وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (17ی ئابی 2026) کرایە سەر شارۆچکەی پیرمام. وەزارەت جەختی کردەوە کە ئەم دەستدرێژییە، پێشێلکارییەکی ڕاشکاوی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و ئامانج لێی لێدانە لە پێگە دەستووری و یاساییەکانی هەرێم.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەت، هێرشەکە لە سنوورەکانی وڵاتی ئێرانەوە ئەنجام دراوە و نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە پیرمام کردووەتە ئامانج. وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری دا کە ئەم جۆرە کردەوانە مەترسیی جیدی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دروست دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک فاکتەری چارەسەر و دیالۆگ ماوەتەوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک ڕێز لە ئارامیی ناوچەکە بگرن. وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد، کە هەڵوێستێکی جیدی و کردەیی وەربگرێت بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان، تاوەکو سەروەریی نیشتمانی پارێزراو بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.