ئەمڕۆ یەکشەممە جوان محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاڤرین، له عەفرین، رایگەیاند، تەرمی ٣٧ ھاوڵاتی مەدەنی و ٦٠ ھاوڵاتی بریندار، لەسەرەتای ھێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کانتۆنەکە گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکەیان.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاڤرین، رایگەیاند" ژمارەی ھاوڵاتیانی مەدەنی، کە لە ئەنجامی بۆردومانی سوپای تورکیا، گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٣٧ کەس و ٦٠ کەسیش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لەنێوان برینداراندا ١٣منداڵ و ١١ ژن و ٣٦ پیاو ھەن و زۆرینەیان ئاوارەن، کە لە شارە جیاجیاکانی سوریاوە ھاتوونە عەفرین.
جوان محەمەد، ھەروەھا راشیگەیاندووە، نەخۆشخانەکەیان ئەو بریندارانەی کە برینیان سەختە چارەسەریان بۆ دەکات و لە توانای نەخۆشخانەکەیان نییە، کە ئەو ژمارە بریندارانە ھەڵبگرێت.
هەروەها سوپای تورکیاش رایگەیاندووە، لە سەرەتای دەست پێ کردنی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتون)ەوە تا رۆژی شەممە 27/1/2018،، 5 سەرباز کوژراون و 41 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها هەر لە هەمان ماوەدا، 15 چەکداری سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کوژراون و 28ـی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.