سندووقی گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق ڕایگەیاند، توانیویانە بڕی 13 ملیۆن دۆلار لەو پارانەی عێراق کە لە بانکەکانی فەڕەنسا بلۆک کرابوون، بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
بەپێی بەیاننامەیەکی سندووقەکە، گەڕاندنەوەی ئەم بڕە پارەیە بە بڕیاری دادگا و لە ئەنجامی بەدواداچوون و هەوڵە بەردەوامەکانی سندووقەکە بووە، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان.
محەمەد عەلی اللامی سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی سندووقەکە ڕایگەیاند، پارە گەڕێنراوەکە دوای تەواوبوونی ڕێکارە پێویستەکان و هەماهەنگی لەگەڵ بانکی عەرەبی سویسری (Arab Swiss Bank)، خراوەتە سەر هەژمارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق.
سندووقەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم دەستکەوتە ئەنجامی ئەو دیدار و بەدواداچوونانەیە کە سەرۆکی سندووقەکە (کە هاوکات سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵییە) لە پەراوێزی سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ فەڕەنسا ئەنجامی داون. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە حکوومییەکانە بۆ پاراستنی سامانی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی مافە داراییەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات.
سندووقی گەڕاندنەوەی پارەکان جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و هەماهەنگی بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو پارە و سەروەت و سامانانەی عێراق کە لە دەرەوەی وڵاتن، تاوەکو دەیخەنەوە سەر خەزێنەی گشتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.