لایه‌ن ناز عه‌بدوڵا هاوسه‌ری "به‌رهه‌م عه‌لی"یه‌وه‌ له‌ شێوه‌ی كتێب به‌م بۆنه‌وه‌ ئاماده‌ كرابوو و له‌لایه‌ن به‌رهه‌م عه‌لی و مومتاز حه‌یده‌رییه‌وه‌ بڕدرا.

له‌ كۆتایی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، كتێبه‌كه‌ به‌ واژۆی نووسه‌ر وه‌ك دیاری به‌سه‌ر ئاماده‌بوواندا دابه‌ش كرا.

به‌رهه‌م عه‌لی، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان، له‌ 1971/8/20 له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌رچناری  شاری سلێمانی له‌دایك بووه‌ و هه‌ر له‌وێش قۆناغه‌كانی خوێندنی (سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و ئاماده‌یی) ته‌واو كردووه‌.

- ساڵی 1992 بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌ (زانكۆكانی مه‌سته‌نسرییه‌ و زانكۆ سه‌ڵاحه‌دین) له‌ بواری ئابووریدا وه‌رگرتووه‌.

- له‌ ساڵی 1994ه‌وه‌ هه‌تا ئێستا كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 23 ساڵه‌ له‌ وباری نووسین و كاری میدیایی و ڕۆژنامه‌گه‌ریدا چالاكه‌، له‌ زیاتر له‌ 15 ده‌زگایی میدیایی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك رادیۆ، ته‌له‌فزیۆن، ڕۆژنامه‌، هه‌فته‌نامه‌، گۆڤار و دۆسیه‌ی تایبه‌ت وه‌ك په‌یامنێر، به‌رپرسی لاپه‌ڕه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین، جێگری سه‌رنووسه‌ر، سه‌رنووسه‌ر و.. كاری كردووه‌ و له‌ هه‌ركه‌مه‌یاندا به‌ ده‌یان بابه‌ت و نووسین و ڕێپۆرتاژ و دیمانه‌ی جۆراوجۆری فه‌رهه‌نگی، ئه‌ده‌بی، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نز و كاریكاتێری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

- له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2010شه‌وه‌ هه‌تا ئێستا له‌ ده‌زگایی میدیایی (باس) كار ده‌كات و ئیستا سه‌رنووسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ه‌.

- ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری سه‌ندیكای ئابووریناسانی كوردستانه‌.

- ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.