سەرۆك بارزانی بە هێرشەكانی سەر شاری عەفرین کە لە لایەن هێزەکانی سوپای تورکیاوە بەرپا کراوە، نیگەرانە و لە پەیامێکدا داوا دەکات، بە زووترین كات ئەو پەلامارانە ڕاوەستن و گیانی هاووڵاتیان پارێزراو بێت و چیتر لەوە زیاتر تەشەنە نەكات، تا كارەسات و دەرئەنجامی خەراپی لێ نەكەوێتەوە.
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە هێرش و بۆردمانەكانی سوپای توركیا و چەند لایەنێكی تر بۆ سەر شاری عەفرین و گیان لەدەستدان و قوربانیبوونی خەڵكی سڤیلی ئەو شارە زۆر نیگەرانین.
هیوادارین بە زووترین كات ئەو پەلامارانە ڕاوەستن و گیانی هاووڵاتیان پارێزراو بێت و چیتر لەوە زیاتر تەشەنە نەكات و كارەسات و دەرئەنجامی خەراپی لێ نەكەوێتەوە، بەپێی هەموو ئەزموونەكانی ناوچەكە، بە شەڕ و توندوتیژی قەیران و كێشەكان قووڵتر و فراوانتر دەبن، باشترین ڕێگە ئەوەیە بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەری قەیران و كێشەكانی ناوچەكە بكرێت.
مەسعوود بارزانی
22ـی 1ـی 2018
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.